جاران کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕان تا میرزایەکی خوێندەواریان دەدیتەوە و نامە هاتووەکەی کوڕە سەربازەکەیانیان بۆ بخوێنیتەوە، لە گەڕەکێکدا خوێندەوارەکان بە پەنجەی دەست دەژمێردران، هەربۆیە قەدریان زۆر بوو لای خەڵکەکە و لە دیوەخانێکدا مەجلیسی تایبەتی خویندەواران دەبەسترا بۆ گوێگرتن لە ناوداریکی خویندەوار.
ئەگەر نووسەر بوویتایە ئەوا هەر زۆر لەسەرەوە بوویت، ئەگەرچی کەمیی بڵاوکراوەکان هۆکار بوون، بەڵام نووسینی هەموو کەس بڵاو نەدەکرایەوە، ئەگەر بابەتەکە زۆر پوخت نەبوایە. ئەگەر کەسێک بابەتێکی لە گۆڤارێک یان رۆژنامەیەکدا بڵاوبکرایەوە، ئەوا خۆی بە شا نەدەگۆڕییەوە.
ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو بڵاوکراوانەی کە پابەندی پڕەنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی نین، خەڵکێکی زۆری کردووە بە نووسەر، یوتوب و فەیسبوکیش لایک و کۆمێنتی لای خەڵک کردۆتە سەنگی مەحەک بۆ هەڵسەنگاندنی تواناکان، دەڵێن فڵان گرتە ڤیدیویی یان گۆرانیبێژ ئەوەندە لایکی بۆ چووە و بینەری هەبووە.
وتارێک بڵاودەکەیتەوە کەسەکان لە رێگەی لایک و کۆمێنتەوە بۆی دەڕوانن، ئەگەر لایک و کۆمێنتەکانی زۆر بێت، پێیان وایە وتارەکە بە پێزە و لەراستیشدا زۆربەی جار وانییە.
وتاری نووسەرێکی ژنم بینی لە فەیسبووک، درێژ بوو، زیاتر لە 1400 وشە بوو، لەدوای دانانی تەنها بە 15 دەقیقە 88 کۆمێنتی دەستخۆشی و 185 لایکی بۆ چوو بوو. کێ دەتوانێت وتارێکی ئاوا لەو ماوە کەمەدا بخوێنێتەوە و بەبێ هیچ سەرنجێک و پێزیادکردنێک یان پێشنیازێک تەنها دەست خۆشی بنووسێت و بە تەئکید لەو ماوەکەمەدا هیچیشی لێ حاڵی نەبووبێت؟
دەکرێت ئەو خانمە نووسەرە پێی وابێت وتارەکەی زۆر بەپێزە بۆیە هێندەی لایک بۆ هاتووە؟
زۆر جار بەسەر خۆمدا هاتووە کاتێک وتارەکەم دادەبەزێنم، دەزانم لانیکەم 10 خولەکی دەوێت کەسێک بیخوێنێتەوە، بەڵام لە خولەکی یەکەمدا دەستخۆشییەکم بۆ هاتووە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە کەسەکە نایخوێنێتەوە، بەڵام لەبەر هاوڕێیەتییەکە نووسیوێتی.
لەمانە بەدەر، ناوەڕۆکی وتارەکە لە مانشێتەکەیەوە ئەگەر لە دژی حکومڕانی و تەشهیر و بوختان بێت، ئەوا لایکەکان دادەبارێن، بەڵام بابەتێکی بەسوود بێت، زۆر بەلایدا ناڕۆن. تەنانەت شاعیر و رۆمان نووسەکانیش ئەگەر جنێو فرۆش بن، ئەوا رەواجیان زۆرترە.
ئەوەی جێی داخە ئەوەیە کە زۆرێک لە بەرپرسەکانی ناو حزب و کادرەکانی بەشە جیاجیاکانیش هاندەری میدیاکانی خۆیان نین و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناتوانن تەنها چەند خولەکێکی خۆیان تەرخان بکەن بۆ لایک و کۆمێنتی دروستی وتارەکانی نووسەرەکانی سەربە کەناڵە میدیاییەکانی حزبەکە.
بە کەمی دەیبینیت کادر و بەرپرسە حزبییەکان لایک بۆ وتارێکت بکەن یان کۆمێنتێک بنووسن، لەگەڵ ئەوەی کە لە بڵاوکراوەکانی سایتی رەسمیی حزبەکەشدا دادەبەزێت. بەپێچەوانەشەوە ئەوان وا چاوەڕوان دەکەن ئەگەر بشکۆکن تۆ چوار دڵ و گوڵیان بۆ بنێریت.
ئەمڕۆ لایک و کۆمێنت نیشاندەری بینینی بابەتەکەن، وتارێک لەسەر کەسایەتییەکی سیاسیی دەنووسیت، ئەگەر رەسمی کەسەکەی تێدا نەبێت، کەسیان لایکی ناکەن، ئەمەش لەبەرئەوەی کە خۆی لە کەسی تر بە کەمتر نازانێت و وتارەکە ناخوێننەوە، بەڵام کە رەسمی رابەریان بینی، لایکێکی بۆ دەکەن.
ئەگەر قەرار بێت، لای خەڵک وا سەیر بکرێت کە هەر سایتێک یان وتارێک لە ئەکاونتێکی فەیسبووکدا لایک و کۆمێنتی زۆری هەبوو، ئەوا نیشانەی زۆریی خوێنەرەکانییەتی، کەوابێ مادام پێوەرەکە بەو جۆرەیە، با هەموو ئەندامانی حزبەکە، لایک و کۆمێنت بۆ نووسەرەکانی خۆیان و سایتەکانی خۆیان بکەن تا لای رکابەرەکانیان سەنگینیان بکەن.