هەناسە

زمانگیران و دەنگخۆشبوون (ئۆم – OM)

11:00 - 2024-05-08
مەحمود شێرزاد
152 خوێندراوەتەوە

راهێنانی "مانترا" دەتوانێ زەریای شڵەقاوی زەین ئارام بکاتەوە، دڵ لە چڵک و چەپەری جۆراوجۆری دەرەکی و ناوەکی خاوێن بکاتەوە، بەو شەپۆلەی لە خوێنبەر و نادییەکان (جوگەلەکانی وزە)دا دروستی دەکا، جەستە لە هەندێ لە نەخۆشییەکان رزگار دەکا، کاتەکانی خەو و خواردن رێک دەکاتەوە، هەستی کەسەکە خۆش دەبێ و هەستە ناخۆشەکانی دەسڕێتەوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چارەسەریی کێشەکانی قورگ هەیە، زمانگیران و دەنگنووساوی ناهێڵێ و لەهەمان کاتیشدا دەنگ خۆش دەکا.
وشەی "مانترا" وشەیەکی سانسکریتییە و لە دوو وشە پێکهاتووە، لە "مان" و "ترا". وشەی "مان" بە مانای (زەین، بیر، خەیاڵ) دێ و وشەی "ترا" بە مانای کەرەستە، ئازادبوون) دێ، هەردوو وشەکە بە یەکەوە یانی ئازادبوون لە زەین، واتە ئازادبوون لە بیرکردنەوەکان، لە خەیاڵات و ترس و نیگەرانییەکان و...هتد، لە هەمان کاتدا بە (کەرەستەیەک بۆ زەین)یش مانا دەکرێتەوە، یانی مانترا راهێنانێکە یان کەرەستەیەکە دەتوانین بە مەبەستی ئارامبوونەوەی زەین و کۆکردنەوەی هۆش و بەهێزکردنی وردبوونەوەی زەینی بەکاری بێنین.
سەرجەم "گورو"ە گەورەکان دەڵێن مرۆڤ تەنیا بە مانترا دەتوانێ لە نەزانییەوە بە زانایی بگا، یانی بە تەنیا توانای رووناککردنەوەی مرۆڤەکانی هەیە، بەڵام بە مەرجێک کەسەکە بە دڵ و بە گیان هەموو رۆژێ بیڵێ.

 

 

مرۆڤ تەنیا بە مانترا دەتوانێ لە نەزانییەوە بە زانایی بگا

 

گوتنی مانترا چوار ئاستی هەیە، یەکەم: بە دەنگ، دووەم: بە زەین، سێیەم: بە دڵ، چوارەم: بە ناوک. کەسەکە سەرەتا دەبێ بە دەنگ بیڵێ، پاشان خۆی دەڕوا بۆ ئاستەکانی دیکە. ئەگەر کەسێک بە مەبەستی سوودە جەستەییەکانی وەک چارەسەریی زمانگیران و دەنگخۆشی بەکاری بێنێ دەبێ بە دەنگ بیڵێتەوە.
لە (جاپا یۆگا)دا، واتە لە یۆگای دووپاتەکردنەوەی مانترادا ئاماژە بە دەیان جۆری مانترا کراوە، ئەو مانترایانە هەر یەکە و بۆ مەبەستێک بەکاردەهێنرێن. یەکێک لەو مانترایانەی کاریگەریی زۆر لەسەر دەنگ و کێشەکانی دەنگ هەیە مانترای (ئۆم – om)ە، ئەو مانترایە دایکە، یانی سەرچاوەی هەموو دەنگەکانە، گوێ لە هەر شتێک بگرین و لە هەر دەنگێک ورد بینەوە دەنگی "ئۆم"ی تێدایە. "ئۆم" تەنیا دەنگە، واتە شەپۆلێکی گەردوونییە و مرۆڤ بیستوویەتی، تەنانەت "ناسا"ش تۆماری کردووە و لە یوتوب هەیە، یانی وشەیەکی دروستکراوی زەینی مرۆڤ نییە، یانی هەڵگری مانایەکی کەلتوریی نییە، لەبەر ئەوە هەموو کەس دەتوانێ بەکاری بێنێ، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی ئایینی هیندۆسی کردوویەتی بە هێمای خۆی، خەڵکێکی زۆر لە دنیا، بە تایبەت ئەوانەی هەڵگری بیروباوەڕی ئایینین، وەدەزانن "ئۆم" هیندۆسییە و لێی دەپرینگێنەوە، دیارە ئەو کێشەیەمان لەگەڵ هەندێ هێمای تریش هەیە، بۆ نموونە هێمای "ئەستێرەی شەش پەڕ"ی چاکرای دڵ و هێمای "مانگ و ئەستێرە"ی چاکرای چاوی سێیەم و...هتد، کە لە لایەن ئاینی یەهودی و ئیسلامەوە بەکار دەهێنرێن و ئەو کەسانەی باوەڕیان بەو ئایینانە نییە، لەو هێمایانە سڵ دەکەنەوە.
ئەگەر کەسێک دەیەوێ ئەو مانترایە بەکار بێنێ، سەرەتا لە ئەنتەرنێتدا بۆی بگەڕێ و لەبارەیەوە بخوێنێتەوە، پاشان شێوازی گوتنەکەی گوێ لێبگرێ، دواتر هەموو زانیارییەک لەبارەی کاتی گوتن و ماوەی گوتنی مانتراکە بە دروستی بەدەست بێنێ و پاشان دەست بکا بە پرۆڤە. بەداخەوە لەم ستوونەدا ناکرێ باسی وردەکارییەکانی بکەین، لەبەر ئەوە دەبێ خۆتان هەوڵبدەن زانیاریی لەبارەیەوە بەدەست بێنن.  

وتارەکانی نوسەر