بۆچی دەبێت لەگەڵ دوژمنیشدا بچینە دیالۆگەوە؟

05:11 - 2024-05-11
ئەرسەلان مەحمود
160 خوێندراوەتەوە

ئەرسەلان مەحمود
ئەگەر ویستت ئەوی بەرامبەر بهێنیتە سەر ئەو رێچکە و رێبازە بە بنەمایەی خۆت، یان ئەگەر ویستت ئەویتر بهێنیتە سەر هەست و ئەو باوەڕە رۆشنەی وەک تۆ دیمەنەکە بە وردی ببینیت، ئەوە پێویستت بەجۆرە زمان و جووڵەیەکی دیبلۆماسی جدی هەیە.
هەروەک چۆن کاتێک دەتەوێت کێشە نەتەوەیی یان نیشتمانی یان ئیدارییە سەختەکانی وڵاتەکەت چارەسەر بکەیت، ئەوا نەک هەر یار و نەیار و دۆست، هەندێ جار پێویست دەکات قسە لەگەڵ دوژمنەکانیشدا بکەیت، عاقڵمەندە کۆن و نوێ و مێژوونوسەکان بەمە دەڵێن دیبلۆماسییەت.
دیبلۆماسییەت زۆر لەوە پڕ بەهاترە هەر بەتەنها قسەکردن بێت لەگەڵ هاوڕێ و هەڤاڵ و یار و نەیار و دۆستەکانت، دیبلۆماسییەت قسەکردنە لەگەڵ ئەوانەی هاوڕێ و هاوڕات نین، دیالۆگە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی هیچ باوەڕت پێیان نییە و حەز بەچارەیان ناکەیت، بەڵی ئاریچەی کردنەوەی هەموو دەرگە داخراوەکان دیبلۆماسییەتە، هەموو چەکێک دەشێت کاریگەر بێت، بەڵام دیبلۆماسییەت کاریگەرترینیانە.
لەم جیهانە ئاڵۆز و پڕ هەڕەشە و مەترسیدارەی ئەمڕۆماندا، ئاسایش و سەقامگیری تاکێتی، خێزان، وڵات و کۆی خەڵک، لەگەڵیدا هێزی سەرکردایەتی راستەقینە دەبێ پشت بە هەموو رەگەز و ئامراز و توخمە رەواکانی خەبات و تێکۆشان ببەستێت، بەڵام لە بیرت بێ دیبلۆماسییەتێکی بەهێز و بە پرەنسیپ بە نەخشترینیانە.
ئەوەی بیەوێ لە رۆژگاری ئەمڕۆدا هێزی هەبێت، وەک سەرۆک بافڵ، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، دەبێ باوەڕی بە دیالۆگ و دیبلۆماسییەتی بێ چەند و چۆن لەپێناوی میللەتەکەی خۆیدا لەگەڵ دوژمنیش هەبێت.
بنەمای بنەڕەتی بەخشین و وەرگرتن، بنەمای بنەڕەتی دیبلۆماسییەتە، لە جەنگدا هەموان دۆڕاون، بەڵام لە دیبلۆماسیەتدا براوە هەموانن، بێگومان ئەو جۆرە دیبلۆماسییەتەی ئیزافە دەخاتە سەر هەبوون، نەک ئەوەی هەبوونیش بەخشیویەتی لەناویبەرێت.
با هەرگیز لە تەنگژە و تەنگەتاوی و ترسەوە نەچینە گفتوگۆ و دیالۆگەوە، با هیچ کاتێکیش لە گفتوگۆ نەترسین، ویستی باش چارەسەری زۆر باش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وەرن بەیەکەوە لەپێناوی خاك و خەڵکدا رێڕەوەکە راستبکەینەوە.

وتارەکانی نوسەر