هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسییە بۆ رێكخستنەوەی دامەزراوە رەسمییەكانی وڵات. لە دونیای مۆدێرنە و دیموكراسیدا بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و مومارەسەكردنی، پێویستی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن هەیە بۆ ئەوەی خەڵك و كۆمەڵگە مافی ئەوەیان هەبێت دەنگی خۆیان بدەن و کەسێک یان لایەنێك دیاریبكەن.
ئێستا هەرێمی كوردستان لەژێر گوشاری نەیارانیدایە، دامەزراوەكانی لە رووی یاساییەوە شەرعیەتیان لە دەستداوە
چوونە سەر دەسەڵات و وەرگرتنی پلە و پایە باشترە بۆ ئێستای دونیابینی و كرانەوە و پاراستنی شارستانیی گەل پەسەندبێت، بەتابیەتی بۆ هەرێم.
ئێستا هەرێمی كوردستان لەژێر گوشاری نەیارانیدایە، دامەزراوەكانی لە رووی یاساییەوە شەرعیەتیان لە دەستداوە و هیچ هێزێكی یاساییان نەماوە، لەگەڵ ئەوەش بێ مووچەیی و بێ بەرنامەیی حكومەت و ئەم كابینەیە هێز و هەژموونی خۆی لە دەستداوە و لە ئاستی ئیقلیمییش بەهایەكی دامەزراوەیی پێوە دیار نییە و متمانەی نەماوە.
بە دواخستنی هەڵبژاردن یان نەکردنی، هەرێم توانا یاساییەكانی خۆی لە دەست دەدات و دەكەوێتە بەر نەشتەرگەریی دادگای فیدراڵییەوە و ئەوەش ئێستا هەیە و هاتۆتە دی لە دەست دەچێت كە چەند دەیە یەكە لەو پێناوە خەبات و تێكۆشانی بۆ دەكرێت.
پ.د.ک ئەم كێشە و ترسانەی لە بەرچاو نییە و تەنها بۆ دەستكەوتە تایبەتەكانی هەوڵ دەدات، لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو وای بۆخۆی دیزاین كردبوو، كە پێشوەختە سادەترین ئەندامیان دەیانزانی چەند كورسی پەرلەمان بە دەست دەهێنن، بۆ پڕۆسەی دیموكراسی هەڵبژاردن ئەوەیە كە پێشوەختە زانیوتە حاڵت چۆنە؟ ئەگەر ئەم ماستە موویەكی تیا نەبێت، لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا هەرکەس دەتوانێت نوێنەری خۆی دیاریبکات، بەڵام لای پ.د.ک مردووەكانیش بێبەش نەكران لە هەڵبژاردن و دەنگەكانیشیان بۆ خۆیان بوو.
ئەوەی لەم هەڵبژاردنە و ئەم جارە ئەوان خەمیانە، جیاواز لە هەڵبژارنەكانی ترە و شەفافانە رووی راستی هەموو هێزە سیاسییەكان دەردەخات.
هێز و خزمەتەكانی حزبە كوردستانییەكان پیشان دەدات، چیدی ئەوان وەك جاری جاران دەستیان لە دیزاینكردنەكەدا نییە تا بۆ خۆیان دایتاشن، بەڵكو گەل دیزاینەری ئەم جارەی هەڵبژاردنی كوردستانە، بۆیە هەموو هەوڵێكی بۆ لە باربردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنە و باكیشی نییە چی بەسەر قەوارەی هەرێمدا دێت لە رووە یاساییەكەیەوە، گرنگ خۆیەتی و چش لە هەرێم و گەل و نیشتمان و قورباندیدانی چەند ساڵە و ئەوەش کە بە دەستهاتووە.
هەموو شینێكی پ.د.ک بۆ هەریسەكەیە نەك بۆنەکە، بۆ پێگە و دەسكەوتی خۆیەتی نەك مانەوەی هەرێم و دامەزراوەكانی، ئەگەر نا هەڵبژاردن پێویستە و باشترین بژاردەیە بۆ هەرێم، پاراستنیەتی لە رووە یاساییەكەیەوە لە نەیاران و ناحەزانی گەل و نیشتمان، ئەوەش کە ئەوان هەوڵی بۆ دەدەن بۆ رێگرییکردنە لەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە پارتی نەباتەوە چوارچێوە ئەسڵەکەی جارانی خۆی.