باکگراوند

شانازیی بە پەکخستنی دیموکراسییەوە

10:18 - 2024-05-12
جەمال ئارێز
282 خوێندراوەتەوە

(44)

پێم سەیر نییە کە بەشێک لە سەرکردە و  کادرە پێشکەوتووەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان شانازیی بەوەوە دەکەن کە هەوڵی سەرکردە باڵاکانیان خەریکە سەردەگرێت سەبارەت بە دواخستنی وادەی هەڵبژاردن، چونکە ئەم هەڵوێست و تێڕوانینە لای ئەو حزبە باکگراوند و پێشینەی هەیە و زادەی هەڵوێستێکی هەنووکەیی نییە.
یەکەم هەڵبژاردنی کوردستان لە ساڵی 1992 نموونەیەکی زیندووە کە دەبوو لە رۆژی 17ی ئایار بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تێکدانی پێکهاتەی مەرەکەبی رەنگکردنی پەنجەی دەنگدەرانەوە کە لە ئەڵمانیاوە نوێنەری ئەو حزبە رەوانەی کردبوو، لەلایەن سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکەوە مەرەکەبەکە رەتکرایەوە و بەو هۆیەوە دوو رۆژ هەڵبژاردن دواخرا و لە 19ی ئایار بەڕێوەچوو.

پێم سەیر نییە کە بەشێک لە سەرکردە و  کادرە پێشکەوتووەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان شانازیی بەوەوە دەکەن کە هەوڵی سەرکردە باڵاکانیان خەریکە سەردەگرێت سەبارەت بە دواخستنی وادەی هەڵبژاردن

جگە لەوە لە دابەشکردنی سندوق و بنکەکانی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکانیشدا، کەوتە پەڵپ و بیانووگرتن لەوەی شارێکی گەورەی وەکو هەولێر و سلێمانی هەر هێندەی دهۆک بنکە و وێستگە و سندوقی تێدا دابنرێت کە بەو هۆیەوە دەیان هەزار کەس لە سلێمانی و هەولێر فریای دەنگدان نەکەوتن!
لە جیاکردنەوەی دەنگەکانیشدا هەر ئەوکات پێداگریی کرد کە نابێت ناوە دووبارە و مردووەکانی دهۆک کانسڵ بکرێتەوە، ئەگەرنا ئیمزای کۆنووسی ئەنجامەکان ناکات!
 ئەوکات هەموو لایەنە بەشدارەکان رازیبوون بەو مەرجەی پاش شەش مانگ هەڵبژاردن بکرێت و یاسایەکی نوێ لە پەرلەمان دابڕێژرێت کە رێژەی بەدەستهێنانی کورسی لە 7 %_ ەوە بکرێتە 3 % بەڵام ئەوەشی بە پاساوی ئامادە نەکردنی یاساوە لە پەرلەمان پەکخست، هۆکارە سەرەکییەکەش ئەوەبوو ئەو پڕۆژە یاسایانەی دەخرانە ئەجێنداوە، دەبوو وەک ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان (سەرۆک، جێگر و سکرتێر) ی پەرلەمان بە زۆرینە و کەمینە تێیپەڕێنن، هەمیشەش دوو ئەندامی سەرۆکایەتی سەربە پ.د.ک بوون، بۆیە تا خولی یەکەم تێپەڕی (مماگلە)یان کرد، خولی درێژکراوەش کەوتە ناو شەڕی ناوخۆوە  بەوەش بە یەکجاریی پەکی یەکەم ئەزموونی دیموکراسی لەسەر دەستی ئەو حزبە خرا.
لە خولەکانی دواتریشدا رێگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان بۆ چوونە ناو هەولێر و داخستنی دەرگای پەرلەمان، شایەتی هەمان روئیای ئەو حزبەن بۆ هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی.
بۆیە ئاستەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی ئایندەش لە هەمان دیدگاوە سەرچاوەیان گرتووە، کەواتە ئەوە شانازییە بە روئیاکەوە نەک بە رووداوێکی هەنووکەییەوە.

وتارەکانی نوسەر