سیاسیی بازرگان و چاوچنۆک

09:47 - 2024-05-16
ئەرسەلان مەحمود
186 خوێندراوەتەوە

ئەوەی لیڤڵی بازاڕگەرایی وشکە سیاسی و بازرگانە چاوچنۆکەکان بەرز دەکاتەوە، تێکدانی دۆخ یان خوڵقاندنی قەیرانە لەناو قەیراندا، هەموو ئەو یارییەی بە چارەنووسی سیاسی و جڤاکی خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەیەوە کراوە و دەکرێت، کە هەوڵی پەکخستن و دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە10-6-2024 وەک دوا وادەی دیاریکراوی خۆی نوێترینیانە، لەم هەوڵە چەوتانە بەدەر نییە، هەروەک چۆن هەموو ئەو تۆمەتانەی لە رێگەی میدیا و سۆسیال میدیا و دونیای مەجازییەوە دەبەخشرێنەوە، تەنها و تەنها بۆ داپۆشینی ئەم حەقیقەتە و هەڵخەڵەتاندنی رایگشتیی کۆمەڵانی خەڵکە.
خەڵک هۆشیارە، بە وردی لە بندێڕ و سەردێڕەکانی ئەم گەمەیە تێدەگەن و کارەکتەرەکانی باش دەناسن، بە ئەزموونیش بۆیان دەرکەوتووە، حکومڕانیی رەشید، بەهاتوو هاوار نایەتەدی، دەشزانن داشۆرینی مێشکیان داماڵینی بەها و بەرپرسیارێتی لە دڵ و دەروونی خەڵکدا تاکە ئامانج و ئامرازی بە بازاڕیکردنی عەقڵییەتی پۆپۆلیزمە و ئەمەش پیشەی هەمیشەیی وشکە سیاسییە تاکڕەو و بازرگانە چاوچنۆکەکانی زەمان و زەمینەی سەپێندراوە.
مەترسییە گەورەکەی ئەمڕۆی سەر هەرێم، چەوتیی پۆپۆلیزمی سیاسی و بازرگانییەکەیەتی لە کار و رێکار و رێکردندا، کەتنی سەربەخۆیی و ئابووری سەربەخۆ، ئیدیعای بەدوبەی کردنی کوردستان، چیتر نابنە مایەی چاوەڕوانی زۆر و بەتاڵی فریودەرانەی خەڵک کە جگە لەپاشاگەردانی و مەینەتی، هیچیان نەخستە سەر بوونی هەرێم و خەڵکەکەی، ئەم رێڕەوە دەبێ راستبکرێتەوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داینەمۆ و ئەندازیارەکەی بێت.

 

خەڵک هۆشیارە، بە وردی لە بندێڕ و سەردێڕەکانی ئەم گەمەیە تێدەگەن و کارەکتەرەکانی باش دەناسن، بە ئەزموونیش بۆیان دەرکەوتووە، حکومڕانیی رەشید، بەهاتوو هاوار نایەتەدی

 

خەڵکی کوردستان، ئازادی و دیموکراسی، سەلامەتیی سەر و ماڵ و موڵک و دەستەبەری کارو مافیان دەوێت، حکومەتێکیان دەوێت لە بەرژەوەندی هەمواندا بێت، ئەوەی ئەم سەردەمە جیاوازە دروست دەکات، بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقییە، پابەند بوونە بەخواست و ویستە مەدەنییەکانی خەڵکەوە، رێزگرتنە لەشکۆی هاوڵاتیبوون لە هەموو بوارەکاندا.
بەداخەوە غیابی ئەم جۆرە ئەخلاقییەتە لە وشکە سیاسی و بازرگانە چاوچنۆکەکانی هەرێمی کوردستاندا، خەریکە سیاسەت و پڕۆسەی سیاسی بەتەواوی دەخاتە ژێر هەڕەشە و مەترسی و گاڵتەجاڕییەکی سەیر و سەمەرەوە.
دیارە هەر حکومەت پابەندبوونێکی یاسایی هەیە، لەکات و ساتی خۆیدا دەبێت بڕواتە ژێرباری لێپرسینەوە، هەوڵدان بۆ دواخستن و تێکدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەڕاستیدا هیچ بنەمایەکی بابەتی نییە و کورت و پوخت بۆ خۆدزینەوەیە لەم لێپرسینەوە گەلی و جڤاکییە کە هاتۆتە پێش بۆ رەتکردنەوەی قۆرغکاری و چاوچنۆکی لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی کردنی وڵاتدا.
ی.ن.ک پێداگرە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادە دیاریکراوەکەی خۆیدا، ئەو جۆرە لە حزب یان بازرگانە سیاسییە کە بەبێ بەڵگە و دیکۆمێنت. ی.ن.ک بەسازشکار لەسەر وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکەن، لەکات و ساتی پێویستدا ی.ن.ک بەدیکۆمێنت و بەڵگەوە پووچەڵ و بێ قسەیان دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر