باکگراوند

لە فەرەیدون و لەیلاوە بۆ دەمیرتاش و یۆکسەگداغ

09:18 - 2024-05-19
جەمال ئارێز
206 خوێندراوەتەوە

(45)

رەخنە و سەرنجەکان لەسەر خولانەوە لەناو بازنە داخراوەکەدا لە تورکیا، ئەوەیە کە مادام ئەو وڵاتە ئیدیعای دیموکراسی و خۆ بە ئەندام زانینی ماڵباتی ئەوروپایی دەکات، خۆ دەبێت لانیکەم پەڕۆیەک لە سیستم و شێوازی حوکمڕانیی ئەوانیش دابدڕێت تا بتونێت لەگەڵ رەوتی گەشەکردنی جیهانی نوێدا رێ بکات!
باکگراوندی حزبی حوکمڕانی ئەمڕۆ لە تورکیا، کە پارتی داد و گەشەپێدانە، درێژکراوەی حزبی رەفای نەجمەدین ئەربەکانە، ئەو حزبەی لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا بۆ چەند مانگێک بە مافی رەوای خۆی  کابینەی حوکمڕانیی تورکیای گرتە دەست، بەڵام لە کودەتایەکی سپیدا لەلایەن سوپاوە ئەربەکان لە ئەنجومەنی وەزیران پەلبەست کرا و هێنرایە دەرەوە و لەوێوە بۆ زیندان و دادگا.

دەبێت تورکیا سوود لەو گۆڕانکارییە وەربگرێت کە بەریتانیا بەرامبەر سوپای ئێرلەندای باکوور و ئیسپانیا بەرامبەر 

ئەو حزبە هەر لە بنەڕەتەوە لە ئەنجامی ناڕەزایی بەرامبەر دەستوەردانی سوپا و ملکەچیی دادگاکان بۆ جەنەراڵەکانی سوپاوە هاتە کایەوە، چونکە ئەگەر پڕۆفایلی خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵبدەینەوە، چەندین ساڵ بەهۆی ئەو سیستمی سەربازیی و دادوەرییە کۆنترۆڵکراوەوە زیندانی بووە، لە هەمان ئەو سەردەمانەی کە چالاکوانە کوردەکان لە تورکیا لە زیندانەکاندا کۆت و بەند کرابوون.
ئەوەندەی من لە بیرم بێت لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بەشێک لە سەرۆک شارەوانییەکان و پەرلەمانتارە کوردەکان لەو وڵاتە سەرەڕای هێنانی دەنگی خەڵک، لە دەرەوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و لەژێر بڕیاری دادگای باری نا ئاساییدا پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرا و پەلبەست دەکران بۆ زیندان، لە نموونەی فەرەیدون چەلیک-ی سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد لە 1992 و لەیلا زانا خانمە پەرلەمانتاری کورد لە تورکیا. 
لەو ساڵانەوە هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن رەوتێک لەناو دامەزراوەی سەربازی و دادوەریی ئەو وڵاتەدا هەیە نایەوێت گرفتی کوردی باکوور بە شێوەی دیالۆگ و ئاشتییانە چارەسەر بکریت، بەڵکو دۆخێکی وا دەخوڵقێنن کە کوردی باکوور وا بیربکاتەوە تەنها رێگە بزووتنەوەی چەکدارییە، کە ئەوە لە بنەڕەتدا چەندە زیانی بۆ کورد خۆی هەبووە، دەیان هێندە زیانی بۆ دەوڵەتی تورکیا هەبووە وەکو دامەزراوە. 
کاتی ئەوە هاتووە تورکیا و سیاسەتمەدارە ئاقڵمەندەکانی ئەوە رەچاو بکەن کە ئەگەر خواستی ئەوان گەیشتنە بە ئەوروپا، بۆیە جێی خۆیەتی لانیکەم پەند و وانەش لە هەندێک ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاریی ئەوروپا وەربگرن. هەموو سوپای باشووری ئێرلەندامان لەبیرە کە بەریتانیا وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن، بەڵام بە تێپەڕینی کات لەگەڵ ئەو رێکخراوە کەوتنە دانوستاندنەوە و گرفتەکەیان پاش چەند ساڵێک لە دانوستان چارەسەرکرد، لە ئیسپانیاش گروپە چەکدارەکانی هەرێمی باس هەبوون، پاش چەندین ساڵ جەنگ و ململانێ و خوێنڕشتن لە یەکتری، گەیشتنە رێکەوتن و ئاو بە ئاگردا کرا.
ئێستا کە هێزێکی مەدەنیی سیاسیی وەک دەم پارتی (دەم) پەرتی لە شەقامی سیاسیدا هەڵدەسووڕێت، بۆ تورکیا باشترە بە نەهجێک مامەڵەی لەگەڵ بکات کە تفەنگەکان خۆیان ناچاری بێدەنگ بوون بن نەک بە حوکمدانی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسەگداغ و ئەحمەد تورک بازاڕی هەڵهاتن بەرەو شاخ گەرم بکات، چونکە حوکمدانی لەیلا زانا و فەرەیدون چەلیک چەندە گرفتەکەی ئەوکاتەی چارەسەرکرد، ئەوەی ئەم هەفتەیەش هەر ئەوەندە، بگرە بازاڕی ئەوانە گەرمتر دەکات کە نانیان لە جەنگ و کوشتاردایە و خوازیارن دۆخەکە هەروا بمێنێتەوە.  

وتارەکانی نوسەر