ئێستایش خه‌ڵكێك هه‌ن واده‌زانن، رۆشنبیریی واتا شیعر و گۆرانی و پێیان وایه رۆشنبیر ئه‌وه‌یه چوار كتێبی خوێندبێته‌وه، له‌كاتێكدا كه یه‌كێك له ئامرازه كاریگه‌ره‌كانی گۆڕانكاریی رۆشنبیرییه، ئه‌و هێزه نه‌رمه‌ی زۆر له‌مێژه جیهانی خستۆته ژێر هه‌ژموونی خۆیه‌وه.
چه‌مكه‌كه له‌وه فراوانتره به‌ته‌نیا وه‌ك بوارێك بۆ داهێنانی ئه‌ده‌بیی سه‌یربكرێت. ساڵی 1961 ئه‌وكاته‌ی دیواری به‌رلین دروستكرا و ئه‌ڵمانیا كرا به دووبه‌شی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه، دوو رۆشنبیریی ئابووری و سیاسی و فكری جیاواز وڵاته‌كه‌یان دابه‌شكرد به‌سه‌ر دۆزه‌خی خۆرهه‌ڵاتی ژێرده‌سه‌ڵاتی روسیا و به‌هه‌شتی خۆرئاوای ئه‌مریكیدا، بۆ بڕینی ئه‌و دیواره گه‌نجانێك خۆیان به‌كوشت ده‌دا، چه‌ندین كه‌س مردن، له‌به‌شه خۆرئاواییه‌كه‌ی دیواره‌كه هه‌مبه‌رگر و شارلستۆن و قه‌نافز و ئازادیی تاكه كه‌سی و مۆدێلێكی جیاوازی ژیان هه‌بوو، جیاوازییه رۆشنبیرییه‌كه دۆخه‌كه‌ی ته‌قانده‌وه و بوو به‌هۆی رووخاندنی دیواره‌كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه له ساڵی 1989دا. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی كۆتاییهاتنی قۆناغی شه‌ڕی ساردبوو، لێره‌وه ئه‌مریكا فێربوو هێزی رۆشنبیریی بۆ مانه‌وه‌ی وه‌ك به‌هێزترینی جیهان بخاته‌كار، ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی وه‌ك روسیا و كۆریای باكوور و چینیش ئه‌مه‌یان كردووه و ده‌یكه‌ن، تا گه‌یشتین به‌و رۆژگاره‌ی زلهێزه‌كان به هێرشبردنه سه‌ر رۆشنبیرییه‌كه‌یان لاواز ده‌كرێن، سه‌رنه‌كه‌وتنی شۆڕشی كرێكاریی و به‌هه‌شتی سۆشیالیزم بوو به به‌ڵای سه‌ری روسیا و بیری یه‌كسانی و ئازادیخوازیی و مافی مرۆڤ له جوغزێكی وه‌ك پشتیوانی كردنی هاوڕه‌گه‌زخوازیی و گۆڕینی رەگەز بۆ نموونه، بوونە هۆكاری گۆڕینی سیمای ئه‌مریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له فریادڕه‌سی فریشته ئاساوه بۆ داگیركه‌ر و برینداركه‌ری بیری باوی خه‌ڵك. ئه‌گه‌رچی جیهان پێیناوه‌ته قۆناغێكی قه‌یراناویی پڕ فه‌وزاوه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا، به‌ڵام شه‌ڕ و ململانێی نه‌رمی رۆشنبیرییه جیاوازه‌كان هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامن. بمانه‌وێ بپرسین رۆشنبیریی كوردی چ وێنایه‌كی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌خشاندووه و چ كاریگه‌رییه‌كی به‌جێهێشتووه تا ئێستا؟ وه‌ڵامه‌كه ئاسانه به‌ڵام خه‌مبارمان ده‌كات، ساڵانێكه رۆشنبیریی كوردی وه‌ك ئامرازی هه‌وڵی مانه‌وه و ده‌نگی میلله‌تێكی چه‌وساوه و قووربانیی چاوی لێده‌كرێت، كه‌واته چه‌مكی هێزمان به‌گشتی نه‌ك هه‌ر هێزی رۆشنبیریی پێویستی به پێداچوونه‌وه‌یه، ساڵانێكه ئێمه‌ی كورد هێزی به‌زه‌یی ده‌جووڵێنین به‌هۆی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفال و كه‌یسه تراژیدییه‌كانی دیكه‌مانه‌وه، له‌وڕێگه‌یه‌شه‌وه هه‌ندێ ده‌ستكه‌وتمان به‌ده‌ستهێناوه. به‌ڵام تادێت دنیا دڵڕه‌قتر و كوێرتر ده‌بێت له‌ئاستی بینینی ئه‌مانه‌دا، له‌به‌رئه‌وه واباشه بیر له‌وێنه‌یه‌كی رۆشنبیریی جیاوازتر بكه‌ینه‌وه بۆئه‌وه‌ی جیهان له‌یادمان نه‌كات و دووربا پشتمان تێنه‌كات.