دەوڵەتداریی و کارەسات

09:20 - 2024-05-21
جەمال ئارێز
156 خوێندراوەتەوە

بوونی دەستوور لەهەر وڵاتێکدا رێزلێگیراو و کارپێکراوبێت و دامەزراوەیەکیش هەبێت کە چاودێریی سنوورەکانی ئەو دەسەڵاتانە بکات و پەیوەندییەکانیان رێکبخات، ئەوا تەمەنی ئەو دەوڵەتە درێژتر دەکاتەوە و دانیشتوانەکەشی لە ئینفیلاتی ئەمنی دەپارێزێت، ئەگەر لەکاتێکدا حکومەتیش زوو زوو گرفتی بۆ دروست ببێت و کابینە هەڵبووەشێتەوە، ئەوا دامەزراوەکانی دیکە بەگوێرەی دەستوور لە کەمترین ماوەدا کاروباری وڵاتەکە رێکدەخەنەوە.

بوونی دەستوور و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەهەر وڵاتێکدا رێزلێگیراو و کارپێکراوبێت و دامەزراوەیەکیش هەبێت کە چاودێریی سنوورەکانی ئەو دەسەڵاتانە بکات، ئەوا تەمەنی ئەو دەوڵەتە درێژتر دەکاتەوە

کارەساتی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی ئیبراهیم رئزیسی سەرۆک  کۆماری ئێران و گیانلەدەستدانی خۆی و تیمەکەی هاوڕێی، ئەگەرچی کارەساتێکی کتوپڕ بوو، بەڵام دەهێنێت لەبەر رۆشنایی ئەو جیاوازییەی کایەی دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی وڵات لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا، هەڵوێستەی لەسەر بکرێت.
وەک تێبینیمان کرد کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم کارەساتەدا لەسەر ئاستی باڵای دەوڵەتداری تووشی شۆک نەبوو، لەبەر ئەوەی دەستوورێکی نووسراوی هەیە و دەسەڵاتەکان لەناویدا جیاکراونەتەوە و لەلایەن هەموو  دامەزراوە باڵاکانیشەوە دەستوورەکە رێزلێگیراو و کارپێکراوە، کە خاڵی جێگای سەرنج لێرەدا رێزلێگرتن و کارپێکردنە، دەنا تێکستەکان چەندە جوان و باشیش رازێنرابێتنەوە، کە بڕگەی رێزلێگرتن و کارپێکردنەکەی لاواز بوو یان لە چوارچێوەی یاسای کۆنکرێتیدا رێکنەخرا، ئەوا دەبێتە دەقێکی مردوو و راڤە و شیکردنەوەیان دەبێتە چەند یاسایەکی لاستیکی ناجێگیر کە راڤەکردنی دەکەوێتە دەست ئیجتیهادی شەخسییەوە و بەوەش ئەگەر وڵاتەکە سەقامگیریش بێت، ئەوا لە قۆناغێک لە قۆناغەکان و بە گۆڕان یان مردنی کەسە گرنگ و کاریزماکان هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتەکە لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە یان زۆر لاواز و بێ ئەرزش دەبن.
دەستنیشانکردنی دەستبەجێی سەرۆکێکی کاتی بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەشێت بەراورد بکرێت بە زۆرێک لەو وڵاتانەی لەم ساڵانەی دواییدا تووشی هەرەس و کارەسات بوون بەهۆی رووداوێکی سیاسی یان کودەتایەکی سەربازییەوە لە نموونەی (سودان، میسر، لیبیا و تونس) و کە بە بچووکترین هەژان دەسەڵاتەکانیان داڕمان و ئەوانەش کە دەستووری باشیان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی یاسادا هەموو بەند و بڕگە و مادەکانی وەک خۆی جێبەجێ بکەن، لە نموونەی (لوبنان و عیراق) کە دەبیبن لەم دوو وڵاتەی دواییاندا تەوافوقی سیاسیی پێکهاتەکان بەسەر دەستووردا زاڵترە، بۆیەشە زۆربەی جار بچووکترین رووداو پایەکانی دەوڵەتەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی هەڵوەشانەوە و پەرتبوون.

وتارەکانی نوسەر