كە باس لە 16/3 ی ساڵی 1988 دەكرێت، كەم كەسمان هەیە رۆژی قەتڵوعامكردنی گەلەكەمانی لە هەڵەبجە بیرنەکەوێتەوە.
ئەو تاوانەی ئەو رۆژە، لە مێژووی سیاسیماندا بە یەكێك لە تاوانە لەیادنەچووەكان ئەژمار دەكرێت و دەشێت بە دوا تیری دوژمنەکانمانی وەسف بكەین كە بە مەبەستی سڕینەوەی سیمای شارستانی لە جوگرافیایی نیشتمانی نەتەوەییمان و ژیانما لەسەر نەخشەی ئەم نیشتمانە لە كەوانی دوژمنایەتییەوە بیهاوێژێت.
بەڵام دواجار ئەسڵی پڕۆگرام و ناوەڕۆكی تەواوی پیلان و بەرنامەكانی بەعس لە دژی گەلەكەمان بەتایبەتی و گەلانی ئازادیخوازی عیراق بەگشتی، بووە مایەی لەناوچوون و داڕمانی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی لەگۆڕەپانی سیاسیی عیراق و جیهانیشدا.
بڕیارێكی لەوجۆرە، دەكرێت ببێتە بناغەی كاركردن بۆ بەرەسمی ناساندنی جینۆسایدكردنی گەلەكەمان لەو رۆژەدا لە شاری هەڵەبجە
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 36 ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا، دواجار رۆژی 22/5/2024 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا رۆژی 16/3 هەموو ساڵیك بکرێتە پشووی رەسمی.
بە پشووكردنی ئەو رۆژە لەلایەن «نوێنەران»ەوە، ناكرێت تەنیا وەك بڕیارێكی ئاسایی لێی بڕوانین و پێمانوابێت ئەم بڕیارە لە ناوەڕۆكدا بڕیارێكی سادە و ئاساییە، بەڵکو دەبێت لەو راستییە تێبگەین کە كاتێك ئەو ئەنجومەنە بە پێشنیازی نوێنەرانی كورد و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەكانی بڕیارێكی لەو جۆرە دەدەن، واتە بەڕەسمی ناساندنی ئەو رۆژەیە وەك بۆنەیەكی نەتەوەیی كە تێیدا وەک كورد هەوڵی لەناوبردن و جینۆسایدكردنمان دراوە. بۆیە ئەم بڕیارە هەرچەندە لە درەنگ وەخت و دوای زیاتر لە 36 ساڵ دەرچووبێت، بەڵام ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران وەك پشوویەكی رەسمی لە ساڵنامەی حكومەتی عیراقدا جێگیری كرد.
بڕیارێكی لەوجۆرە، دەكرێت ببێتە بناغەی كاركردن بۆ بەرەسمی ناساندنی جینۆسایدكردنی گەلەكەمان لەو رۆژەدا لە شاری هەڵەبجە، بۆیە دەكرێت رۆشنتر بڵێین ئەركی ئێمە لەم رۆژەوە وەك بەرپرسیارێتی نەتەوەیی قورستر و جدیتر دەبێت و پێویستە كار لەسەر ناساندنی ئەم رۆژە بكەین، وەك رۆژێكی نەتەوەیی.
راستە دواجار 16/3 لە سەرتاسەری عیراقدا كرایە پشووی رەسمی بۆ سەرجەم گەل و پێکهاتەکانی عیراق، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە بڕیارێكی لەو جۆرە لە مانا تەقلیدی و رووكەشەكەیەوە، گەورەتر دەبینێرێت و مانایەكی گشتگیرتری دەبێت.
ئێمە لەم روانگەیەوە دەتوانین جارێكی دیكە و لێبڕاوانەتر كار لەسەر ئەم دۆسێیە بكەینەوە، بۆئەوەی بتوانین بە رەسمی بە كۆدەنگی زۆرینەی ئەندامی ئەو ئەنجومەنە 16/3 بەشێوەی رەسمی وەكو رۆژی جینۆسایدكردنی گەلەكەمان بناسرێت و حكومەتی فیدراڵی عیراق بخرێتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە وەك میراتگری رژێمی پێشووی عیراق و بەڕەسمی دان بە جینۆسایدكردنی گەلەكەماندا بنێت و لەجیاتی ئەویش داوای لێبوردن بكات لە تەواوی گەلەكەمان بەگشتی و هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید بەتایبەتی، بۆئەوەی بتوانین ئەم دۆسێیە لەسەر مێزی گفتوگۆ و دیدارە سیاسییەكانمان لەپێناوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بەكاربهێنین.
لەكۆتاییشدا دەشێت بڵێین راستە درەنگ ئەم بڕیارە دراوە، بەڵام هێشتاش كات لەبەردەستدایە بۆ بەڕەسمی ناساندنی رۆژی 16/3 وەك رۆژی جینۆسایدكردنی گەلەكەمان لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عیراقەوە و هەر لێرەشەوە دەتوانین شكۆی سیاسی و نەتەوەیی بۆ ئەو رۆژە بگێڕینەوە كە ئەگەرچی بەعسییەكان هەوڵی لەناوبردنی گەلەكەمانیان دا، بەڵام دواجار ئیرادەی حەق سەرکەوت و گەلەکەمان بەسەربەرزیی مایەوە و ئەوە بەعسییەكان بوون کە لەناوچوون.
*نووسەری بواری جینۆساید