بەر لەپەشیمانبوونەوە

10:07 - 2024-09-04
ئیبراهیم هەورامانی
223 خوێندراوەتەوە

 ئیبراهیم هەورامانی


راستییان وتووە «پەشیمانبوونەوە دادی كەس نادات»، یەكێك لە بەڵگەنامە زیندوو و هەرە واقیعییەكانی ئێمە لەدۆسێی جینۆسایددا بەتایبەتی دۆسێی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، بوونی بەڵگەنامەی كەلوپەل و شوێنەوارە، ئەم بەڵگەنامانەش، جۆرێكە لەوەی كە ئێمە تائێستا نەمانتوانیووە لەپاڵ شێوە و جۆرەكانی دیکەی بەڵگەنامەكاندا وەك نووسراو و بینراو و وتراوودا. لانیكەم تائێستا توانیومانە بۆ خستنەڕووی واقیعی جینۆسایدی گەلەكەمان و ستەملێکراویان وەك گەلێكی جینۆسایدزەدە، سوودی لێببینین.
لەبەرامبەر كاركردنماندا لەو سێ جۆر بەڵگەنامەیەدا، ئەوەی مایەی قسە لەسەركردنە بۆئێمە، كاركردنمانە لەسەر شوێنەوارە بەڵگەنامەییەكان كە تائێستاش بەشێكی كەم لەو شوێنەوارانە لە شاری هەڵەبجە و دەوروبەریدا وەک خۆیان ماونەتەوە، بەڵام نەمانتوانیووە بە سودی دۆسێی جینۆسایدی بەگشتی و دۆسێی كیمیابارانی هەڵەبجە كاری لەسەر بكەین و سوودی لێ وەربگرین.

 

تائێستاش ئەم موڵكە ماوەتەوە و خاوەنەکەی چاوەڕوانی كڕیارێك دەكات تا بیفرۆشێت، بە فرۆشتنیشی ئەم شوێنەوارە بەڵگەییەش وەك باقی شوێنەوارەكانی تر لەناودەچن

گوزەرێک بە هەڵەبجەدا
ئەگەر گوزەرێك بەناو شارەكەدا بكەین، دەیان شوێنەواری بەڵگەنامەییمان دێتە بەرچاو، كە بەشێوەیەكی واقیعییانە تاوانی دوژمنكارانەی رژێمی بەعسی رووخاوی لە دژی  خەڵكی شارەكە ئاشكرا دەكات.
شوێنەوارە بەڵگەنامەییەكان شانبەشانی بەڵگەنامەكانی دیكە، مایەی سەلماندنی راستی جینۆسایدی گەلەكەمانە، لەو روانگەیەشەوە ناكرێت گرنگی ئەم بەڵگەنامانە نادیدە بگرین و فەرامۆشییان بكەین.
 هەرچەندە بە درێژایی ساڵانی دوای راپەڕین لایەنی پەیوەندار لە حكومەتی هەرێم، رێكخراوە مەدەنی و ناحكومییەكانی پەیوەست بەم دۆسێیە نەیانتوانیووە بە شێوەیەكی جددی ئاوڕێك لەم بەڵگەنامانە بدەنەوە و لە فەوتان رزگاریان بكەن و پارێزگارییان لێ بكەن، بەداخەوە زۆرن ئەو شوێنەوارە بەڵگەییانە كە بەهۆی كەمتەرخەمی و بێدەربەستی لایەنە پەیوەندارەکان و نەبوونی هۆشیارییەكی تەواو بۆ بەگرنگ وەرگرتنی ئەم بەڵگەنامانە، ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەمیان لە شارەكەدا دەبینێرن و ئەگەر دەرەنجامەكان بەم شێوەیەی ئێستا و رابردوو بڕوات، بەداخەوە دواجار شوێنەوارێكی بەڵگەنامەیی لە شارەكەدا بەدیناكرێت كە ببێتە مایە شایەتحاڵێک لەسەر جینۆسایدی شارەکە و خەڵکەکەی.

هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە
شوێنی شەهیدبوونی عومەری خاوەر و كۆرپەكەی كە بووەتە سیمبولی جینۆسایدی هەڵەبجە و ستەمدیدەیی خەڵکەکەی، ماڵی هاووڵاتی كەمال جەلال کە خاوەنی زیاتر لە 15 شەهیدن، عومەری خاوەر خۆی كۆرپەكەی لەبەردەم دەرگای ئەو ماڵەدا شەهید بوو، تائێستا شوێنەواری ئەو ماڵە وەک خۆی ماوەتەوە، هەرچەندە بەشێوەیەك لە شێوەكان دەستكاری شێوازی دیوارەكە كراوە، ئەویش بە دەرهێنانی دەرگای حەوشەی ماڵەكە و هەڵچنینەوەی شوێن دەرگاکەی بە بلۆك.
ئەگەرچی ئەم دەستكاریكردنە نابێتە هۆی شێواندنی بەڵگەنامەكە، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە شوێنی شەهید بوونی عومەری خاوەر و كۆرپەكەیەتی.

پێشنیازەکەمان فەرامۆش کرا
چەند ساڵێك لەمەوبەر لەلایەن یەكێتیی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستانەوە هەوڵێكی زۆر درا بۆئەوەی سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان موڵكییەتی ئەو خانووە بخاتە سەر پەرلەمان و بیكاتە مۆزەیەكی نیشتمانی و وەك شوێنەوارێكی بەڵگەنامەیی لە دۆسێی جینۆسایددا سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام بەداخەوە دواجار ئەم هەوڵەش سەركەوتوو نەبوو، تائێستاش ئەم مۆڵكە ماوەتەوە و خاوەنەكەی كە لە وەرەسەی شەهید كەمالیان كڕیوەتەوە، چاوەڕوانی كڕیارێك دەكات تا بیفرۆشێت. بە فرۆشتنی ئەم شوێنەوارە بەڵگەییەش، وەك باقی شوێنەوارەكانی تر لەناودەچن و دواجار زەرەرمەندی یەكەم دۆسێی كیمیابارانی هەڵەبجە دەبێت.
پێویستە بەرلەوەی پەشیمان ببینەوە لەوەی بۆچی ئەو بەڵگەنامانەمان نەپاراست، وەك سەروەتێكی پڕ بایەخی نیشتمانی كەڵكمان لێ وەرنەگرتن؟ ئێستاش كات لەبەردەمماندا ماوە و دەتوانین ئەم شوێنەوارە و سەرجەم شوێنەوارە بەڵگەییەكانی دیکەی تایبەت بە دۆسێی كیمیایبارانی هەڵەبجە لە فەوتان بپارێزین و بیانخەینە خزمەتی دۆسێکەوە.
پێموانییە نرخی كڕینەوەی ئەم موڵكە و زۆرێك لە موڵكەكانی دیكەش هێندە گران بن کە لە توانای كڕێنەوە و بودجەی حکومەت و لایەنی پەیوەنداردا نەبن و دواجار فەوتان و لەناوچوونی ئەم بەڵگەنامانە لەئەستۆی ئەواندایە و هیچ پەشیمانبوونەوەیەكیش دادیان نادات.

 

شوێنی شەهیدبوونی عومەری خاوەر و کۆرپەکەی

وتارەکانی نوسەر