ئەم كتێبە بۆ گرنگە؟

11:12 - 2024-07-21
ئیبراهیم هەورامانی
191 خوێندراوەتەوە

ئەگەر چاوێك بە مێژووی سیاسی گەلەكەماندا بخشێنین، دەگەینە ئەو حەقیقەتەی كە بەدرێژایی مێژووی سیاسی گەلەكەمان، هەمیشە و بەردەوام لەپێناو ماف و مەبەستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خۆیدا، گەلەكەمان دووچاری زوڵم و چەوساندنەوە و داگیركردن و ماڵوێرانی و ئاوارەبوون و قوربانی دان بوەتەوە، تەنیا لەپێناوی ئەوەدا ئێمەش وەك باقی گەلانی دونیا وەك مافێكی سەرەتایی و ئینسانیانە بەهەقی رەوای خۆمان زانیوە ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن كیان و نیشتمانی خۆمان بین. هەربۆیەشە لەم پێناوەدا لاپەڕە زۆرەكانی مێژوومان لێوان لێوە لە هەزارەها نموونەی قوربانییدان و بەرخوردان.
نووسینەوەی ئەم مێژووە سەرباری ئەوەی ئەرك بێت لەسەر شانی نووسەرانی گەلەكەمان، خۆی لە خۆیدا هەستكردنە بە بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەییانە، لەم روانگەیەوە هەربۆیە گرنگە تەواوی ئەم مێژووە كە بەشێكی هەرەزۆری وەك گێڕانەوە و بەسەرهاتی دەماو دەم لە نێو سنگی شاهیدحاڵەكاندا ماوتەوە و بۆ رزگاركردنیان لە فەوتان، پێویستە ئەو ئەركە مەسئولانە چاوی لێبكرێت و تۆمار بكرێت.
لەلایەكی ترەوە بۆ خستنەڕووی  رووی راستەقینەی ئەم مێژووی پڕ لە بەرخوردان و قوربانییدانە، دەكرێت بە پاڵپشت و دەوڵەمەندكردنی بە بەڵگەنامە زیندووەكانی سەردەمە جیاجیاكان تۆمار بكرێت و بخرێنەڕوو، بۆئەوەی لانی كەم نەوەی نوێ، نەوەكانی داهاتوو، ئەو زانیارییانەیان هەبێت كە ئێمەش وەك گەلانی دیكەی جیهان، لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆییدا، خاوەن مێژوویەكی پڕلەسەروەرین، هەربۆیە پێویستە تەواوی بەڵگەنامەكانمان لەدەفتەری تۆماركراودا ئەرشیف بكەین تا ببینە خاوەن تۆمارێگی بەرفراوانی ئەرشیفكراو، چۆن نەتەوەكانی دیكە زۆربەیان توانیویانە بگەنە ئەو ئامانجەی كە خاوەن ئەرشیفێكی مێژووی بەڵگەدارن.
شەهیدان، شەهیدانی رێگای رزگایی و خەباتی بزووتنەوەی كوردایەتی و نەتەوەییمان ئەو توێژە سەروەر و نەمرەن، كە دواجار سەرچاوەی بەڵگە و جێ متمانەی راستگۆیی ئێمەن، كە دواجار دەتوانین لە لاپەڕەكانی مێژووی سیاسی نەتەوەكەماندا وەك راستگۆترین بەڵگە و بەڵگەنامە بۆ ئیسپاتی مەزڵومەتی گەلەكەمان و بەرخوردانی نەتەوەییمان بخەینەڕوو.

 

كتێبی (ئینسكلۆپیدیای شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپارێزگای هەولێر) كە تا ئێستا سێ بەرگی لێ چاپ بووە، ئەم كتێبە لە چوارچێوەی هەرسێ بەرگەكەیدا لە نزیكەی سێ هەزار لاپەڕە پێكهاتووە و تێیدا ژیاننامەی نزیكەی 1500 شەهیدی لە خۆگرتووە

 

بەبڕوای من ئەرشیفكردن و نووسینەوە و تۆماركردنی ژیاننامەی ئەو سەروەرانەی خوێنی خۆیان بەخشی  بە بەدیهێنانی رۆژانی ئازادیی و سەربەخۆی بۆ نەتەوەكەمان، ئەرك و هەوڵێكی گرنگ و هەستكردنە بە مەسئولیەتێك كە دواڕۆژ دەبێتە مایەی سەرفرازیی و سەروەری بۆ گەلەكەمان تا بتوانین ئێمەش شانازی بكەین  بەو مێژووە پڕ لە قوربانی و بەرخوردانە.   
كتێبی (ئینسكلۆپیدیای شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپارێزگای هەولێر) كە تا ئێستا سێ بەرگی لێ چاپ بووە، ئەم كتێبە لە چوارچێوەی هەرسێ بەرگەكەیدا لە نزیكەی سێ هەزار لاپەڕە پێكهاتووە و تێیدا ژیاننامەی نزیكەی 1500 شەهیدی لە خۆگرتووە. ئەم كتێبە  لەلایەن برای نووسەر و رۆژنامەنوس حەیدەر مەنتك ئامادەکراوە، وەك ئەركی شەخسی خۆیی و دوور لە هەر هاوكارییەكی تیمگەرایی و پاڵپشتی كاری دەستە جەمعی، لەسەر وزەو توانای خۆی لەساڵی 2015 كاری تێدا كردووە و ئەمساڵ بەرگی سێهەمی بەچاپ گەیاندووە.
من دەزانم كاركردن لە كارێكی گەورەی لەم چەشنە، چەند زەحمەت و تاقەت و حەوسەڵەیەكی دەوێت، بەتایبەت لە كاتێكدا بەتەنیا خۆت شانی لێ بەیتە بەر و ئارەقەی ماندووبون و سەختی كاركردن لە هەوڵەكانت پەشیمانت نەكاتەوە، چەند پێویستی بەپشوو درێژیی هەیە، ئەم جۆرە كاركردنە هەر لە تاقەت و توانای كاكە حەیدەر مەنتك دەوەشێتەوە و هەرئەوە هەموو وزەی خۆی تەرخانكردووە تا بەم رۆژە گەیشتوە و توانیویەتی شانازی بەم مەسئولیەتەكەی خۆیەوە بكات.
نووسینەوە و ئەرشیفكردنی ئەم كتێبە بۆیە گرنگە، هەست دەكرێت هێشتا كەسانێكی دڵسۆز هەن لە بەرامبەر خەمساردیی و بێ موبالاتی لایەن و كەسانی پەیوەندار، توانیویانە ئەو بۆشاییانە پڕ بكەنەوە، بەشێوەیەك بێنە مەیدانەكە كە هەست بە مەترسی گرنگی پێنەدانی بە ئەرشیفكردنی بەڵگەنامە مێژوویەكانی مێژووی سیاسی نەتەوەكەمان لەپاشەڕۆژدا چەند جێی مەترسییە.
لەكۆتاییدا دەخوازم ئەم پڕۆژەیە سنووری جوگرافیای هەولێر تێپەڕێنێت و تەواوی سنووری باشووری كوردستان و كوردستان بگرێتەوە تا بتوانین ئێمەش وەك نەتەوەی كورد ببینە خاوەن ئەرشیفێكی نەتەوەیی دەوڵەمەند.
* نووسەری بواری جینۆساید لە كوردستان 

وتارەکانی نوسەر