وێناکردنەوەی سلێمانی

شارێک کە بۆ ژنان دۆستانە بێت

10:02 - 2024-05-26
شازین جاف
206 خوێندراوەتەوە

کاتێک وەک کچێکی گەنج لە سلێمانی دەژیت، هەست دەکەیت تۆ شارەکەتت زۆر خۆشدەوێت، بەڵام شارەکەت بۆ تۆ وانییە. هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دیزاینی شارەکە کە بە شێوازێک رێکنەخراوە ژنان سوودی لێ ببینن، لێرەدا دەمەوێت وێنای شارێک بکەم دۆستی ژنان بێت، شارێک ژنان تێیدا هەست بە شوناس و بوونی خۆیان بکەن، لە ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ دراوە، وا دەکات ژیان لە شارێکدا بۆ ژنان دۆستانە بێت:   
* بوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان.
* بوونی هەلی کار. 
* دەستگەیشتن بە کوالیتی بەرزی خزمەتگوزاریی گشتی، وەک (گواستنەوە، نیشتەجێبوون و ئاسایش).
* بوونی ئەو میکانیزمانەی مافەکانیان مسۆگەر دەکات کاتێک رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان تەنها 15 خولەک بە پیادە دوور بێت لەو شوێنەوەی لێی دەژیت

باشترین نەخشە بۆ شار
هیچ شارێک زیرەک و جێگیر نابێت بۆ ژیان ئەگەر نیوەی دانیشتوانەکەی هەست بە ئارامی نەکەن، بۆ ئەوەی بتوانین باشترین نەخشە بۆ شارەکان بکێشین، سەرەتا دەبێت لەوەوە دەست پێ بکەین ژنان بەشداربن لە نەخشەدانانی شاردا، ئەندازیار، لێکۆڵەر، چالاکوانان، ژنانی ناو حکومەت، ناوەندی سیاسی و بڕیاردەر، شاری سلێمانیش توانای ئەوەی هەیە ژیانی ژنان باشتر و ئاسانتر بکات، ئەگەر گرنگی بەم خاڵانەی خوارەوە بدات:
-خزمەتگوزاری گواستنەوە و گەیاندن: بۆ نموونە تۆ کچێکی خوێندکاریت یان دایکیت و عەرەبانەی منداڵت پێیە، یاخود لە منداڵێک زیاترت پێیە، پیریت و توانای رێکردن و بەرزکردنەوەی قاچەکانت نییە، ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیت و لەسەر کورسیی تایبەتیت، یاخود لەکار تەواوبوویت و دنیا تاریکە. هەریەک لەم کەسانە توانای کڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەتیان نییە و لە هەمانکاتدا ناتوانن بەم بارودۆخەی ئێستا تاکسی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بۆیە پشت بە سیستمی گواستنەوەی گشتی دەبەستن، پرسیارەکە لێرەوە دروست دەبێت: ئایا پاسەکانی سلێمانی گونجاون بۆ هاتوچۆی ژنان؟ بە رێژەیەکی زۆر نەخێر، چونکە هیچکام لە پاسەکان سیستمێکیان نییە پێشوەختە بیبینیت کەی و لە چ وێستگەیەکدا دەوەستێت، واتە سیستیمی تراکینیان نییە، هیچکام لە پاسەکان دەرگاکانیان بایی ئەوەندە گەورە نین دایکێک بە عەرەبانەی منداڵانەوە بتوانێت سەرکەوێت. ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیش ئەگەر هاتوو لەسەر کورسی بێت ناتوانێت پاس بەکاربێنێت، چونکە نە پاسەکان بەرزییەکەیان دادەبەزێنرێت، نە دەرگاکەشی کورسییەکەی پێدا دەچێت. خۆ ئەگەر تا درەنگ لە کار بیت، یاخود لە دەرەوە بیت ئەوە چانسی چوونە دەرەوە، یان چوونە ماڵەوەت نییە بە پاس، ئەمە سەڕەڕای ئەوەی رێژەی گێچەڵی سێکسی لە گەراجی پاس، وێستگە و خودی ناوپاسەکان روون نییە. بە باشکردنی سیستمی پاسەکانی ناوشار، ژینگەیەکی پاکتر دروست دەبێت و جەنجاڵی رێگەوبان و ژاوەژاو کەمدەبێتەوە.
گرنگیی کامێرای چاودێری
-گرنگی بە دابینکردنی کامێرای چاودێری و ئاسایشی زیاتر بۆ شوێنە گشتییەکان: بە نموونە پارکەکانی سلێمانی چەند پارکێکی گەورە و چەندی بچووکی تێدایە، بەڵام وەک کچێک هەست بە ئارامی ناکەیت ئەگەر بتەوێت بەیانیان دەوروبەری سەعات شەشی بەیانی بچیت بۆ وەرزش، بە تایبەت راکردن و یۆگا، ئەگەر بتەوێت شەوانی هەفتە پیاسە بکەیت بە هەمانشێوە شوێنێک نییە پێشنیارکراوبێت بۆ ژنان، چونکە نەک بە تەنها پارکەکان، بەگشتی ئەم شارە رووناک نییە و تاریکە، گڵۆپی سەر جادە و کۆڵان و پارکەکان بەرزن و بۆ رووناککردنەوەی رێگەی ئۆتۆمبێل دانراون و بەردەمی کەسی پیادە رووناک ناکاتەوە.
-یەکسانی جەندەری گرنگە بۆ فەراهەمکردنی ئارامیی تەندروستی بۆ ژنان، وتنەوەی وەک وانەیەکی پەروەردەیی لە قۆناغەکانی خوێندندا دەبێتە هۆکاری ئەوەی ژنان وەکو بوونەوەرێکی نامۆ لە ژینگەی دەرەوەدا نەبینرێن، هەروەها ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا و ویستی پێکەوە ژیان لەناو تاکی کۆمەڵگەدا بەرز دەکاتەوە. 
-پانتایی گشتی: ئەم دەستەواژەیە کاتێک پێکدێت کە هەردوو رەگەز تێیدا هاوبەش بن، بۆ نموونە ژنان دەتوانن چێژ لە کاتەکانیان وەربگرن بە بەشداریکردن لە چالاکییەکانی وەک بازاڕکردن، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوڕێکانیان یان بەسەربردنی کات لەگەڵ منداڵەکانیان، پەرەدان بە کەلتوری پیادە، واتە رێگەنەدان بە ئۆتۆمبێل لە سەنتەری شاردا و زیادکردنی رێژەی سەوزایی و شوێنی دانیشتن، ئەمانە نەک هەر ژینگەیەکی تەندروست پێک دێنن، بەڵکو هانی دانیشتوانی شار دەدەن بەشداری زیاتر بکەن لە چالاکییەکانی سەنتەری شاردا، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گفتوگۆ و کاتبەسەربردنێکی تەندروست، ژینگەیەکی ئارامتریشی لێ بەرهەم دێت. 
- زیادکردنی رێژەی ژنان لەناو بازاڕی سلێمانیدا: رێژەیەکی زۆری دوکان و بازاڕەکان هەتا ئەمڕۆ پیاوان کاری تێدا دەکەن، زۆر گرنگە پاڵپشتی ژنانی خاوەنکار بکرێت، لەڕێگەی ئەم هەنگاوە بچووکەوە، هەم هەلی کار دەڕەخسێت، هەم بەرهەمی جیاواز دێتە بازاڕەوە، بەمەش ژینگەیەکی تێکەڵ لە ژن و پیاو لە بازاڕدا بەدی دەکرێت.

پێداویستییەکانی ژنانی تێدا بێت
-گرنگی بە تەوالێتی گشتی بدرێت: یەکێک لەو کێشانەی زۆربەیجار رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە. بەگشتی تەوالێتە لە شوێنە گشتییەکانی سلێمانیدا کە زۆر کەمە، بێگوێدانە ئەوەی ژنان سووڕی مانگانەیان هەیە و هەندێکجار لە کاتێکدا دەکەویتە سووڕی مانگانەوە رۆژ و کاتەکەی چاوەڕواننەکراوە، ئەگەر لە بازاڕ ئەمەی بەسەردا بێت زۆر بە زەحمەت دەتوانێ شوێنێک بدۆزیتەوە تا خۆی تێدا بگۆڕێت، بۆیە زۆربەی کات کچان دەچنە دوکانێکەوە و جلێک دەکڕن کە پێوسیتیان پێی نییە بۆ ئەوەی تۆزێک زیاتر لە ژووری خۆگۆڕینەکەدا بمێننەوە و سانتی بەکاربهێنن. هەروەها ئەگەر هاتوو ژنێک بیت نەخۆشییەکت هەبێت توانای راگرتنی میزت نەبێت، ئەو چەند سەعاتەی ناوبازاڕ ژیانت زۆر قورس دەکات.
-دەستەبەرکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ژنان: رێژەیەک لە ژنان بەتەنیا دەژین، جا بە بۆنەی کارکردنیانەوە بێت کە نیشتەجێی سلێمانین، یان خەڵکی شارەکەن و دایک و باوکیان لە ژیاندا نەماون، یان لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە یاخود لە ژیاندا نەماون، ئەرکی بەڕێوەبەری شارەکانە بەوردی ژنانی تەلارساز راسپێرن بە نەخشەدانانی شوقە و خانوو، کە پێداویستییەکانی ئەم ژنانەی تێدابێت، لە هەمووی گرنگتر ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە لە کۆنترۆڵکردنی نرخی خانوو و شوقە و دەستەبەرکردنیان بۆ ژنان، واتە ژنان نابێت ترسی نەبوونیی و گرانیی خانوو یان شوقەیان هەبێت، بەتایبەت کچانی خانەی بێسەرپەرشتاران لە دوای تەمەنی هەژدە ساڵییەوە، دەتوانن بۆ ئەمەش سوود لە میتۆدی «پانزە خولەک»ی چەمکی شار وەربگرن، کە بریتییە لە میتۆدێکی نەخشەدانانی شار، باس لەوە دەکات پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان وەک (خوێندنگە، دوکانی سەوزەوات و خواردەمەنی، بازار، پارک، نەخۆشخانە و هتد...) تەنها 15 خولەک بە پیادە دوور بێت لەو شوێنەوەی لێی دەژیت، ئەمەش وا دەکات رێژەی ترافیکی ئۆتۆمبێل کەمبێتەوە و پەیوەندیی ژنان لەگەڵ شارەکەیان بەهێزتر بێت. 

پیشاندانی دەستکەوتەکانی ژنان
-ڤیزەبیڵتی ژنان، واتا پیشاندانی ژنان و یادهێنانەوەی ئەو دەستکەوتانەی ژنانی کورد بۆ شاری سلێمانییان بەدەستهێناوە:  لە 25 % پەیکەری شارەکانی دنیا ژنانن، ئەمەش رێژەیەکی کەمە. پەیکەرەکانی شاری سلێمانی و وێنەی دیوارەکانی شار زۆربەیان پیاوانن، لە کاتێکدا ژنان رۆڵێکی کارایان لە هەموو بوارەکاندا هەبووە، بەڵام زۆر بە دەگمەن ناویان دەهێنرێت، یاخود بە تەنها ناوی چەند ژنێک دیارە. لە ماوەی ئەم سێ ساڵەم لە کەنەدا سەرنجم داوە، شارەوانی زۆر بە وردی ئیشی لەسەر ئەم بابەتە کردووە، بە نموونە لە مۆزەخانەکاندا لەسەر هەموو رووداوێک رۆڵی ژنان بەجیا و بە زەقی ئاماژەی پێدەکرێت، یاخود پیشەنگای تایبەت لەناو مۆزەخانەکاندا بۆ ماوەیەکی کاتیی بۆ ژنانی هونەرمەندی کۆچکردوو دەکرێتەوە. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا پەیکەری ئەو ژنانەی گۆڕانگاری گەورەیان لە مافەکانی ژناندا کردووە لە شوێنە گرنگ و دیارەکانی شاردا دادەنرێن، هەروەها لە شارێکی وەکو بارسێلۆنای هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا، هەوڵدراوە ناونانی جادەکان بە کەسایەتییە ژنەکانی ئەو شارەوە زیاتر بکرێت. 
دواجار زۆر گرنگە لەڕێی گفتوگۆوە تێبگەین ئێمەی ژنان دەمانەوێت نەخشەی شارەکەمان چۆن بێت، کارکردن لە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیەدا کات و لێهاتوویی دەوێت، شارەوانی دەتوانێت سوود لە توانا و لێهاتوویی ژنانی کورد ببینێت، نێتۆرکێک دروست بکەن لە ژنانی لێهاتوو لە بوارە جیا جیاکاندا، ئەم پڕۆژەیە دەبێت بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ شارەکە و لە هەمانکاتدا بۆ بەڕێوەبەرانی ئەم شارە، لە سەرئەنجامدا سلێمانی دەبێت بە یەکەم شار لە کوردستان و ناوچەکەدا لەڕووی بونیادنانی شارێکی دۆستانە بۆ ژنان.  
*هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆماسی لە پەیوەندییە گشتیەکان و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری کار لە پەرلەمانی کەنەدا.

وتارەکانی نوسەر