شاری میدیایی، زاراوەیەكی نوێی سۆسیۆلۆژیای میدیایە، لەچوارچێوەی پیشەسازییە كەلتورییەكانی شاردا خۆی دەبینێتەوە، شوناس و پێناسەی نوێ لەدیدگایی میدیاییەوە بە شار دەبەخشێت، لەو روانگەیەوە شار دەبێتە (تێكستێك) دەكرێت خوێندنەوە و لێكدانەوەی جیاوازی بۆ بكرێت، ئەمەش لەرێگای زوومی كامێراكان و دیدی رۆژنامەنووسەكانەوە مانای جیاواز وەردەگرێت.
میدیا دەتوانێت چوارچێوەی بیركردنەوەكانی تاك و زهنیەتی وەرگر دابڕێژێت، لەرێگای ئەو پەیامانەی كە ئاراستەی دەكات
ئەم چەمكە لەساڵی (1990) هاتووەتە نێو دونیای ئەكادیمییەوە، پاشان بووەتە جێگای گفتوگۆكردن، یەكەم توێژینەوەش لەساڵی (2000) هەردوو توێژەر (Schleifer and Sullivan) ئەنجامیان داوە.
لەو دیدگاییەوە شار هۆكارێكی پەیوەندیكردنە لەگەڵ هاووڵاتیان و دەورووبەردا، میدیا دەتوانێت چوارچێوەی بیركردنەوەكانی تاك و زهنیەتی وەرگر دابڕێژێت، لەرێگای ئەو پەیامانەی كە ئاراستەی دەكات، بەوەش شوناسێكی نوێی شاریبوون لە دیدگای سۆسیۆلۆژیاوە بەمانای شاریبوون ببەخشێت و بەرجەستەی بكات.
ئەم تێڕوانینە بەتەواوی لەسەر دروستکردنی جۆرێک لە چڕبوونەوە و گەشەكردنی پیشەسازی تەکنەلۆژیای زانیاری و میدیاییەكان كاردەكات. لەو روانگەیەوە هاوكێشەیەك بەرجەستە دەبێت كە ئەویش (میدیا و بەرهەمهێنانی زانیارییەكان+ كۆمەڵگا و بەرهەمهێنانی میدیایی= شاری میدیایی).
میدیا زانیارییە جیاوازەكان لەبارەی شارەكانەوە دەخاتە بەردەم خوێنەر و بیسەر و بینەرەكان، تاكەكانی كۆمەڵگا دەكەونە ژێر هەژموونی ئەو جۆرە پەیامانەی كە میدیا بەرهەمی دەهێنێت، بەوەش زهینەتی وەرگر رەنگرێژی پەیامەكانی خۆی دەكات و شاری میدیایی بەرهەم دەهێنێت.
دەكرێت پێناسەی چەندین شاری جیاواز بكەین، كە میدیا توانیویەتی شوناسی جیاوازی پێببەخشێت، جوانییەكانی بخاتە ڕوو، لەسەر ئاستی جیهاندا ببێتە جێگای سەرنجی هاوڵاتیان، لەوانەش دوبەی و بریتانیا و سوید...بەو هۆیەشەوە ساڵانەش چەندین گەشتیار روو لەم ناوچانە دەكەن.
میدیا لە كوردستاندا، شوناس بە شارە جیاوازەكان لەروانگەی سیاسییەوە بەخشییەوە، ئەوەش وایكردووە دونیابینی تاكی كورد لەو چوارچێوەیەدا خۆی ببینێتەوە، لەسەر ئەم بنەمایەش دابەشكاری بۆ كەناڵە میدیاییەكان دەكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە میدیای كوردی دەیتوانی شارەكانمان لەرێگای پیشاندانی جوانییەكانەوە نیشانی ناوەوە و دەرەوەی خۆی بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت شوناسێكی نوێ بەمانای شاریبوون ببەخشێت، شاری میدیایی بەرهەم بهێنیت.
*مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی میدیا و توێژینەوە كەلتوورییەكان