د. ئیسماعیل عوسمان*
توێژینەوە کەلتورییەكان، یەكێكە لە فیڵدە نوێیەكان لە جیهاندا، سەروكاری لەگەڵ چەندین بەشی جیاوازدا هەیە، لەوانەش (میدیا، سیاسەت، فەلسەفە و...هتد)، چونكە لەئێستادا سەردەمی پێكەوە بەستنی زانستە جیاوازەكانە (interdisciplinary)، لەپێناو دروستكردنی كەسیەتییەك كە هەڵگری بیر و ئایدیای دوو زانستی جیاواز بێت. هەر بۆیە توێژینەوە كەلتورییەكان لەگەڵ هەریەك لەو بەشانەدا پێكەوە دەتوانێت شرۆڤەیەكی وردتر و جیاوازتر بۆ دونیای ئەكادیمی و واقعیەتی كۆمەڵگە جیاوازەكان بكەن، ئەوانیش دەبنە (میدیا و توێژینەوە كەلتورییەكان، سیاسەت و توێژینەوە كەلتورییەكان).
كەلتور لە دیدگای لێكۆڵینەوە كەلتورییەكانەوە، چەند بەشێكی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانەش لێكۆڵینەوە لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان، كاركردنی مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكانی ژیانی رۆژانە، سەیركردنی تەلەفزیۆن، خورد و خۆراك، وەرزشكردن و كڕین و بەكاربردنی پێداویستی رۆژانە، موسیقا و ئاهەنگگێڕان، سینەما و شانۆ و...هتد.
توێژینەوە كەلتورییەكان، قۆناغێكی نوێی میدیاییە، سەرەتای ئەكادیمی دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی 1990، وەك لەناوەكەدا دیارە میدیا و توێژینەوە كەلتورییەكان توانیوێتی لە قۆناغی تیۆری دەربچێت و بێتە مەیدان، شیكار بۆ هەموو هێز و ئایدیۆلۆژیا و شوناسە جیاوازەكانی میدیا و كۆمەڵگە بكات، گرنگییەكی تەواویش بە وەرگر دەدات، سەرەڕای بەگرنگەوە تەماشاكردنی سیاسەت، خاوەندارییەتی دامەزراوەكان لەلایەن تاك و كۆمەڵگەوە دەکات.
بەشێكی زۆری ئەم تێڕوانینانە لە رێگای هەموو ئەو بیرمەندانەوەیە كە پاشخانێكی كۆمەڵناسییان هەیە، لەوانەش (ئادرۆنۆ، هۆكهایمەر، فۆكۆ، دێریدا، ئاڵتوسێر، هابرماس، كاستێڵز، نیل پۆستمان...) هەموو ئەمانە توانیویانە دیدێكی رەخنەگرانە بۆ میدیا بخەنەڕوو.
دوای ئەوەی لەگەڵ برای بەرێزم (د. كاروان عەلی) گفتوگۆم كرد، لاپەرەیەكی نوێ لە كوردستان نوێ بكەینەوە بەناوی (میدیا و كەلتور) بەخۆشحاڵییەوە بەڕێزیان پێشنیازەكەی لا پەسەندبوو.
ئەم لاپەڕەیە دەبێتە دەریچەیەكی نوێ بۆ روانین لەم زانستە، دەتوانرێت لە رێگای نووسینی پسپۆڕانی ئەكادیمی، شرۆڤەكارانی كەلتور و میدیا بابەتەكان بخرێنەڕوو، لە ئایندەشدا هەوڵبدرێت بكرێتە پاشكۆیەكی هەفتانە، هەموو ئەو بابەتانەش لەم چوارچێوەیەدا لە دووتوێی كتێبێك بخرێنەڕوو، بۆ ئەوەی دەروازەیەك بەڕووی ئەم زانستە نوێیەدا بكرێتەوە.
بەستەری پەیوەندیكردن و ناردن:
[email protected]
• مامۆستای زانكۆ، پسپۆڕی میدیا و توێژینەوە كەلتورییەكان/ میدیای نوێ