شرۆڤەکارانی ئێران-ئیسرائیل

میدیا؛ بۆمبارانکردنی زانیارییەکان

10:00 - 2025-06-26
د.ئیسماعیل عوسمان
44 خوێندراوەتەوە

هەموو بەیانییەک لەخەو هەڵدەستین، بۆمبارانی زانیارییەکان (overload information) دەکرێن، ئەم بۆمبارانکردنە لە رێگای میدیا جۆراوجۆرەکانەوە، تۆڕەکانی سۆشیال میدیا، تەلەفزیۆن،  نامەئەلیکترۆنییەکان، هەنـــدێک جاریش رادیۆی ناو ئۆتۆمبیلەکانمان.
بۆمبارانی زانیاری، کاریگەریی خراپی لەسەر مێشک و دەروونی مرۆڤەکان دەبێت، رەفتار و بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگۆڕێت، تووشی بێزاری و بێتاقەتی دەکات، بەتایبەت لە رووداوە سروشتی و جەنگەکاندا. بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی (ساندیگۆ-کالیفۆرنیا)، رۆژانە 34 کێگابایت زانیاری رووبەرووی مێشک دەکرێتەوە، تۆفانی ئەم زانیاریانەش دەگاتە 100 هەزار وشە لەرۆژێکدا، 23  وشەیە لەیەک چرکەیەکدا، ئەم زانیارییە بەلێشاوانە کاریگەریی خراپی لەسەر مرۆڤ دەبێت، تووشی گێژبوون و نەمانی حەز و بیرکردنەوەی دەکات.
لەماوەی جەنگی 12 رۆژەی ئێران- ئیسرائیل دا، لەرێگای ماس میدیا جۆراوجۆرەکانەوە (بینراو، بیستراو، خوێنراو)، بۆمبارانی زانیاریی دەکراین، گوێ و مێشک و بیرکردنەوەی تاکەکانی تووشی بێزاری کردبوو، لەکاتێکدا نە مەیدانی جەنگ کوردستان بوو، نە لایەنگری جەنگەکەش هیچ لایەنێکی کوردی-عیراقی بووە، ئەم زانیارییە بەلێشاوە هاووڵاتیانی تووشی سەرگێژبوون کردبوو، بەتایبەت میدیای تەلەفزیۆن.
لەلایەکی دیکەوە، بوونی ئەو هەموو شرۆڤەکارە سیاسییە جۆراوجۆرانە، ئەو میدیاکارانەی کە هۆشیاری سیاسییان نەبوو، هێندەیتر دۆخەکەی ئاڵۆزکردبوو، ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بوایە، ئەوە هەموو پسپۆرانی زانستە مرۆڤایەتی و سیاسییەکان، دەبوونە شرۆڤەکار.
 زۆرێک لەوانەی کە شرۆڤەیان دەکرد، نە زمان و کەلتوری ئەو وڵاتە شارەزابوون، نە پاشخانی فکری ووڵاتەکەش شارەزابوون، ئاگاداری مێژووی دیسکۆرسی (گوتار) ی سیاسی نێوان ئێران-ئیسرائیل نەبوون، بۆیە بابەتەکانیان زۆر لەئاستی ئاسۆییدا بوو نەک ستوونی، ئەوەی لە ڤیدیۆکاندا دەبینرا ئەوەیان دەوتەوە، بۆ نموونە؛ ژمارەی موشەک و فرۆکەکانی جەنگەکە، ژمارە لێدانەکان، وتە و لێداونی سەرکردەکان. بەڵام بە پێچەوانەی میدیا جیهانییەکان قوڵتر لە دۆخەکەیان دەڕوانی.
میدیا ئینگلیزییەکان؛ لە رۆماڵ و شرۆڤەی ئەم جەنگە زۆر وردتربوون، ئەگەرچی وەک سنووری جوگرافیا دوورترن لە رووداوەکە، ئەوەش وایکردووە ببنە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری بۆ زۆرێک لە میدیا جیهانییەکانی دیکە، لەوانەش رۆیتەرز، فرانس پرێس، ئەی ئێف پی.
میدیا عەرەبییەکان؛ کەناڵی جەزیرە لە سەرەتای ئەم شەڕدا، پێنج شیکەرەوەی سیاسی سەرەکی هەبوون، دووانیان لەبواری سەربازیدا بوون، بەڵام پڕ لە زانیاری، ئەوانیش شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شارەزای کاروباری عەرەب-ئیسرائیل، شارەزا لە موشەک و جەنگ... هەروەها کەناڵی عەرەبیە، بەهەمانجۆر چەند شیکەرەوێکی سیاسی لە بواری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەبوو، بەردەوام ئەمانە لەسەر شاشە دەبینران، بەجۆرێک بوون کە وتەکانیان سەرسامیان دەکردیت.
میدیا فارسییەکان؛ بەتایبەت ئێران ئەینتەرناشناڵ، ئەگەرچی لە رۆماڵی زانیارییەکان، لایەنگر و دژە ئێرانی پێوە دیاربوو، بەڵام شرۆڤەکارەکانی باکگراوندێکی قوڵی بیرکردنەوە و مەعریفەی باشیان هەبوو، لەسەر ئێران و ناوچەکە، وردتر  لە رووداوەکانیان دەڕوانی.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە پێویستە میدیا بەو جۆرە بۆمبارانی زانیاریی وەرگرە نەکات، ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە میدیادا هەیانە بەجەنگ پڕی نەکەنەوە، شوێنی هەناسەدانێک بۆ بینەر و بیسەرەکان بهێڵنەوە، تووشی بێتاقەتی و فۆبیای دەروونیان نەکەن.
*مامۆستای زانكۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر