كورد و دیپلۆماسیی كەلتوری

10:05 - 2024-06-06
فەرید دڵشاد
210 خوێندراوەتەوە

دیپلۆماسی بەپێی قۆناغە مێژووییەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەگەر لە سەردەمی كۆندا تەنها لە پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتدا قەتیس بووبێت، ئەوا ئێستا ئەو چەمكە چەندین مانای فراوانی لەخۆ گرتووە و پەلی بۆ دیپلۆماسی بازرگانی و سەربازیی و كەلتوریی و كۆمەڵایەتی كێشاوە، رۆژ بە رۆژیش گرنگی ئەم دپلۆماسییە زیاتر دەبێت.
دیپلۆماسی جۆری زۆرە لەوانە دیپلۆماسی نهێنی، ئاشكرا، دوولایەنە، گشتی، فەرمی، جەماوەری، نوێنەرایەتی، كۆنگرە، لووتكە، هەژموون، ئابووری، پارا دیپلۆماسی، پرۆتۆ دیپلۆماسی و دیپلۆماسی وزە، بەڵام لەم سەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیایەدا، دیپلۆماسی كەلتوری زیاتر لە جاران رۆڵی خۆی دەبینێت و بۆتە پردی پەیوەندی نێوان گەلان.
دیپلۆماسی كەلتوری بە سادەیی خۆی دەبینێتەوە لە پەیوەندیی بەهێز و باشتری نێوان كەلتورە جیاوازەكانی وڵاتان و كەمكردنەوەی بۆشایی نێوان كەلتورەكان نزیك و دژ بە یەكەكان و ئاڵوگۆڕی بیرۆكە و زانیاری و هونەر و زمان و لایەنەكانی تری كەلتور، بە مەبەستی لێكتێگەیشتنی زیاتری گەلانی جیهان و رێزگرتن لە فرەیی و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و مافەكانی مرۆڤ.
كاتێك دیپلۆماتكاران پاشخانی جۆراوجۆر لە دەوری مێزی دانوستان كۆدەبنەوە، دیپلۆماسی كەلتوری جیاوازییەكان نەرم دەكات، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ رێكەوتننامەی كامپ دەیڤد لە ساڵی 1978، گێڕانەوەی كەلتور و مێژوویی یەكتر لە نێوان ئەنوەر سادات سەرۆكی میسر و مەناحیم بیگین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بووە كلیلی سەرەكی دانوستانەكان و ئیمزاكردنی رێكەوتنەكە.

 

زۆرجار دیپلۆماسی كەلتوری، دەگۆڕێت بۆ ئامرازێكی هێزی نەرم، حكومەتەكان هەناردەكردنی كەلتوری خۆیان بەكاردەهێنن، جا سینەما یان ئەدەب یان وەرزش

 

لە بواری داڕشتنی سیاسەتدا، زۆرجار دیپلۆماسی كەلتوری، دەگۆڕێت بۆ ئامرازێكی هێزی نەرم، حكومەتەكان هەناردەكردنی كەلتوری خۆیان بەكاردەهێنن، جا سینەما یان ئەدەب یان وەرزش، ئێستاش بیر لە هۆلیوود بكەرەوە، لە رێگەی نمایشكردنی فیلمەكانییەوە چۆن كەلتوری رۆژئاوای بە هەموو جیهان ناساندووە و هەموانی سەرسام كردووە.
ئەگەرلە رابردوودا نوێنەرایەتییەكان لە باڵیۆز و كونسوڵەكان لە هەرێمی كوردستان تەنها لەگەڵ بەرپرسەكاندا كۆبوونایەتەوە، ئێستا ئاستی دیپلۆماسییەكەیان دابەزاندووە بۆ خوارەوەی كۆمەڵگە، لە رێگەی چەندین چالاكی كەلتورییەوە نزیكبوونەوە لێیان و فەرهەنگی خۆیان بە هونەر و وێنە و موزیك و گۆرانی پێ‌ ئاشنا كردوون و سەرنجی كوردیشان بۆ لای خۆیان راكێشاوە.
هەرچی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەیە، كە وەكو وەزارەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی 14  نوێنەرایەتییە لەو ژمارەیە 10 نوێنەرایەتی و سەرۆكی فەرمانگەكە لەلایەن پارتییەوە بەڕێوەدەبرێت، نەیتوانیوە ئامانجەكانی دیبلۆماسی كەلتوری بەدیبهێنێت، نوێنەرایەتییەكان هەوڵیان داوە چاویان بە بەرپرسی باڵا بكەوێت و نەیان توانیوە ئەم كەلتورە دەوڵەمەندەی كورد هەیەتی بە هاووڵاتیانی دەرەوە ئاشنا بكەن.
نموونە بۆ ئەوە بۆ كاتێك مانگی دووی ئەمساڵ بۆ  گەشتێكی زانستی سەردانی چینمان كرد، تیایدا نوێنەرایەتی 27 وڵاتی جیاواز هاتبوون، جیی داخە کە لەگەڵیان باسی كوردمان دەكرد زۆربەیان ئەسڵەن ناوی كوردیان نەبیستبوو چجای كەلتورەكەمان، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە نوێنەرایەتییەكانمان نەیانتوانیوە كورد و كەلتورەكەی بە جیهان بناسێنن.

وتارەکانی نوسەر