قۆڵبەستکردنی (مەدینە سەعبە) لە 1963 دا

06:21 - 2024-06-09
ستران عەبدوڵڵا
202 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا 

 نۆی حوزەیرانی 1963 بوو، کوردایەتی لەمە زیاتر ناکرێت کە لە سلێمانی کرا، لەمە زیاتر نابێت کە گەنجەکانی سلێمانیی کردیان.
کوردایەتی لە ئەوجی داکۆکی و خاوەندارێتی خۆیدا بوو، هێزی هەبوو، خەڵکی هەبوو، (سلێمانی) هەبوو. ئێ سلێمانیش کوردی شەرمەزار نەکرد و خۆشی بەسەر بڵندی هێشتەوە.
دیمەنەکە بە خەیاڵی مێژوو بێننە بەرچاوی خۆتان..، بۆگەنێکی گەورەی ناسیۆنالیستی هێرشبەری دەسترێژیکەری نەتەوەی سەردەست ناوچەکەی گرتۆتەوە، پەتایەکی ئیقلیمگیرە، لە پایتەختی عەسکەر لە بەغدا بەعس و حەرەس قەومییەکەی قوڵپی تاوانی دەدا، لە دیمەشقی پایتەختی جوانی و فەرهەنگ بەعسی ئەمەوی هاتە سەرخەت و هەموو شتێکی تەسلیمی (مەکتەبی سانی) کردبوو، لە تورکیا ئەفسەرانی خوردەبورژوا کودەتایان لە دژی نەختە دیموکراسییەکەی مەندریس بەرپابوو، لە تاران شا و شابانۆ و پان ئێرانستی فشەکەر هەناسەی لە هەموو کورد بڕیبوو، لەم زەمان و لەم مەکانە نا جۆرەدا (سلێمانی) وتی نا بۆ کورد قڕان و نا بۆ زەعیم سدیق و نا بۆ بەعسی شۆڤێنی. نرخی ئەم ناڕەزاییەی بە خوێن و بە پشتوێن و بە زیندە بەچاڵکردن دا. سلێمانی کە بە شێنیی ئەهلی نوکتە و جنێوی مزرن، پێیان عەیب بوو لە ژێر گوشاری سوپای عیراقدا جنێو بە شاخەکان بدەن.   
سلێمانی وای هێناوە و تا ئێستاش باشی هێناوە، گوشار دەخاتە سەر گوشار، (حامیە) فەسڵێکە لە دەیان فەسڵ، پێش ئەو دەورە راپەڕینی (بەردەرکی سەرا) هەیە و دوای ئەو فەسڵەش  قینی سەددام و بەعسی دووەم لە (مەدینە سەعبە) و ئەمنە سوورەکە قسەیان هەیە. دوای راپەڕینیش بە شێوەی جیا گەمارۆ و جیاکاری هەس. بەس سلێمانی هەر قەدەری کوردە و قەدەری کوردیش حەزی لێیە مۆدێلی سلێمانی گشتگیر بێت و هەموو مەملەکەت بتەنێتەوە. حەزی لێیە مۆدێلەکە پایەدار بێت لە ژیاندۆستی و لە خەبات ویستی. لە (هەڵپەڕکێ) ی بەهاری و لە (هەڵمەت) ی زستانی و دژواریدا.
سلێمانییە کە گەمارۆ دەرەقەتی نایە، فەقەت لابردنی گەمارۆ دەرفەتی تیایە.

وتارەکانی نوسەر