ئێستا لە هەركات زیاتر ناوچە دابڕێنراوەكان لە ژێر هەڕەشەی عەرەباندندان، ئەوە جگە لەوەی هەرگیز بەوجۆرە تەنیا نەبوونە، راستە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەستەی تایبەت بەو ناوچانە هەیەو لە نزیكەوە بارودۆخەكە هەڵدەسەنگێنێت و ئازارەكان دەبینێت، لێ هەر ئەوە بەسە، بێگومان نەخێر، ئەی نوێنەرە كەركوكییەكانی بەغدا، پارلەمانتارەكان كاریان چییە، چما ئەوانیش هەروەك ئێمە قسە دەكەن، یان لانیكەم دەبێت بزانن خاوەن رایان، وێنەكە نیشان دەدەن و ئەركی خاوەن بڕیارانە بیر لە چارەسەری شێواوی نێو وێنەكە بكەنەوە، نوێنەران و كاربەدەستانی كورد لە بەغدا رایەداران نین، بڕیار بەدەستانن، ئەم دووە لێكتر جیاوازن، قسە كردن بابەتێكی دیكەیەو چارەسەر بابەتێكی تر، كەركوك و كۆی ناوچە دابڕێنراوەكان لە بەردەم هەڕەشەی گەورەدان، ئەوەتا عەشایەری عەرەب بە ئاشكرا لەسەر شاشەو لە نێو میدیا قسە دەكەن و دەڵێن هەموو ئەو گوندانەی كورد بە هی خۆی دەزانێت، هی عەرەبن، ئەوان بۆ ئەو كارە ئەوەندەی من بیستبێتم دەستكاری تۆماری 1957یشیان كردووە، چما كوردەكە چی دەكات، هەر ئەوە ماوە قەبرسانەكان هەڵگێڕنەوە، تا بڕیار بەدەست و ئاوەزمەندانی وەك تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و ئەوان لە ژیاندا بوون، مەترسیەكە بەو جۆرەی ئێستا نەبوو، ئێستا كە بارزانی باوكیش بە تەواوەتی لە پرسی كورد كشاوەتەوەو هەر خەریكی دۆخی حزبەكەیەتی كەركوكیش یاپشە یاپشە لە دەست دەردەچێت.
ئایا ناوچە دابڕێنراوەكان ئەوە ناهێنێت یەكێتی و پارتی و كۆی لایەنەكانی دیكه، كە هەموو كەم و زۆر بەشدارن لەو نەهامەتیانەی بەسەر ئەو شارەو ناوچەكانی دیكە دێت «كۆنگرەیەكی تایبەت لە بارەیانەوە بكرێت و نەخشەڕێی چارەسەری بۆ دابنرێت؟ ئایا كورد لێبگەڕێت بەرەبەرە هەموو ئەو ناوچانە بە دەردی موسڵ بچن، كە ئیدی ئەو شارە هەمیشە شارێكی عەرەبییەو فڕی بەسەر كوردەوە نەماوە، وەك چۆن حەویجەش بۆ هەتا هەتا بوو بەموڵكی عەرەب؟ لەوە گەڕێن كە رۆژانە كوردەكە بیر لەوە دەكاتەوە زەویەكانی بفرۆشێت و خۆی لێدەرباز بكات، هەر ئێستا ناسیاوێكی من سەدان دۆنم زەوی باوباپیری داناوە بۆ فرۆشتن، هەر باشە حسی نەتەوەییەكەی هێشتا رێی نادا بە حەشدی بفرۆشێت كە پارەیەكی زۆری دەدەنێ، ئەی كورد سەرقاڵی چییە، گەلۆ ئەو شارە نازدارە خەریكە دەچێتە خانەی قتەوە ئەگەر نەچووبێت سبەی دەستی شكاوم نایخوات، سەبارەت بە پرسی كەركوك و ئەو ناوچانە هەرگیز كورد هێندەی ئێستا دەستەپاچە نەبووە، لە تەخوینكردنی یەكتر گەڕێن پیاز گەیشتە پردێ.
حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێم و هاوكارەكانی سەبارەت بە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ئەركی گەورەیان لە ئەستۆیەو دەبێت بە پەلە كاری لەسەر بكەن، هەر ئەوە بەس نییە لە بەغدا باوش بكرێتە ئەو برای چاوڕەش و ئەو برای چاوڕەشدا كە بە ناوی برایەتیەوە خەریكە ریشەمان دەكێشن، خۆزگە سەرۆكی هەرێم توانیبای سەرێكی بە كەركوكدا كردبا و دۆخەكەی بە چاوی خۆی دیبا.