دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانICC چییە و دەتوانێت کێ تۆمەتبار بکات؟

10:22 - 2024-06-11
پارێزەر: فەرمان محەمەد
134 خوێندراوەتەوە

دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان کە بارەگای سەرەکیی لە لاهای هۆڵەندایە، ساڵی 2002 بە مەبەستی لێپێچینەوە لە تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی،جینۆساید و تاوانی دەستدرێژیی دامەزراوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندام نەتوانن یان ئامادەنەبن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، ئەوە ICC وەک دادگایەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی  بەم کارە هەڵدەستێت. ئەم دادگایە دەتوانێت لەسەر ئەو تاوانانە، کە لەلایەن هاوڵاتی سەر بە وڵاتانی ئەندامیەوە یان تەنانەت لە خاکی ئەو وڵاتانەدا لەلایەن کارەکتەرەکانی دیکەوە ئەنجامدراون، هەڵوەستەیان لەسەر بکات و تۆمەت ئاڕاستەی لایەنەکان بکات.
بە پێچەوانەی دادگای دادی نێودەوڵەتیی ICJ، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ICC ئۆرگانێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نیە و دەوڵەتان دادگایی ناکات، بەڵکو تاکەکان و بکەرانی تاوانەکان دادگایی دەکات.
لە کاتێکدا ICC  سەربەخۆیە، بەڵام لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیریی دەکرێت و رێککەوتنی هاوکاریی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەپارێزێت. کاتێک کەیسێک لە دەسەڵاتی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکاندا نەبێت، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت ئەو دۆسێیە ئاڕاستەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بکات و دەسەڵاتی دادوەریی پێبدات.
دادگا دەتوانێت لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکات کە گوایە لە خاکەکەیدا ئەنجامدراون، یان لەلایەن هاوڵاتیی هەر دەوڵەتێکەوە، کە دەسەڵاتی دادگاکەی قەبووڵ کردووە، بە ئیمزاکردنی پەیڕەوی یاسای رۆما، ئەو پەیماننامەیەی کە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکانی دامەزراندووە. هەر وڵاتێکی ئەندام دەتوانێت داوا لە داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان بکات کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی یاسایی دەستپێبکات.
دادگاکە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کەسانی پلەباڵا دەرکردووە، لەوانە عومەر ئەلبەشیر، سەرۆکی پێشووی سودان، سەیف قەزافی کوڕی موعەمەر ئەلقەزافی، سەرۆکی کۆچکردووی لیبیا و لەم دواییانەدا، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی روسیا.
ئەو دەوڵەتانەی ئیمزایان کردووە ناچارن ئەو کەسانە دەستگیربکەن،کە ڕووبەڕووی فەرمانی دەستگیرکردن دەبنەوە، بەڵام زۆرجار سەرکردەکان هەوڵیان داوە خۆیان لەو فەرمانانە بپارێزن و ئازادیی جووڵەیان سنووردار کراوە. دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان میکانیزمی جێبەجێکردنی تایبەتی خۆی نییە و پشتی بە پشتیوانیی وڵاتان بەستووە بۆ دەستگیرکردن.
*ئایا دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان دەسەڵاتی دادوەری بەسەر حەماسدا هەیە؟
سەرکردەکانی فەلەستین لە ساڵی 2015دا ئیمزایان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی رۆما کرد. بەم پێیە، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان دەسەڵاتی دادوەریی بەسەر کارەکتەرەکانی غەززە و ناوچەکانی تری فەلەستین و ئەو ناوچانەدا هەیە، لەنێویاندا حەماس. بەپێی مادەی 15ی پەیکەری رۆمای ICC، هەر تاکێک، گرووپێک، یان ڕێکخراوێک دەتوانێت سکاڵا لەسەر تاوانەکان لە دادگا تۆمار بکات.
*ئایا دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان دەسەڵاتی دادوەری بەسەر هاوڵاتیانی ئیسڕائیل یا سەرۆک و سەرکردە سەربازییەکاندا هەیە؟
بۆ یەکەمجارە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان سەرکردەی باڵای هاوپەیمانێکی نزیک لە ئەمریکا دەکاتە ئامانج. پێشتر دادگای نێودەوڵەتیی تاوان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی رووسیا دەرکردبوو، بەهۆی شەڕی مۆسکۆ لە دژی ئۆکرانیا.
ئیسڕائیل دان بە دەسەڵاتی دادوەریی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکاندا نانێت، چونکە پەیڕەوی ناوخۆی رۆمای ئیمزا نەکردووە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نی یە ناتوانرێت لەلایەن دادگاوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
لێکۆڵینەوەکە لە مانگی ئازاری 2021 دەستیپێکردووە، کە لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە لە ساڵی 2015دا رەوانەی دادگا کراوە، کە ئەرکی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکانی وەک دەوڵەتی فەلەستین پەسەند کردووە. پاشان دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان بەو ئەنجامە گەیشتن کە دەسەڵاتی دادوەریی لەسەر ململانێکان هەیە، کە پانتایی خاکی ئەم دەستەڵاتە تا غەززە و کەناری رۆژاوا درێژ دەبێتەوە، بە قودسی رۆژهەڵاتیشەوە. بەمەش هەر تاکێکی ئیسڕائیلیی بە سەرۆک و سەرکردە سەربازیەکانیشیانەوە، دەکەونە ژێر بڕیار و دەسەڵاتی ئەم دادگایەوە.

 

دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان تەنیا مامەڵە لەگەڵ تاوانە قورسەکاندا دەکات، بەڵام کاتێک گوێت لە وردەکارییەکانی هەردوو لایەن دەبێت، بەڕاستی ئەوە جێگەی سەرنجە

 

* کەیسەکانی ICC VS ICJ
ئەم کارەی دادگای تاوانەکان لە کاتێکدایە کە دادگای نێودەوڵەتیی داد، کە دادگایەکی جیاوازە لە لاهای، تاوتوێی دۆسێیەک دەکات لەلایەن ئەفریقای باشوورەوە پێشکەش کراوە و تێیدا ئیسڕائیل تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە. هاوکات ئیسڕائیل دان بە ICJ دەنێت.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان ICC بە پێچەوانەی دادگای نێودەوڵەتیی دادوەریی ICJ بەشێک نییە لە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان. دەسەڵاتی دادوەریی بەسەر تاکەکاندا هەیە، بەپێی یاسای رۆما بە تاوانی گەورە دادگاییان دەکات. لە کاتێکدا دادگای دادی نێودەوڵەتیی مەدەنییە، بەڵام دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان، تاوانکارییە.
دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکانی جیاوازە لەو دۆسیەیەی کە ئێستا لەلایەن دادگای دادی نێودەوڵەتییەوە دەبینرێت ،بەهۆی داوایەکی باشووری ئەفریقا کە ئیسڕائیل لە شەڕی دژی غەززەدا پابەندبوونەکانی بەپێی ڕێکەوتننامەی جینۆساید پێشێل کردووە.
دادگای نێودەوڵەتیی لە مانگی یەکدا یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر ئەو دۆسیەیە ئەنجامدا و بەردەوام بوو لە فەرمانی ژمارەیەک ڕێوشوێنی کاتیی کە ئیسڕائیل تا ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێی خستووە.
هەردوو ئیسڕائیل و ئەفریقای باشوور رێکەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ئیمزا کردووە  کە دەسەڵاتی دادوەریی دەدات بەICJ باڵاترین دەزگای یاسایی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بڕیاردان لەسەر ناکۆکییەکان.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC) و دادگای دادی نێودەوڵەتی (ICJ)هەردووکیان لە لاهای  هۆڵەندان، کە سێ کیلۆمەتر لە یەکترەوە دوورن.
* مادەی هەشتەمی پەیڕەوی ڕۆما ICC، تاوانی جەنگ
مادەی 25 بەرپرسیارێتی تاوانکاری تاکەکەسی، دادگا بەپێی ئەم یاسایە دەسەڵاتی دادوەریی بەسەر کەسانی سرووشتیدا دەبێت، تاکەکەس بەرپرسیار دەبێت و بەپێی ئەم پەیڕەوە سزا دەدرێت.
* لە مادەی ٢٨ی یاسای ڕۆما تایبەت بە ICC
بەرپرسیارێتی فەرماندە و هێزە چەکدارەکانی تر، بەپێی ئەم بڕگەیە فەرماندە سەربازییەکان بە شێوەیەکی تاوانکاریی بەرپرسیار دەکرێن لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە و لەژێر فەرماندەیانەوە ئەنجام دەدرێت.
* مادەی حەوتەمی پەیڕەوی ڕۆماICC  تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی
مەبەستی ئەم یاسایە، ‹تاوان دژی مرۆڤایەتیی› واتە هەریەکێک لەم کردەوانەی خوارەوە کاتێک وەک بەشێک لە هێرشێکی بەرفراوان یان سیستماتیکیی ئەنجام دەدرێن، کە ئاڕاستەی دانیشتووانیی مەدەنی کراوە.
کوشتن، قڕکردن، کۆیلەکردن، دیپۆرتکردنەوە یان گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووان. بەپێی مادەی 7 بڕگەی(1)ی پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی پێویست ناکات بەسترابنەوە بە شەڕێکی چەکداریەوە، هەروەها دەتوانن لە کاتی ئاشتیدا روو بدەن، هاوشێوەی تاوانی جینۆساید.
جگە لەوەش، مادەی 7 بڕگەی(2) لقی (A)ی پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما دیاری دەکات کە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی دەبێت لە پلان و سیاسەتی دەوڵەت یان ڕێکخراوەیی بۆ ئەنجامدانی هێرش رێکخرابێت. پلان یان سیاسەتەکە پێویست ناکات بەروونی دیاریی بکرێت یان بەفەرمی پەسەند بکرێت. بۆیە دەتواندرێت لە کۆی بارودۆخەکانەوە دەربکەوێت.
قڕکردن وەک تاوانێک دژی مرۆڤایەتی، کوشتن وەک تاوانێک دژی مرۆڤایەتی، بارمتەکردن وەک تاوانی جەنگ، دەستدرێژیی و کردەوەکانی تری تووندوتیژی سێکسی وەک تاوان دژی مرۆڤایەتیی و تاوانی جەنگ لە چوارچێوەی دیل بوون دا، ئەشکەنجەدان وەک تاوانێک دژی مرۆڤایەتی و وەک تاوانی جەنگ، مامەڵەی دڕندانە وەک تاوانی جەنگ، توڕەیی لەسەر شکۆی کەسیی وەک تاوانێکی جەنگ. دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان تەنیا مامەڵە لەگەڵ تاوانە قورسەکاندا دەکات، بەڵام کاتێک گوێت لە وردەکارییەکانی هەردوو لایەن دەبێت، بەڕاستی ئەوە جێگەی سەرنجە.

دادگای دادی نێودەوڵەتی

وتارەکانی نوسەر