رێگاکانی گەشەپێدانی ئابووری، چین؟

11:12 - 2024-06-11
هاشم غەمگین
522 خوێندراوەتەوە

پتەوبوونی ئابووری بنەمای گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەر وڵاتێكە، ئەویش لەچەند سەرچاوە و بوارێك پێكدێت، لە خوارەوە بە چەند خاڵێك بوار و سەرچاوەكان پۆلێن دەكەین و دەیخەینەڕوو، كە پێویستە عیراق و هەرێم كاری جددی لەسەر بكەن.
بواری سووتەمەنی كە نەوت و گاز دەگرێتەوە، كەرتێكی پڕبایەخ و گرنگە، ئەگەر بێت و وڵاتێك خاوەنی سامانی سروشتی بێت، دەتوانێت لە رێی هەناردەكردنەوە داهاتێكی یەكجار گرنگ بەدەست بهێنێت كە بەشی ئیدارەدانی وڵات بكات، هەروەها پێویستی ناوخۆ دابین بكات لە نەوت و گاز و بەنزین بە جۆرێك بە خەڵكی خۆی بە هەرزان بفرۆشرێت، كە سووتەمەنیش هەرزان بوو، دەبێتە هۆی ئەوەی گواستنەوەی كاڵای بازرگانی هەرزان بكەوێت و لە بازاڕەكانیشدا بە هەرزان بفرۆشرێت. 
نەبوونی پلان
بۆ نموونە لە ئەوروپا نرخی بەنزین گرانە، بەڵام دەتوانیت بە دوو هەزار یۆرۆ ئۆتۆمبێلێكی باش بكڕیت، لە ئێران نرخی ئۆتۆمبێل بەرامبەر بە وڵاتانی دیكە گرانە، بەڵام تانكییەكی 60 لیتری بەنزین بە پێنج هەزار دیناری خۆمان پڕ دەكرێت، بەڵام لە عیراق و هەرێم نرخی ئۆتۆمبێل و بەنزین و گاز هەموویان پێكەوە گرانن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەرنامە و پلان و نەبوونی پاڵێوگەی پیشەسازی سووتەمەنی كە پێویستی ناوخۆ لە بەنزین و گاز بە هەرزان دابین بكات.

 

هەر كاتێك سووتەمەنی هەرزان بوو، دەبێتە هۆی ئەوەی گواستنەوەی كاڵای بازرگانی هەرزان بكەوێت و لە بازاڕەكانیشدا بە هەرزان بفرۆشرێت

 

گواستنەوە وەك شادەماری ئابووری
پەرەپێدان بە بواری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و پەلەوەر و سامانی ماسیش یەكێكە لە بنەماكانی پێشكەوتنی ئابووری كە دەبێتە سەرچاوەی داهات و بژێوی و رەخساندنی هەلی كار و دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ و پیشەسازی و ئاسایشی خۆراك و سەلامەتی تەندروستی، بۆیە گرنگیدان بەم بوارانە وا دەكات وڵات بەرەو بەرهەمداریی بەرێت.
بواری گواستنەوە كە بە شادەماری پتەوكردنی ئابووری دادەنرێت، وەك هێڵەكانی گواستنەوەی ئاسمانی و وشكانی و دەریایی كە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات و رەخساندنی هەلی كارن، بۆ گەشەپێدانی كەرتی گواستنەوە و بوژانەوەی گەشتیاری.
كەرتی گەشتیاری
پێگە و قورسایی دراو، بەرامبەر دراوی وڵاتانی تر، هۆكارێكی گرنگە بۆ ئەوەی هاوردە هەرزان بكەوێت، هەروەها هەر كاتێك سەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی پتەو بێت، ئابووریش گەشە دەكات.
سەبارەت بە گواستنەوە لە رێگەی وشكانییەوە، فراوان كردنی رێگاوبان و دروستكردنی پرد و تونێل و دروستكردنی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی لە شارەكان هۆكارێكی گرنگە كە گواستنەوە و هاتوچۆ گەرم و خێرا و فراوان دەكات.
سەبارەت بە كەرتی گەشتیاریش، هەر وڵاتێك خاوەنی شاخ و چیا و دۆڵ بێت، خاوەنی تاڤگە و چەم و رووبار و دەریاچە و زێ بێت، هەروەها خاوەنی دارستانی چڕ و باڵندە و ئاژەڵی كێوی بێت، دەبێتە وڵاتێكی گەشتیاریی گرنگ، كە داهاتەكەی لە داهاتی كەرتەكانی دیكەی ئابووری كەمتر نییە. 

هاوسەنگیی لە گرنگیدان بە سێکتەرە جیاوازەکان، دەبێتە هۆی هەڵکشانی گەشەی ئابووری

وتارەکانی نوسەر