زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

سۆسیۆ_ئیستێتیک

10:26 - 2024-06-13
د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
359 خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

 

ســـــۆســــــــــیۆ_ئیســــــــــــتێتیک
Socio-aesthetics ، واتە جوانیناسی لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە، بەشێکی گرنگی زانستی جوانییە، لەم بەشەدا هەردوو چەمکی جوانی و ناشیرینی تەنیا لەنێو فەلسەفە و هونەردا نامێننەوە، بەڵکو ئەو چوارچێوەیە دەشکێنن و دەچنە نێو سەرجەم کایەکانی دیکەی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە.
تێکستی ئەدەبی، لە روانگەی زانستی جوانییەوە، بریتییە لە قەوارەیەکی ئیستێتیکی کە دەچێتە نێو سیستمە رۆشنبیرییەکانەوە (کولتووری و هیومانیستی و سۆسیۆلۆجی و تەنانەت رامیاریش)، بەڵام زانستی جوانی(ئیستێتیک)، وەک یەکێک لە زاراوەکانی رەخنەی رۆشنبیری، تەنیا لەنێو كارە هونەری و ئەدەبییەكاندا سنووردار ناكرێت، بەڵكو لە سەردەمیتازەدا ئەم زانستە دەچێتە نێو سەرجەم زانستەکانی دیکە و بگرە هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتییەوە،بەتایبەتی بوارەكانی رەفتاری كۆمەڵایەتی و نەریتی کۆمەڵایەتی، واتە مەسەلەکانی جوانی و ناشیرینی لەژیانی مرۆڤەكاندا چەندین روخسارو چەندین دیو و رەهەندیان هەیە، بەتایبەتی لە ئاكار و رەفتاری تاك و گرووپەكانی كۆمەڵگەدا.
جوانی و ناشیرینی دەچنە نێو سەرجەم ئەو كایە و بوارانەی بەشێكن لە گەشەپێدانی مرۆیی، یەكێكلە ئامانجەكانی گەشەپێدانی مرۆیی بریتییە لەخوڵقاندنی رۆحی جوانی لە ناخی تاكەكانیكۆمەڵگەدا، ئەمەش بە دەستەبەركردنی ئەوهەلومەرجانە دروست دەبێت كە گەشبینی و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی و لێكبوردن  لەلایمرۆڤەكان گەشە پێدەدات، لەتەك رەتكردنەوەینەریتەكانی تۆڵە و كینە و بیری خێڵەكی، ئینجاهەوڵدان بۆ لابردنی خەمۆكی و گۆشەگیری و بێزاربوون لە ژیان، هەموو ئەمانە بۆ خوڵقاندنیدیدێكی ئیستاتیكییە بۆ ژیان.

 


تێکستی ئەدەبی، لە روانگەی زانستی جوانییەوە، بریتییە لە قەوارەیەکی ئیستێتیکی کە دەچێتە نێو سیستمە رۆشنبیرییەکانەوە (کولتووری و هیومانیستی و سۆسیۆلۆجی و تەنانەت رامیاریش)

 

وەك چۆن لە فەلسەفەی جوانی و هونەردا لەبریوشەی "جوان" وشەی "ئیستێتیك" بەكاردەهێنرێت، دەبینین لەبریی وشەی دزێویاخود لەبریی وشەی "ناشیرین"، وشەی"گرۆتێسك" بەكاردەهێنرێت، لێرەدا وشەیگرۆتێسك واتە ناشیرین، بەڵام بە مانا هونەرییەكەی، واتە شێواندن یان مەسخ، كە بڕێكیزۆری لە هونەر و جوانیی تیادایە.
لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ جوان و جوانی، بە مانا باو و ئاساییەكەی، هەر دوو وشەی Beautiful – Beauty  بەكاردەهێنرێت، بەڵام لە مانا هونەرییەكەیدا، وشەیئێستێتیك  Aesthetics   بەكاردەهێنرێت. بەهەمان شێوە بۆ وشەی ناشیرین و دزێوی، بە مانا باو و ئاساییەكەی، وشەی Ugly  بەكاردەهێنرێت،كەچی ناشیرین لە مانا هونەرییەكەیدا دەبێت بەGrotesque .
گرۆتێسک بە ئەندازەیەکی زیاتر لە کاری ئەدەبی و هونەریدا هەیە، بۆ نموونە تابلۆکانی گۆیا و گۆگان کە لە هێنانی "ناشیرینی" بۆ ناو تابلۆکانیان دەستپێشخەر بوون، ئەوان دەیانویست سنووری نێوان جوانی و ناشیرینی بسڕنەوە. گرۆتێسک لە چەندین کاری هونەری و ئەدەبیدا هەیە، وەک: "شانۆی بێهوودەیی" لای سامۆیل بیکێت، تابلۆکانی سلڤادۆر دالی و پیکاسۆ و کاندینسکی، شیعری "گوڵەکانی خراپە"ی بۆدلێر، "وەرزێک لە دۆزەخ"ی رامبۆ، "خاکی وێرانە"ی ئیلیەت، رۆمانی 1984ی جۆرج ئۆروێل کە بە رۆمانی دیستۆپیا دوناسرێت.
لە سۆسیۆ_ئیستێتیکدا، جوانی بۆیە هەیە چونكەناشیرینی هەیە، بەڵام ناشیرینی بەڕەهاییپێچەوانەی جوانی نییە، ، وەك چۆن جوانی رێژەییە،بە هەمان شێوە ناشیرینیش رێژەییە، واتە لە ئەدەب و هونەر و لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا، هیچ شتێك نییە تا سەر هەر جوان بێت، هیچ شتێكیش نییە تا سەرناشیرین بێت، دەشێت جوان و ناشیرینئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێت، واتە بۆی هەیە لە رەفتاری کۆمەڵایەتیدا جوانی بگۆڕدرێت و ببێت بەناشیرینی، یان بەپێچەوانەوە، ناشیرین ببێتبە جوان.
هەندێک لە دیارترین بیرمەندانی بواری سۆسیۆ_ئیستێتیک بریتین لە: 
1_ رۆماننوسی ئیتالی ئۆمبرتۆ ئیکۆ کە دوو کتێبی قەبەی دەربارەی مێژووی جوانی و مێژووی ناشیرینی چاپ کردووە. 
2_جوانیناسی فەرەنسی چارلزلالۆ کە هونەر و جوانی پەیوەست دەکات بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە.
3_ سۆسیۆلۆجیستی فەرەنسی ئیدگار مۆران کە ئیستێتیکا دەباتە نێو زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکانەوە.
4_نووسەری فەرەنسی جۆرج فیگاریللۆکتێبێکی چاپ کردووە بەناونیشانی  "مێژووی جوانی" باسی مۆدێلەکانی جوانی و جوانیی جەستە دەکات لە چەرخی رێنیسانسی ئەوروپییەوە تا سەردەمی فیلەر و بۆتۆکس و بچوککردنەوەی لووت لە سەدەی بیستویەکەمدا.

وتارەکانی نوسەر