پاڵەوانی کولتووری Culture Hero، بەو کەسێتییە گرنگ و ناودارە دەگوترێت کە لە لێکۆڵینەوەی ئەفسانەییدا ناوێکی دیاری هەیە و نوێنەری گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان نەتەوەییە، لە ئەفسانە و حیکایەتە ئیتنییەکاندا دامەزرێنەری هەندێ سیمای دیاری گرووپ و جۆری ژیانی ئەو گرووپەیە، دەشێت پاڵەوانی کولتووری لەگەڵ خواوەند و رۆحەکانی دیکەدا بکەوێتە کێبەرکێ و جەنگەوە کە بەهۆیەوە کۆمەڵێ ئیمتیازات بۆ ئەندامانی گرووپ بەدەست دەهێنێت، جگە لەمە، دەشێت پاڵەوانی کولتووری ببێت بە ناوەندێک لەنێوان رابردوویەکی ئەفسانەیی دوور لەسەرێک، و جیهانی واقیعیی ئەمرۆی کۆمەڵگەی بەشەری لەسەرێکی دیکەوە، بەم مانایە پاڵەوانی کولتووری دەگوازرێتەوە بۆ سەدە نوێیەکان و پەیوەست دەبێت بە هێمای رۆشنبیریشەوە.
(تەمموز) لەشارستانییەتی بابلیدا، یان ئادۆن و ئەدۆنیا و ئەدۆنیس لە شارستانییەتی فینیقی و دۆڵی رافیدەیندا، بە هێمای رۆشنبیریی میسۆپۆتامپا دادەنرێن، هەروەک چۆن (ڤینۆس) یان ئەفرۆدێت و لەدواییشدا (فاوست) بە هێمای رۆشنبیری خۆرئاوایی دادەنرێن. پاڵەوانی کولتووری لەزۆر رووەوە پەیوەندیی بە ئایکۆنی کولتوورییەوە هەیە. لە ریفۆرمی ئاینیدا (مارتن لۆتەر) بە پاڵەوانی کولتووریی سەرانسەری ئەوروپا دادەنرێت.
لە بنەڕەتدا پاڵەوانی کولتووری پاڵەوانێکی ئەفسانەییە و سەر بە گرووپێکی رۆشنبیری یان ئیتنی یان ئاینییە، کە هەندێکیان لەرێگەی داهێنان و دۆزینەوەوە، گۆڕانکارییان لە جیهاندا دروست کردووە، لێرەدا دەشێت پاڵەوانی کولتووری ئەو کەسە بێت ئاگری دۆزیوەتەوە، یان کشتوکاڵی داهێناوە، یاخود گۆرانی، سەما، یاسا، ئایین، نەریتی کۆمەڵایەتی یان هەر تایبەتمەندییەکی دیکەی گرووپی داهێنابێت کە لەلای گەل و نەتەوەدا گرنگییەکی زۆری هەیە.
پاڵەوانی کولتووریی بەو کەسێتییە گرنگ و ناودارە دەگوترێت کە لە لێکۆڵینەوەی ئەفسانەییدا ناوێکی دیاری هەیە و نوێنەری گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان نەتەوەییە، لە ئەفسانە و حیکایەتە ئیتنییەکاندا دامەزرێنەری هەندێ سیمای دیاری گرووپ و جۆری ژیانی ئەو گرووپەیە
لە رۆژگاری هاوچەرخدا، پاڵەوانی کولتووری دەبێت بە پاڵەوانی مێژوویی، یان دەبێت بە هێمای نەتەوەیەک یاخود گرووپێک، بۆ نموونە (جۆرج واشنتۆن) دامەزرێنەری ئەمریکایە و بە باوکی رۆحیی ئەمریکییەکان و بە پاڵەوانی کولتووری ناو دەبرێت، (جۆزیف ستالین) لەسەردەمی یەکێتیی سۆڤیێتدا رووسیای لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵییەوە گواستەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی، رووسیا دەکات بە یەکێک لە وڵاتانی زلهێزی دونیا، لەوێوە بە پاڵەوانی کولتووریی رووسەکان دادەنرێت، هەروەها چەندین نموونەی دیکەی وەک (مەهاتما گاندی) ئەندازیاری بزووتنەوەی ناتوندوتیژی و دامەزرێنەری هیندستانی نوێ، (نیلسۆن ماندێللا) پاڵەوانی رۆشنبیریی سەرجەم ئەفریقییەکان لە جیهاندا نەک تەنیا لە باشووری ئەفریقیا، بگرە ئایکۆنێکی هەرە دیاری خەباتگێرییە لە جیهاندا کە بۆ ماوەی 27 ساڵ لە زینداندا خەباتی کردووە لەپێناو مافەکانی رەشپێستەکان، (بسمارک) لە ئەڵمانیا کە سەرجەم هەرێمەکانی یەکخست و ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانیای دروست کرد، (ناپلیۆن) لە فەرەنسە و (ئەتاتورک) لە تورکیا و .....هتد، ئەمانە لەسەردەمی نوێدا و لەنێو گرووپە ئیتنییەکەی خۆیاندا پاڵەوانی کولتوورین. دەشێت لەنێو کورداندا (خانی لەپزێڕین) بە پاڵەوانی کولتووری دابنرێت کە نموونەیەکی ئایکۆنیی باڵایە لە بەرگری و خۆبەدەستەوە نەدان، لەویشەوە بۆ (شێخ سەعیدی پیران) و چەندین پاڵەوانی کولتووریی دیکە.
نەک تەنیا لەبواری سیاسەت و حوکمڕانیدا، بەڵکو لەبواری رۆشنبیریشدا چەندین فەیلەسوف و زانا و بیرمەند و شاعیر هەن بوون بە پاڵەوانی رۆشنبیریی سەردەمی خۆیان، یان نەتەوە و گرووپی خۆیان، بۆ نموونە شاعیری ئیسپانی (سێرڤانتس) داهێنەری رۆمانی دۆن کیشۆتە، شاعیری ئەڵمانی (گۆتێ) خاوەنی رۆمانی ئازارەکانی ڤارتەر و درامای فاوست، شاعیری فەرەنسی (ئارتۆر رامبۆ) پاڵەوانی کولتووریی شیعر و دژەباو و یاخی کە کودەتایەکی مێژوویی بەسەر شیعردا کردووە، لێرەدا ژمارەیەکی گەورەی پاڵەوانی کولتووری هەن، بۆ نموونە (لیۆناردرۆ داڤینشی) پاڵەوانی کولتووریی چەرخی رێنیسانس، (گالیلۆ) لە بواری گەردوونناسی و (دۆستوێڤسکی) لەبواری رۆمان و (ئەنیشتاین) لەبواری فیزیک و ....هتد.