کۆتایی کۆمەڵگە

10:58 - 2024-10-29
د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
120 خوێندراوەتەوە

پ.ی.د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

کۆتایی کۆمەڵگەکان، وەک تورێن لە پێشەکیی کتێبەکەیدا دەڵێت، مانای ئەوە نییە کۆمەڵگە کۆتایی پێهاتووە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کۆمەڵگە بە مانا تەقلیدی و کلاسیکییەکەی  کۆتایی پێهاتووە

 سۆسیۆلۆجیست و بیرمەندی ناوداری فەرەنسی ئالان تورێن (1925-2023) داهێنەری چەمکی «کۆتایی کۆمەڵگە»یە کە لەدواییدا دەبێت بە زاراوەیەکی پڕ لە گیروگاز و گفتوگۆ لە بواری کۆمەڵناسیی نوێدا، تورێن ئەم چەمکەی لە کتێبێکدا شرۆڤە کردووە بە ناونیشانی «کۆتایی کۆمەڵگەکان» ( La Fin Des Societes) کە لە سێپتەمبەری ساڵی 2013دا لە پاریس چاپ کراوە. 
کۆتایی کۆمەڵگەکان، وەک تورێن لە پێشەکیی کتێبەکەیدا دەڵێت، مانای ئەوە نییە کۆمەڵگە کۆتایی پێهاتووە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کۆمەڵگە بە مانا تەقلیدی و کلاسیکییەکەی کۆتایی پێهاتووە، واتە کۆمەڵگە، بەپێی پێناس و تیۆرییەکانی سۆسیۆلۆجیای تەقلیدی، نەماوە و گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە، چیتر شیکردنەوەکانی ئۆگیست کۆنت و ئیمیل دۆرکهایم و تەنانەت ماکس فێبەریش دەرەقەتی کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ نایەن.
ئابووری و کەلتور، لەلای تورێن، دوو پایەی بنەڕەتیی کۆمەڵگەن، لە مێژووی کۆمەڵگەکاندا هەر گۆڕانکارییەک لەم دوو پایە بنچینەییەدا رووی دابێت، کۆمەڵگەی بەتەواوی گۆڕیوە، بۆ نموونە شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا لە بنەڕەتەوە کۆمەڵگە ئەوروپییەکانی لە قۆناغی کۆمەڵگەیەکی ئاینییەوە گواستەوە بۆ قۆناغی کۆمەڵگەی مەدەنی، دیسان بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ئابووری و کەلتور، کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ بە شێوەیەک گۆڕاون کە سیماکانی کۆمەڵگەی تەقلیدییان لەدەستداوە، بە چەشنێک تورێن لەم کتێبەدا بە «کۆتایی کۆمەڵگە» ناوی دەبات، کە پێشتر و لە کتێبەکانی دیکەیدا بە کۆمەڵگەی «پۆست پیشەسازی» ناوی بردووە لە بریی پۆست مۆدێرنیزم.
 ئەم چەمکەی ئالان تورێن نزیکە لە چەمکی «مەرگی مرۆڤ» یان «کۆتایی هیومانیزم» لەلای فۆکۆ، کە مانای ئەوە نییە مرۆڤ چیدی نەماوە و هیومانیزم تەواو بووە، بەڵکو بەو واتایە دێت کە ماناکانی چەمکی مرۆڤدۆستی سەدەی نۆزدە کۆتاییان هاتووە، هەروەک چەمکی «مەرگی خودا» لەلای نیچە، کە مەبەستی ئەوەیە خودای سەدەکانی ناوەڕاست کۆتایی پێهاتووە، یان «مەرگی نووسەر» لەلای رۆلان بارت مانای ئەوە نییە نووسەر مردووە و تەواو بووە، بەڵکو مانای ئەوەیە نووسەر، لەدوای بڵاوکردنەوەی تێکستەکەی، ئیدی پاشەکشە دەکات و دەسەڵاتێکی زیاتر بۆ خوێنەر فەراهەم دەکرێت بۆ راڤە و لێکدانەوە.
ئەم دیدە نوێیە بۆ کۆمەڵگە، لەلای بیرمەند و فەیلەسوفی پۆڵۆنی زیگمۆنت باومان، دەبێت بە «کۆمەڵگەی شل» کە زۆر جیاوازە لە کۆمەڵگەی تەقلیدی بەو شێوەیەی سۆسیۆلۆجیای کلاسیک وەسفی دەکات، لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا پێگەی تاک باڵادەستە و تاکگەرایی «ئیندیڤیدواڵیزم» برەوی پتری هەیە، بەتایبەتی لە سەردەمی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و مۆبایل و فەیسبوک و واتساپ و ئینستەگرام و تویتەردا کە تەنات چۆتە نێو پەیوەندیی خۆشەویستی و هەڵبژاردنی هاوسەریشدا و هەندێکجار ئەمانە لەرێگەی ئینتەرنێت و فەیسبوکەوە ئەنجام دەدرێن، بگرە چەمکی (مۆدێرنە) و (کەلتور) و (خۆشەویستی) و (سێکس) و (شۆرش) و (خراپەکاری)یش لە قۆناغی رەقەوە گواستراونەتەوە بۆ قۆناغی شل، خراپەکاریی شل ماسکی خۆشەویستی و چاکە دەپۆشێت، لێرەدا ئاماژە بۆ کاریگەریی دووسەرەی زانست و تەکنۆلۆجیا و شۆڕشی ئەلیکترۆنی دەکرێت، لە یەک کاتدا هەم بە ئاراستەی خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و خوڵقاندنی کەشی خۆشگوزەرانی، هەم بە ئاراستەی پێچەوانە، واتە خوڵقاندنی دۆخێکی مەترسیداری ژینگەیی و جەنگی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی. هەندێ لە بیرمەندان ئەم قۆناغە ناو دەنێن پۆست مۆدێرنیتە یان پۆست مۆدێرنیزم.
ئالان تورێن ئاماژە بۆ چەندین رەگەز و رەهەندی کۆمەڵگە و بواری کۆمەڵناسی دەکات کە ئەمڕۆکە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، لەوانە دوو رەگەزە سەرەکییەکەی سۆسیۆلۆجیا کە بریتین لە: (پەیوەندیی کۆمەڵایەتی) و (دیاردەی کۆمەڵایەتی)، مانا و دەرکەوتەکانی ئەم دوو چەمکە، یان ئەم دوو رەگەزەی کۆمەڵناسی، لە ئۆگیست کۆنت و ئیمێل دۆرکهایمەوە هەتا کارل مانهایم و بگرە هەتا پیێر بوردیۆیش، تا ئەندازەیەک هەمان مانا و پێوەریان هەبووە، کەچی لەلای ئالان تورێن و لەم سەردەمەی ئێستاماندا، چەمکی «پەیوەندیی کۆمەڵایەتی»، بەپێی ژیانی کۆمەڵایەتیی شۆڕشی ئەلیکترۆنی، بەتەواوی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، پەیوەندییەکان لەنێو خێزان و خوێندنگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هەمان ئەو پەیوەندییانە نین کە لە سەدەکانی پێشوو و بگرە لە دەیەکانی پێشوودا هەبوون، ئەمڕۆ ئامرازەکانی پەیوەندی لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە، پەیوەندییەکانی کردووە بە «پەیوەندییەکی گریمانەیی»، یان ئیحتیمالی و ئیفتیرازی، کە تاک لەیەک کاتدا هەم پرۆسەی تاکگەرایی خۆی دەکات و هەم لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەوانیدی، لەنێو خێزاندا هەر ئەندامێک بەدیار کۆمپیوتەر و لاپتۆپ و ئایفۆنی تایبەتیی خۆیەوە سەرقاڵی کاروباری ژیانە تایبەتییەکەیەتی، گرووپ دروست دەکات و لە دوورترین شوێنەوە پەیوەندی بە یەکدییەوە دەکەن، تەنانەت پەیوەندیی نێوان کڕیار و فرۆشیار و بازاڕکردن، بووە بە ئۆنڵاین، خواردەمەنیش لە رێگەی دیلیڤەرییەوە دابین دەکرێت. لێرەدا تاک کاتێکی زیاتری لەبەردەستدایە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵام هەمیشە تەنیایە و لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە پەیوەندیی گریمانەیی_ئیفتیرازی ئەنجام دەدات.
ئەم کاریگەرییەی سەردەمی نوێ و شۆڕشی ئەلیکترۆنی، فۆرمی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانیشی گۆڕیوە، بۆ نموونە دیاردەی وەکو: تاوان، سواڵکردن، تەڵاق، هاوسەرگیری، پیسبوونی ژینگە، فۆرمی دیکەیان وەرگرتووە، ئەو دیاردانەی جاران نێگەتیڤ بوون، مەرج نییە ئەمڕۆش هەمان سیفەتیان هەبێت، یان ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی بە ئەرێنی تەماشا دەکران، لەلای نەوەی ئەلیکترۆنی، بە هەمان چاو تەماشا ناکرێن، لێرەدا هەم پەیوەندییەکان و هەم دیاردەکان، تا ئەندازەیەکی زۆر، کاتی و رێژەیین، بۆیە پەیوەندییەکان دەبن بە پەیوەندیی گریمانەیی، و تەنانەت کۆمەڵگەش دەبێت بە «کۆمەڵگەی گریمانەیی».
*تێبینی: من چاپی فەرەنسیی کتێبی(کۆتایی کۆمەڵگەکان)ی ئالان تورێنم لەلایەن، ئالان تورێن ئەو کاتەی لەسەر بانگهێشتنامەی بزووتنەوەی دابڕان هات بۆ سلێمانی و لە گراند میلینیۆم سیمینارێکی پێشکەش کرد، لە رێکەوتی 24/5/2017 بە پێشنیازی د.عادل باخەوان دانەیەک لە کتێبەکەی بە واژۆی خۆی پێشکەش کردم، بەڵام لەبەرئەوەی فەرەنسی نازانم، نەمتوانیوە سوودی لێ ببینم، ئەوەندەی ئاگادار بم ئەم کتێبە تەرجەمەی عەرەبیش نەکراوە، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە رەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵناسی و کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ، زۆر پێویستە ئەم کتێبە بکرێت بە کوردی.

ئالان تورێن

وتارەکانی نوسەر