مەترسیيەكانی چەكی بێ مۆڵەت لە عیراق و كوردستان

10:19 - 2024-06-23
بورهان شێخ رەئوف
220 خوێندراوەتەوە

شكستی هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان لە كۆنترۆڵكردنی چەكی بێ‌ مۆڵەت لە گرنگی ئەو سەقامگیرییە رێژەییه‌ی كەم كردۆتەوە كه‌ لە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتیدا هاتۆتە ئاراوەو وای لە هاووڵاتیان كردووە، كە هەمیشە وا هەست بكەن لە دۆخی جەنگدان .
ژمارەیەكی زۆر چەك كەوتە دەستی هاووڵاتیان
بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییانەی كە بەسەر عیراق و هەرێمی كوردستانیشدا هاتووە، هەر لە شۆڕشی درێژخایەنی كوردستانەوە لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی پێشوو تا راپەڕینی ساڵی 1991و جەنگی هەشت ساڵەی عیراق و ئێران، دواتريش رووخانی رژێمی سەدام و هەڵوەشانەوەی سوپای عیراق لەلایەن بریمەری حاكمی مەدەنی ئەمریكاوه‌ لە عیراق، ژمارەیەكی زۆر چەكی قورس و سووك كەوتە دەستی هاووڵاتیان، ئەمە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات .
قوربانی چەكی بێ‌ مۆڵەت
سەرەڕای هەوڵە شەرمنەكانی هەردوو حكومەت، تا ئێستاش نەتوانراوە ئەو چەكانە كۆنترۆڵ بكرێن، هەموومان دەیان رووداو و چیرۆكمان لەلایە لە دۆست و خزم و دراوسێ، كە چۆن بوونەتە قوربانی چەكی بێ‌ مۆڵەت، له‌وانه‌ تەقەی خۆشی كە بەداخەوە ئەگەر ئێستا كەم بووبێتەوە لە قۆناغێكدا بۆ سەركەوتنی لایەنێك لە هەڵبژاردندا، یان سەركەوتنی تیپەكانی فتبۆڵیش، تەقەی خۆشی دەكرا. جگە لەوە، بوونی ئەو چەكانە بە دەست خێڵەكانەوە دەیان كارەساتی كوشتنی لێ‌ كەوتەوە و تەنانەت بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییە سیاسیەكانیش بەكار دەهێنرێت .
بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی(سمول ئارمز سورفی) لە ساڵی 2017دا كە چاودێریی بڵاوبوونەوەی چەك لە جیهاندا دەكات، (7.6) ملیۆن چەك لە عیراقدا لە تفەنگ و دەمانچە بە دەستی خەڵكەوەیە، هەروەها راوێژكارێكی رێكخراوی( ئارون كارب) بە ئاژانسی فرانس پریس-ی وتووە: مەزندە دەكەم ئەو ژمارەیە ئێستا زۆر زیاتر بێت، بەڕێژەیەك كه‌ لە ساڵی 2017 ەوە ساڵانە سێ‌ تا پێنج لە سەد زیادی كردبێت.


پێویستە هەردوو حكومەت هەرێم و فیدراڵ هەماهەنگی تەواو بكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی قورس، بە تایبەتی و كڕینی لە هاووڵاتیان بە نرخێكی گران

 

پلانێك بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی بێ‌ مۆڵەت
هەرچەندە ساڵی رابردوو حكومەتی عیراق پلانێكی جێبەجێكرد بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی بێ‌ مۆڵەت بەكردنەوەي(697) ناوەند بۆ تۆماركردن یان كڕینی چەكی قورس لە هاووڵاتیان، بۆ هەر پارێزگایەكیش بڕی (750) هەزار دۆلاری ئەمریكی تەرخانكرد و دوو ئەوەندەی ئەو بڕەشي بە تەنها بۆ پارێزگای بەغدا دابين كرد، لە هەرێمی كوردستانیش هەوڵێكی لەو جۆرە درا، به‌ڵام نازانرێت كه‌ ئه‌و رێكارانه‌ تا چەند سەركەوتوو بوون؟.. بە گوێرەی یاسای عیراقی هەر هاووڵاتییەك چەك بێ‌ مۆڵەت هەڵبگرێت ساڵێك بەند دەكرێت، لە هەمانكاتیشدا یاسا مۆڵەت دەدات بە هەر هاووڵاتییەكی عیراقی كە چەكێكی سووكی هەبێت ئەگەر خاوەنی ماڵ بێت یان سەرۆكی خێزان بێت .
هەماهەنگی تەواو بكەن
لە كۆتاییدا ده‌ڵێین زۆر پێویستە هەردوو حكومەت هەرێم و فیدراڵ هەماهەنگی تەواو بكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی قورس بە تایبەتی و كڕینی لە هاووڵاتیان بە نرخێكی گران، تاوەكو دەری بهێنن لە دەستیان، چونكە دیاردەكە ئەوەندە قێزەون بووە خەڵكی بۆ گاڵتە دەڵێن ئەگەر دوو منداڵ ببێتە دەمەقاڵەیان لەسەر باڵندەیەك، یان بەرخێك، پەنا بۆ چەك دەبەن.

وتارەکانی نوسەر