خەتای قاچاخچیشە

10:31 - 2024-06-23
گۆران فەتحی
350 خوێندراوەتەوە

هەواڵی نقوومبوونی بەلەمی كۆچبەران لە نزیك كەناراوەكانی ئیتاڵیا و كەوتنەوەی چەندین قوربانی بەهۆیەوە، كە زۆرێكیان كورد و خەڵكی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بوون، جارێكی تر، مەرگەساتەكانی رێگەی هات و نەهاتی هەندەرانی بەگوێدا داینەوە، كە ساڵانێكە روودەدەن بێ بوونی هیچ رێگاچارەیەك.
 كارەساتی ئەمجارەش كە لە جەژنی قورباندا روویدا، درێژەی كارەساتەكانی پێشووە، لەكاتێكیشدایە كە لێشاوی چوونی گەنجان و خێزانی كورد بەرەو دەرەوە بەردەوامە، بەهۆی فریودان و هاندانی قاچاخچییەوە، كە هیچ شتێك بەلایەوە گرنگ نییە، بەدەستهێنانی پارە نەبێت، دوور لەهەر هەستێكی مرۆڤانە.
هەرچەندیش بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئابووری و پێشتریش بە هۆكاری سیاسیی و هی تر، كورد وەكو نەتەوەیەكی ژێر دەستە بەردەوام لە کۆچ و رەوی بە کۆمەڵدا بووە بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی خۆرئاوا، بەمەبەستی گەیشتن بەژیانێكی باشتر دوور لەنەهامەتی و ناڕەحەتی، بەڵام زۆرێك لەو خەڵكەی روو لەدەرەوە دەكەن، بە قسەی قاچاخچی و ئەم و ئەو، موڵك و ماڵی خۆیان دەفرۆشن، بێ ئاگا لەوەی خۆیان دەدەنە دەست رێگای هات و نەهات و  دەست کەسانێک كە وەكو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ ناكەن و  زۆرجاریش كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكەن، لە باندێكەوە بۆ باندێكی تر لەكوردەوە بۆ ئەفغانی و تورك و روسیش.

 

پێویستە جۆرێك لە هەڵمەتی هۆشیاری دەستپێبكرێت، بۆ ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسییەكانی رێگەی قاچاخ 

 

هەر ئەو باندی بەقاچاخبردنانەش، بۆ گەیاندنی كۆچبەران بۆ دەرەوە، هەزاران بەڵێنی باق و بریق و گەیاندنی بێ كێشە دەدەن، دواجاریش پەنابەر ناچار دەكەن بە یەختێكی شڕ یان بەلەمێكی چوپ بپەڕنەوە، كە هیچ بنەمایەكی ئەمانیان تێدا نییە، ئەوەش وادەكات زۆرێكی ئەوەی لەرێگەی دەریاوە هەوڵی پەڕینەوە دەدات، یان تووشی كارەسات دەبێت و دەبێتە خۆراكی بوونەوەرەكانی دەریا یان بەنیوە روح دەگاتە كەنارەكانی ئیتاڵیا و یۆنان.
ئەم كارەساتە، بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان كۆچبەری كورد و غەیرە كورد، ژمارەیەكی كەمی سەرنشینانی بەلەمەكە رزگاریان بووە و بەشێكی زۆریان تا ئێستا بێ سەروشوێنن. 
لێرەوە پێویستە جۆرێك لە هەڵمەتی هۆشیاری دەستپێبكرێت، بۆ ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسییەكانی رێگەی قاچاخ و فرت وفێڵ و فریویەكانی باندەكانی قاچاخچێتی، دەبێت لایەنە بەرپرسەكانی هەرێمیش هەوڵی باشكردنی بارودۆخ و بژێوی هاووڵاتی بدەن و هەمیش لەناوخۆ و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەوڵی رێگری بكەن لەكاری قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، بەتایبەتی كە ژمارەیەك لەو باندی قاچاخانە كورد و خەڵكی هەرێمن.

وتارەکانی نوسەر