نیگەرانی لە زیادبوونی رێژەی کورد لە تورکیا

11:58 - 2024-06-23
ئەکرەم ئەمین
215 خوێندراوەتەوە

گەشەی دانیشتوان ئاماژەیە بۆ گۆڕانی رێژەی دانیشتووان چ بە زیادبوون یان کەمبوون ، ئەم رێژەیە پشت بە ژمارەی لەدایکبوون و مردن و کۆچکردن دەبەستێت.
گەشەی دانیشتووان بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ گەشەی ئابووری و نەتەوەیی و دیمۆگرافی دادەنرێت، بۆیە لە هەندێک کاتدا وەک چەکی هێرشبردن یان بەرگریکردن دادەنرێت.
لەیەکێک لە وتارەکانیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە دابەزینی رێژەی لەدایکبوون لە تورکیا بەتایبەتی لەناو تورکەکاندا و دەڵێت: رێژەی گەشەی دانیشتووان پێویستە 2.1 بێت، بەڵام لە ساڵی 2023دا دابەزیوە بۆ 1.51 کە بەترس و زەنگی مەترسیدار بۆ نەتەوەی تورک ناوی دەبات.
هەروەها سەرۆکی تورکیا ئەم دابەزین و کەمبوونەوەیەی ژمارەی دانیشتووان بە کاریگەر لەسەر پلان و ستراتیژی دوورمەودا دەبینێت بەتایبەتی لە رووی ئابووری و نەتەوەییەوە!
 ئەو نیگەرانی و ترسەشی نەشاردۆتەوە کە گەشەی کورد بەتایبەتی لە ناوچەکانی  باکووری کوردستان کە بە «باشووری خۆرهەڵات» ناوی بردووە، رێژەی گەشەی دانیشتووانیان بریتییە لە 2.37 کە زیاترە لەچاو ناوچە تورکنشینەکان و تێپەڕاندنی رێژەی ستانداری گەشەی دانیشتووان لە سەرتاسەری تورکیادا.
بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییەی رێژەی گەشەی دانیشتوان کەمبکەنەوە و تورکەکان زیاد بکەن، چەند پلان و ستراتیژێکیان داناوە وەک لێخۆشبوون لە باج و کارئاسانی بۆ گەنجان بە مەبەستی هاوسەرگیری و پێدانی قەرزی بانکی بە سوودی کەم و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون. ئەمەش بە پلانی نەتەوەیی دەزانن بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی تورک لەبەرامبەر رێژەی نەتەوەکانی تردا و بەتایبەتیش کورد.

 

سەرۆکی تورکیا: «رێژەی گەشەی دانیشتووان لە تورکیا پێویستە 2.1 بێت، بەڵام لە ساڵی 2023دا دابەزیوە بۆ 1.51 ئەوەش زەنگی مەترسیدارە بۆ نەتەوەی تورک» 

 

هۆکارەکانی گەشەی دانیشتووان
1. پرۆسەی ژنهێنان و شووکردن لە تەمەنی زوودا.
2. زۆریی ژمارەی لەدایکبوون و کەمبوونەوەی مردن.
3. باشکردنی ئاستی بژێویی و تەندروستی.
4. رەخساندنی کەشی ئارام و ئاسایشی سیاسی.
سوودەکانی گەشەی دانیشتووان
1. زیادبوونی هێزی کار و بازاڕی کار، کە دەبێتە مایەی زیادبوونی بەرهەم و گەشەی ئابووری.
2. زیادبوونی بەکارهێنان، لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان، بەکارهێنان و خواست و خزمەتگوزاری زیادەکات و کاریگەریی لەسەر بەکارهێنان زیاد دەکات.
لایەنە نەرێنییەکانی 
1. کەمیی سەرچاوەی سروشتی: لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوواندا گوشار لەسەر سەرچاوەی سروشتی وەک ئاو و وزە و خزمەتگوزاری و...هتد دروستدەکات.
2. زیادبوونی دانیشتووان وادەکات بینا و جەنجاڵی زۆرببێت و ببێت بە گوشار لەسەر ژینگە.
3. زیادبوونی دانیشتووان بەبێ پلان دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی بێکاریی و کەمبوونەوەی خزمەتگوزاریی گشتی و بەتایبەتی تەندروستی و خوێندن.

وتارەکانی نوسەر