پرۆسه‌ى ناشیرینكردنی حزب و پێناسەكردنی وەك دامەزراوەیەك لە شێوه‌ی دێوه‌زمه، كه له هه‌موو جۆره‌كانى پێویستی سیاسی و چڤاكى به‌تاڵئه‌كرێته‌وه، ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه و بوغزاندنه میللییه‌ى كه رقلێبوونه‌وه له نوخبەی سیاسی وا له راى گشتى ده‌كات خودی حزب وه‌ك ئۆرگانێكی كۆمه‌ڵایه‌تى ره‌تبكاته‌وه، دیارده‌یه‌كى ناوچه‌یی نییه و ته‌نها له ئەنجامی شكستى هێز و بزاوته سیاسییه‌كان له كوردستان دروست نەبووە، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش به هۆى شكستى ئه‌زموونى حزب و دابه‌شبوونى ئه‌و رێكخستنه كۆمه‌ڵایه‌تیانه به‌سه‌ر ته‌وژمه ئایدیۆلۆژییه‌كان رۆڵ و كاریگه‌رییان به‌ره‌و پوكانه‌وه و لاوازی چووه، روحی تێڕوانینه‌كه‌ى (گرامشی)ش له زەرورەتی نوێكردنه‌وه و خۆگونجاندنى حزب له‌گه‌ڵ قۆناغ و وێستگه مێژووییه‌كان، پێشمه‌رجى مانه‌وه‌ى حزب و پارتى سیاسییه له پێشڕه‌وی و سه‌ركردایه‌تیكردنى چڤاك و پرۆسه سیاسییه‌كه‌ى، بە هەمان شێوە مه‌رجی گۆڕینى تێڕوانینى خه‌ڵك و هاووڵاتییە به‌رامبه‌ر حزب و پارته سیاسییه‌كان.
مه‌رگی هێواشی حزب و زەرورەتی به‌ها و بنه‌ماكان
له راستیدا مه‌رگى هێواش و له‌سه‌رخۆی پارتى سیاسی و رەتكردنەوەی لە لایەن رای گشتیەوە، زۆرێك له جوگرافیای جیهانی گرتۆته‌وه، به جۆرێك رۆژنامه‌ى (تایمز)ی به‌ریتانى له ناوه‌ڕاستى (2013) له وتارێكدا له ژێر ناونیشانی «هێواش مردنى سیاسه‌ت» مژدانەی به‌سه‌رچوونى مۆدێلی زۆرێك له هێزه سیاسییه‌كانى داوە، ئه‌گه‌رچی جوگرافیاى به نمونە وەرگیراوی ئه‌و بۆچوونە له دیوی دەرەوەدا (به‌ریتانیا) یه، به‌ڵام سروشتى مایه‌پوچبوونى حزب و به‌سه‌رچوونى مۆدێله‌كەی دنیاى خۆرئاوا و جیهانیشی گرتۆته‌وه، خودی ئه‌و ره‌تكردنه‌وه و بێزرانه جڤاكیه‌ش پەیوەندیی بە وه‌ستانه‌وه‌ى خه‌ڵك هەیە دژی حزب نه‌ك كۆی پرۆسه‌ى سیاسی وه‌ك هه‌وڵى تاك بۆ هه‌ڵبژاردن و رێكخستنى جۆری په‌یوه‌ندی خۆى به كۆمه‌ڵ و ده‌سه‌ڵاته‌وه.
له سۆنگه‌ى ئه‌و مه‌رگه هێواشه‌ی پارتى سیاسی موبتەلای بووە، كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ى له‌سه‌ر خودى حزب جێنەهێشتووە، به‌ڵكو ژیانى دیموكراسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانیشی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه و له سایه‌ى ده‌ركه‌وتنى ته‌وژمی پۆپۆلیستى له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران دەرفەتی ده‌ركه‌وتنى هێز و كه‌سایه‌تى نەشیاو و لاوازیشی ره‌خساندووه.
پرۆسه‌ى دیموكراسی كوردستان ده‌مێكه له سایه‌ى شكستی حزبە سیاسییه‌كانه‌وه رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگى قوڵى جه‌وهه‌ری و له‌ده‌ستچوونى مانا و به‌ها بۆته‌وه، ئەمەش په‌یوه‌سته به دووركه‌وتنه‌وه‌ى حزب له بنه‌ما و پره‌نسیبه باڵاكان، چونكه بنه‌ماكان ئه‌سڵى مانه‌وه و گه‌شه‌كردنن، كاتێكیش بونیاد و په‌یكه‌ری حزب و سه‌رخانى فكری ساغ و ته‌ندروست بێت، به دڵنیاییه‌وه قۆناغى گه‌شه‌كردن وه‌ك پرۆسەیەكی هه‌میشه‌یی به‌رده‌وام ئەبێت، ئیدیۆمه‌كه‌ى (مام جه‌لال) «گه‌شه‌كردن‌و مانه‌وه‌مان به‌نده به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه«، چه‌ند دروشمێكى وزه‌به‌خش و ئومێدبەخشی حزبیی بێت، زیاتر لەوە ره‌نگدانه‌وه‌ى به‌هێزی و پڕ بنه‌مایی یه‌كێتی بووه له‌و قۆناغه مێژووییه‌ى مام جه‌لال سه‌ركردایه‌تى ده‌كرد.
دیداری یه‌كێتى، گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ما و به‌ها
دیداری یه‌كێتى، كه وابڕیاره له مانگی مایسی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌رنه‌ڤاڵێكى دیموكراسییه و یەكێتی له رێگه‌ى وێستگه‌یه‌كى ترەوە چوارچێوه‌ى گشتى روئیای سیاسی و ئایدیۆلۆژى و فكری خۆی رێكده‌خاته‌وه به پابه‌ندبوون و خۆگرێدانه‌وه‌ى به بنه‌ماكانه‌وه رێگه له‌و مه‌رگه هێواشه ئه‌گرێت كه كۆى حزبه‌كان و له ناویشیاندا یه‌كێتى رووبه‌ڕووى بونەتەوە. ئه‌م مۆدێله له ئاپدەیت و خۆنوێكردنه‌وه له ژیانى سیاسی ته‌قلیدی و له ناو فۆڕمه كلاسیكه‌كه‌ی حزبدا به كۆنفڕانس و پلینۆم و كۆنگره سه‌رپێ ئه‌خرێت، له كاتێكدا شێوازى كۆنفڕانس و كۆنگره‌كان هەمیشە ئامانج لێی به‌ده‌ستهێنان و پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌ڵقه‌كانى سه‌ره‌وه‌ى پله و پۆست و كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنه بۆ به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى ده‌نگده‌رانى حزب، نەك له پێناوی نوێكردنه‌وه‌ى جه‌سته و فكر‌و ئایدیۆلۆژیا، ئه‌م رێگۆڕكێیه له ئامانجى كۆنگره‌كان له جێگه‌ى ئه‌وه‌ى ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كى هێزی ئه‌رێنى له ژیانى حزبدا، ئه‌بێت بە به‌ڵایه‌كى تر‌ى په‌رتەواز كردن و مایه‌پوچبوونى سیاسی و به‌ریه‌ككه‌وتن و دابڕانه‌كان زۆرتر و فراوانتر ئه‌كات. ئه‌سڵى بیركردنه‌وه له وێستگه‌یه‌كى تر‌و گه‌ڕان به دواى ئه‌لته‌رناتیفێكى تردا تا له رێگه‌یه‌وه ژیانى حزبی ریفۆڕمى راسته‌قینه‌ى تێدا بكرێت، ته‌نها ئه‌م جۆره دیدار و گفتوگۆ كراوانه‌یه، كه هه‌مووان به یه‌ك ئامانج، كه ئامانجی ریفۆڕمه هاوبه‌شی ئه‌كه‌ن و به به‌رپرسیاریه‌تی و دوور له نمایش گفتوگۆ ئه‌كه‌ن.
گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ما و به‌هاكان له ژیانى حزبدا زەڕورە، به تایبه‌ت كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌مجۆره دیداره هاوچه‌رخانه، بۆ ئه‌وه‌یه نوخبه‌ى رۆشنبیریی حزب له‌سه‌ر بنه‌ماى (هه‌ڤاڵێتى) و دوور له پله‌به‌ندى ئۆرگانی هه‌مووان له‌سه‌ر داهاتووى یه‌كێتى و دنیابینینی له‌سه‌ر كۆى سێكته‌ر و بواره‌كان گفتوگۆیەكی به‌رهه‌مدار بكه‌ن، سه‌رله‌نوێ پێداچوونه‌وه به رڕوئیای یه‌كێتى بۆ سیاسه‌ت، ئایین، ئابووری، دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بكه‌ن، تێگه‌یشتنى یه‌كێتى بۆ پرسی ژنان و ئازادییه‌كان، سكۆلاریزم و لێبورده‌یی ئایینیی، هه‌روه‌ك پلورالیزم و یه‌كتر قبو كردن سه‌رله‌نوێ ئه‌پده‌یت بكه‌نه‌وه، هه‌موو ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ش له ئان و ساتێك‌دا به‌رجه‌سته ئه‌بێت كه ژینگه‌یه‌كى هه‌ڤاڵانه لە شێوەی دیداری یه‌كێتى ده‌سته‌به‌ری ئه‌كات.
دیداری ناوەكی و دوركەوتنەوە لە نمایش
بایه‌خى دیدار له مێژووى نوێی یه‌كێتى له‌وه‌دا دەردەكەوێت، كه چیتر ریفۆڕمى حزبی و نوێكردنه‌وه‌ى شاده‌ماره‌كانى بیر و سیاسەت له دۆخی شڵه‌قاو و شڵەژاوی ناو سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌ناچێت، وه‌ك چۆن لەرابڕدوودا گفتوگۆی ژیانی حزبی له ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له‌بری ئه‌وه‌ى هاوكار و هه‌ماهه‌نگی یه‌كێتى بكات، به‌رده‌وام سه‌رئێشه و به‌ریه‌ككه‌وتنى زیاترى خوڵقاندووە. ده‌ربازكردنى ئه‌و ئاپدەیتە و نەقڵكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ى سه‌كۆكان و پێدانەوەی به خودی حزب تا له پرۆسه‌یه‌كى ناوخۆییدا له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڤاڵێتی گفتوگۆى پڕ سوود و نه‌خشه‌ڕێیەك دابڕێژرێ بۆ كۆى بواره‌كان، دیارده‌یه‌كى نوێ و به كه‌ڵك ئەبێت.
له راستیدا هه‌موو رێگایه‌كى ناوخۆیی و ته‌واوى گفتوگۆ ناوه‌كییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ى دەلاقەیەك له پێناوی ریفۆڕمى سیاسی و رێكخراوه‌یی، یه‌كێتى ئه‌كات به هێزێكى خاوه‌ن بیر و ستراتیژێكى دوورمه‌وداى هه‌مه‌جۆر، لە هەمان كاتدا لە مردنى هێواشیش رزگاری ئه‌كات، چونكه مێژوو سه‌لماندویه‌تى نه مێژوو، نه قوربانى و رابردوو، نه قورسایی جه‌ماوه‌ری هێزێك له مردن و پاشه‌كشه رزگار ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى عومری درێژ به پارتى سیاسی ئه‌بەخشێت، ته‌نها خۆنوێكردنه‌وه و ریفۆڕم و خۆگونجاندنە له‌گه‌ڵ سەردەم و گۆڕانكارییەكاندا.