دیاردە دزێوەکان

بەرژەوەندیی پەرست

10:15 - 2024-06-24
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
114 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

- 13 -

هەموو کەس ماڵ و بەرژەوەندیی خۆی خۆشدەوێت و ئەوەش نەنگی تێدا نییە ئەگەر بە نزیکەی هەمان ئاست بەرژەوەندیی خەڵکی تریشی خۆشبوێت و لە پەیوەندیتدا لەگەڵیان ئەو بنەمایە رەچاو بکەیت، بەڵام نەنگی ئەوەیە کە تۆ تەنها خۆت و بەرژەوەنییەکانی خۆت خۆشبوێت و هەڵسوکەوت و پەیوەندییەکانت لەگەڵ دەوروبەرتدا لەسەر ئەو بنەمایە دابڕێژیت، ئەمەیان دەچێتە خانەی خودپەرستی و بەرژەوەندی پەرستییەوە، کە نەنگییەکی کۆمەڵایەتی هێجگار دزێوە و هەڵگری ئەو ئاکار و رەفتارە بە چاوی سووک تەماشا دەکرێت.
لەم رۆژگارەدا ئەم رەفتارە لای گەلێک کەس بەرچاو دەکەوێت و بێشەرمانەش پەیڕەوی دەکات و هیچ گوێ بە تانە و توانجی خەڵک نادات. بۆ نموونە دۆستم هەبووە هەمیشە دەستی بە خزم و برادەری دەست کورتییەوە بووە و بەپێی توانای خۆی هاوکاری و سەردانی کردون و لە نەخۆشییاندا بەسەریکردوونەتەوە و ئەمەی بە ئەرکی خزمایەتی و مرۆڤدۆستی خۆی زانیوە و بە قەناعەتی خۆی لە خوا بەولاوە چاوەڕێی پاداشتی کەسی نەکردووە، بەڵام خۆ ئەمەکداری و پێزانین ئاکارێکی باشە و خاوەنەکەی پێی سەنگین و خۆشەویست دەبێت.

 

ئەمەکداری و پێزانین ئاکارێکی باشە و خاوەنەکەی پێی سەنگین و خۆشەویست دەبێت

رۆژگار هاتووە و هەندێک لەو خزم و کەسانەی دەستیان داری گرتووە و باری ژیان و گوزەرانیان باش بووە و هەشیانبووە وەک هەندێک دەوڵەمەندی ئەم چەرخ و زەمانە بۆیان لواوە و هەڵتۆقیون و لەجیاتی ئەوەی بە پێزانینەوە بۆ هەڵوێستی مرۆڤانەی ئەم کەسە پەیوەندی دۆستایەتی و خزمایەتی بەردەوامی پێبدەن و منەتباری ببن کەچی وا نەبوون و بە لۆجیکی سپڵەیەکی نان سوێر مامەڵەیان لەگەڵ کردووە.
دۆستم هەبووە لە سەردەمێکدا بووە بە سەرۆکی فەرمانگەیەکی خزمەتگوزار بە خەڵکی هەژار و پەراوێز کەوتووی ئەم وڵاتە و بەپێی ئاکار و پرەنسیپێک کە بڕوای پێبووە و بەگوێرەی یاسا و رێسای کارەکەی دەرگای کراوە بووە بۆ هەژار و لێقەوماوان و ئاسانکاریی کردووە بۆ مامەڵە و پێداویستییەکانیان و هەرگیز رێگەی بەخۆی و هاوکارەکانی نەداوە هەڵسوکەوتی بیرۆکراتییانە بنوێنن لەگەڵیان. لە سەردەمی کارەکەیدا رۆژانە وەڵامی دەیان تەلەفۆن و روولێنانی ناسیاو و نەناسی داوەتەوە و بەپێی یاسا کاری بۆ کردون و هەمیشە لەو رەفتار و هەڵسوکەوتەی مەمنوون بوون، کەچی لە پاش خانەنشین بوونی و نەمانی بەرژەوەندی تەلەفۆنێکیشی بۆ ناکرێت و هەمووجار ئەو دۆستەم گلەیی ئەوەی هەیە کە ئەمە چ کۆمەڵگە و رۆژگارێکە تێیکەوتووین! هەشە هەر لە سەردەمی ئەو دۆستەمدا کاربەدەست بووە و فووی لە دۆ نەکردووە، بۆ ئیدارەدانی بەرژەوەندی خۆی و بە لۆجیکی «هذا من فضل ربي» باش خۆی گرتووە و ئەمڕۆ هەروا خەڵکە و دەستی بۆ بە سینگەوە دەگرێت و دەڵێ بە ریشی مەردانەت قەسەم!.

وتارەکانی نوسەر