60
بە خراپ لێم تێمەگەن، دۆخێک هاتووەتە پێشەوە لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا کەس ددانی خێر بەوی دیکەدا نانێت، هەموومان لە ناخدا هەست بەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ناڕێک و ئیفلیجانە دەکەین کە ساڵانێکی زۆر نییە لە ناوماندا سەریانهەڵداوە و هەموومان پیشمان خواردووەتەوە، پڕین لە ناتەبایی و ناڕەوایی و ئەو دیاردە دزێوانەی کۆنترۆڵی سەرجەم رەفتار و هەڵسوکەوتمانی کردووە لەگەڵ یەکتردا، وەک ئەو پیاوماقووڵە کۆمەڵایەتییە قۆشمەیەمان لێهاتووە کە ماوەیەک لە دۆست و ئاشنا زۆرەکانی دابڕاوە و لە ماڵی خۆی نەهاتووەتە دەرەوە و کاتێ لێیان پرسیوە فڵان ئەم دڕدۆنگی و خۆدابڕینەت لە چییە؟ ئەویش سوێندی گەورەی خواردووە کەوا رقی لە هەموویانە، جا ئیتر بۆ مەرحەبایان بکات و تێکەڵیان ببێت؟
ئەگەرچی کاتی خۆی ئەم پیاوە قسەکەی هەر بۆ شۆخی و گاڵتە کردبێت لەگەڵ دۆست و هاوەڵەکانی، بەڵام ئێستا بووە بە راست و تەماشا دەکەیت کەس پاک نییە لەگەڵ دەوروبەری خۆی. خوشک و برا تەنانەت دایک و باوک و منداڵەکانیان تەبا و جۆرنین لەگەڵ یەکتر و هەریەک لە ئاشێک لێدەکات. جا لێرەوە بڕۆ بۆ خزم و دۆست و دراوسێ و هاوپیشەت لە فەرمانگە و کار و کاسپیدا، تا دەگاتە ئەندامانی یەک حزب لە راستییەوە بۆ چەپ، ئەم پەیوەستبوونە جاران رۆمانسییەتێکی وای بەسەردا زاڵبوو دەیکردنە «گیانێک لە یەک جەستەدا» و سوێندیان بە سەری یەکتر دەخوارد و زۆر بە دەگمەن روویدەدا کەسێک پێچەوانەی ئەم ئاکار و مۆراڵە رەفتار بکات، کەچی ئێستا تەنها بەرژەوەندیی تەسک و کورتمەودا خەڵک دەکاتە دۆستی یەکتر و بە تەواوبوونی ئەویش تەواو دەبێت. ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت و کاری کردووەتە سەر رەفتاری تەواوی تاکەکانی کۆمەڵ ئەنجامی کاڵبوونەوەی بەهاکانە کە ببوو بە نۆرم و دەستوور و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی دەق گرتووی وا لادان لێی بە بەزاندنی خەتی سوور تەماشا دەکرا، بەڵام ئێستا لە سایەی سیستمی ئابووریی بەرخۆردا هەموو بەهاکان سەرەولێژ و ئاوەژوو بوونەتەوە، تێیدا چینی ناوەڕاست بەرەو لاوازی و نەمان دەچێت و کۆمەڵگە کەوتووەتە سەر رێچکەی ئەوەی ببێت بە دوو بەرە چینی دەوڵەمەند و هەژار و بەرەبەرە جیاوازییەکانیان تادێت قووڵتر دەبنەوە.
بێگومان پێگەیشتن و پەرەسەندنی چینە دەوڵەمەندەکە لەسەر بناغەی چالاکییەکی ئابووریی چەوت و بێ پرەنسیپ و سەرگەردانیی بازاڕە کە تێیدا چینێکی مفتخۆر دەبێتە هاوپەیمانی خوێن و یەکتر تەواوکەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتدا، لە بناغەدا دەستە و تاقمێکی دز و وڵات تاڵانکەرن لە ژێر پەردەی دروشمی نیشتمانیی فریودەردا و بەر رووکەشێکی پڕ لە جوانکاریی ساختە و فریودان و ناوەڕۆکێکی پڕ لە گەندەڵی و تاڵان و بڕۆدا، کە هەموو فێڵ و چاوبەستیی تێدا پیادە دەکرێت تا ئاستی کردنی تاوانی جۆراوجۆر.
لەم کەش و دۆخەدا دز و درۆزن و بەشێکی زۆر لە خەڵکانی مفتخۆر برەو پەیدا دەکەن و ئەودوای چینە ماف خوراوەکە هیچیان بۆ نامێنێتەوە لە رق هەڵگرتن و پیشخواردنەوە بەولاوە، تا دەگەنە ئاستی تەقینەوەیەکی وێرانکەر، ئەگەر بە وریایی چارەسەری ئەم بارە و ئاڕاستەی هێزی پەنگخواردووی خەڵک نەکرێت بۆ ئەوەی وەک ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکەمان بەسەر نەیەت، بێگومان دەردی خەڵک قووڵ و کاریگەرە، بەڵام بێ دەرمان نییە و ئەوانەی کە بە سەرمایەی دزی و تاڵانیی ماڵی گشتیی میللەت، ئێستا بوون بە هێز و دەسەڵاتی کاریگەر و شیرازەی پەیوەندیی بەهاداری کۆمەڵایەتییان شێواندووە زۆر لەوە لاوازترن کە بەرگریی لە تەلاری لەرزۆکی سەرمایەی بە تاڵان پێکەوەنراویان بکەن، بەڵام پێویستە خەڵکە بەشخوراوەکە ئاڕاستەی رق لە یەکتر بگۆڕن بۆ لەناوبردن و بنەبڕکردنی هۆکار و جومگە سەرەکییەکانی تاوان.