پارە چاوی کوێر کردووە

10:59 - 2025-06-23
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
45 خوێندراوەتەوە

59

ئەم پەندەی پێشینان بە خۆڕایی نەگوتراوە و لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا بەردەوام بە تەوس و پلار دەگوترێتەوە و دووپات دەکرێتەوە. خەڵکیش ناهەقیان نییە لە داخی دڵیان و لەبەر ئەو ناهەقی و ناعەدالەتییەی دەگوزەرێت پەنا بۆ ئەم پەندە ببەن و کەمێک لە داخ و خەفەتی پەنگخواردووی  دەروونیان بدەن بە دەم باوە. 
کابرا تا دوێنی لە هینی سەگ سواڵی دەکرد، ئەمڕۆ بێئەوەی کار و کەسابەتێکی رەوا و کورە تەنانەت ناڕەواشی دیاربێت بووە بە خاوەنی خەزنەی قاروون و بە راست و چەپدا تەخشان و پەخشانی دەکات و لێی کەل نابێت. ئاخر کاکی برا تۆ هێشتا سەرەتای ژیانتە ئەمەت لەکوێ بوو؟ بڵێین خوا پێیداویت راست نییە، لە میراتیی باوکت بەجێماوە خۆ باوکی رەحمەتیت هیچی نەبوو، بە دووی کەنداویت و لەپڕ وەک لە کاریکاتێرەکەدا رەنگ دەداتەوە قاچی حوشترەکەت چەقیوەتە بیرە نەوتێکی ئەو لم و بیابانە ئەوەش نیت. هەرچی لە زانستی ئابووریدا هەیە تاوتوێی بکەیت تۆ ناگرێتەوە، کەواتە تۆ هەرزە وەکیلی دزەکانی وڵاتی ئابووریی بەرخۆری کە هەموو چالاکییەک تیایدا بە لۆجیکی قاچاخ و قاچاخچێتی بەڕێوەدەچێت، قاچاخچێتی هەموو کەرەستە و کاڵایەک لەودیوی سنوورەکانەوە و غەیری سنوورەکانیش، بە قاچوقووچی زەویی وەبەرهێنان و خانووبەرە بە شێوازی تەڵە و فریودان و تەڵەکەبازیی ساغکردنەوەیان بەسەر خەڵکی وڵاتدا لە رێگەی خەڵکانی وەک ئێوەوە، نەوت فرۆشی و ئۆتۆمبێل هێنان و دەرمان فرۆشی و بازرگانیی خواردەمەنی بێ کوالێتی وڵاتانی دەوروبەر و تێکشکاندنی ئابووریی وڵاتەکەی خۆتان و دەستبردن بۆ بازرگانیکردن بە هەموو حەرامێک بە مەی و ماددەی هۆشبەر و سۆزانی و هەزار و یەک بابەتی دیکەی لە مۆراڵ بەدەر، بە سەرەوکاری و هاوبەشیی زۆربەی ئەو دەسەڵاتدارانەی گوایە وڵات بەڕێوەدەبەن و بوون بە میرمحێی تەواوی ژیانی خەڵک.
 ئەمانە لە وڵاتدا دۆخێکی وایان هێناوەتە ئاراوە کە پێوەریان بۆ هیچ بەهایەکی باشی جاران نەهێشتووەتەوە. دۆخێک کە هێند شڵەقاوە کەس سەری لەبەر دەرناکات و لە هەموو رووەکانەوە هیچ بەسەر هیچەوە نەماوە و ئەنجام کەسانێکی تێدا بوون بە «پیاوماقووڵ!» پارەدار و چاوی کۆمەڵ کە لە بنەڕەتدا هیچ بەها و مۆراڵێکیان نییە و تاکە بەهرەیان دەستکەوتنی پارەیە بە رێگە و کەناڵە ناڕەواکانی چالاکیی ئابووریی بەرخۆر لە سایەی دۆخێکی ئاڵۆز و تەنراو بە تۆڕێک لە بەناو دەسەڵاتداری دز و درۆزن و تاوانکاردا دەرهەق بە کۆمەڵگە.
لەم دۆخەشدا سوپایەک چەورە و دەستوپێوەند دروستبوون کۆ لە هیچ کارێکی حەرام و ناڕەوا ناکەنەوە لە کەشێکدا کە هیچکام لەو یاسا و رێسایانەی کاروباری وڵات رێکدەخەن بەناو هەن، بەڵام ناوەڕۆکێکی ئەوتۆیان نەماوە و بوون بەو داوەوەی تەنها تەیری بچووک و خەڵکی سەرپێچیکاری لاوازی پێوە دەبێت، حووتەکان یان بە قەولی هەولێرییان «نێرەکەری» ئەم چەرخ و زەمانەی پێوەنابێت، وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و بەو پشتە ئەستوورەی کە هەیانە «پارێزبەندییان» هەیە و دەست واڵان بۆ هەر سەرپێچی و تاوانێک دژ بە خەڵک دەیکەن، ئەو خەڵکەی وەک رەعییەتی ژێردەستەی پاشاکانی جارانی لێهاتووە.
ئێستا ئەمانە وەک مشک زاوزێ دەکەن لە رەفتاردا و کاریگەرییەکی زۆر خراپیان کردووەتە سەر کۆمەڵگە و تادێت خەڵکی چاویان لێدەکات و زمانحاڵی زۆرێک بووە بەوەی چۆنی پەیدا دەکەیت بیکە و گرنگ ئەوەیە چاپلوس و چڵکاوخۆری گەورە دزان بیت و هیچ رەفتارێکی شوورەیی و دزێوت پێ شەرم نەبێت، گرنگ تەنها پارەیە و خۆ پێوەبادانی ئەوانەیە بەسەر هەموو ئەو خەڵکەی کە قوڕ بەسەریدا کراوە بێئەوەی کەس بتوانێت سنوورێکیان بۆ دابنێت.

وتارەکانی نوسەر