دانـــا لوقمان بۆتانی
رەوشی خراپ و ناسەقامگیری ناوچەکە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئـەم دۆخە چەق بەستووەی ھەرێمیش دروست دەکات، بۆیە گرنگە سەرکردایەتیی کورد سیاسەتێکی حەکیمانە بگرێتەبەر
هـەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و بەرهەمی دوای راپەرینی خەڵکی کوردستانە، یەکەمین هەنگاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت و دروستکردنی دامودەزگاکان و نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور و پەیوەندیی بەهێزی لایەنە سیاسییەکان، قەوارەی ئـەمڕۆی دروستکرد.
هـەرێمی کوردستان لە رووی ئـیداری و ئـەمنییەوە، ناوچەیەکی ئـارامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، ئـەزموونێکی زۆری هەیە لە روبەڕوبوونەوەی ستەم و تیرۆردا، هەر لە شاخەوە لە روبەڕوبوونەوەی رژێمی بەعس تا درێژکراوەکەی ئـەلقاعیدە و دواهەمینیان هاتنی داعش بوو لەساڵی 2014، هەموو ئـەمانە بوونە هۆی دەوڵەمەندکردنی ئـەزموونەکە و ناساندنی کورد و کوردستان بەجیهانی دەرەوە.
هەنگاوەکان لایەنی ئـەرێنی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەرکرد، بووە مەڵبەندی پێکەوەژیان بۆ گشت پێکهاتەکان، بووە فاکتەرێکی بەهێز بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری کۆمەڵگە و لەلایەکی تریش باوەشکردنەوە بۆ ئـاوارەکان و دروستکردنی کەمپەکان، هێلی هاوکاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زیاتر و بەهێزترکرد .
گرنگ مانەوەی قەوارەی هەرێمە وەک خۆی و هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ئـەوەی هیچ هۆکارێک کاریگەریی لەسەر لاوازبوونی دروست نەکات، ئێستا زۆرترین قسە و باس لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتی و فەرمانبەران و دۆخی مووچە و پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵە، خەریکە نەگەیشتن بە چارەسەرێکی تەواو ئـەزموونی دەیان ساڵی رابردوو لەناو دەبرێت .
رەوشی خراپ و ناسەقامگیری ناوچەکە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئـەم دۆخە چەق بەستووەی هەرێمیش دروست دەکات، بۆیە گرنگە سەرکردایەتی کورد سیاسەتێکی حەکیمانە بگرێتەبەر، یەکەمیان بۆ یەک گوتاریی سیاسی، دووەمیان بۆ دروستکردنی پەیوەندی و سیاسەتی دەرەوە لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی.
بۆ ئـەوەی هەرێمی کوردستان رۆلی زیاتر دەستەبەر بکات و قەوارەی هەرێم لە چوارچێوەی فیدراڵیدا بە بەهێزی بمێنێتەوە، پێویستی بە چەند هەنگاوێکە لەوانە، ئـاسایکردنەوەی پردی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و حکومەت و توانای وەڵامدانەوەی خواست و پێداویستییەکان. رێکەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەڵگری دروشمی ستراتیژیی روون و ئـاشکرا، ئـەمەش رۆلێکی بەرچاو دەگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
تەئـکیدکردنەوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کە چاوی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەرە بۆ ئـەوەی گۆڕانکاری نوێ بهێنێتە ئـاراوە.
قۆناغی ئـێستا ئـامانەتیی بەجێماوی شەهیدان و تێکۆشەر و دەیان سەرکردەیە، بۆیە هەوڵی هەموو لایەکی پێویستە کە کاربکەن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و گەیشتن بە ئـاواتەکانی گەلەکەمان.