هـێزی نه‌رم

کەمەندکێشیی هونەری داهێنان

12:03 - 2024-06-24
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
503 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 


هەرگیز لەخۆت پرسیووە سەماکەی جۆن تراڤۆڵتا لەسەر ئاوازی گۆرانییەکی هندی لە بۆلیوود یان یارییەکانی تیپی تۆپی پێی بەرازیل و یارییەکانی بارسا و ریال مەدرید و ئەوانی تر چۆن دەتوانن بە هەزاران هەوادار لە سەرانسەری جیهاندا کۆبکەنەوە بە کوردیشەوە؟ سەیرنییە کە هەموو جیهان و مرۆڤایەتی بەسەرسامییەکی زۆرەوە لە تابلۆکەی مۆنالیزای داڤنشی دەڕوانن و هەموویان کۆکن لەسەر بایەخی تابلۆکانی ڤانکوخ و  باڵادەستی ئەدەبیاتی شکسپیر و ئاوازەکانی بتهۆڤن و مۆزارت. چی و کێ ئەم کۆدەنگییە جیهانییە لەسەر بەرهەم و هونەری داهێنەرەکان دروست دەکات؟ بەدڵنیاییەوە هیچ زەبر و زەنگ و زۆرێک لەئارادا نییە بۆ قەناعەت پێهێنانی میللەتانی دنیا  بۆئەوەی سەدەیەک یان زیاتر هۆگری کارێکی داهێنەرانەبن.هەندێجار میللەتانی ستەم دیدەی وەک کورد، خۆزگە دەخوازن کۆدەنگییەکی جیهانیی لەسەر مافەکانیان هەبێت کەچی بەداخەوە نابێت، بۆ نموونە سەروەختی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و سووتاندنی گوندەکان هێندەی ئەو کۆدەنگییەی لەسەر میوزیکیک هەبوو کە لە هەشتاکاندا باوی بوو بەناوی (مۆنامور) هاوپشتی و هاوسۆزیی بۆ کوردی باشوور نەبوو. جێگەی پرسیاریشە کە بۆچی کورد خۆیشی بە خوێندەوار و نەخوێندەوار و  پێشمەرگە و جاشەکانیشیەوە عاشقی میوزیکی غەمناکی مۆنامور بوون کە شاکاری میوزیسیانێکی ئیسپانییە؟ لێرەوە هەست بە کاریگەریی هێزی نەرمی داهێنانی هونەریی دەکەین و دەبینین چ گۆڕانکارییەک دەخوڵقێنێت. خۆ بەچاوی خۆتان لەم رۆژانەی رابردوودا بینیتان چۆن مەرگی لەناکاوی پێشمەرگەی دێرین و میدیاکاری رەخنەگر و هونەرمەندی کۆمیدیای مەبەستدار و ئاست بەرزی وەک بەرزانی قادری خەڵوز لەهەموو پێگە سیاسی و حزبی و کۆمەڵایەتییەکانەوە گوڵباران لە ماڵئاواییەکەی کرا، بەبێ ئەوەی خاوەنی پۆستێکی باڵای حزبی یان سیاسی بێت. داهێنانی هونەریی و ئیرادەی میللەتان کۆدەنگی و ئاشتەوایی بێ مەرج لەنێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا دروست دەکەن و بەبێ رشتنی یەک دڵۆپ خوێن، رۆح و گیانی بەرانبەرەکەیان داگیر دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە نەجیب مەحفوز نوێنەرایەتی میسر دەکات و خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت ،نەک حوسنی موبارەک، لە عیراقیش نادیە موڕاد خەڵاتەکە دەبات نەک سەدام حسێن.لەبەر هەمان هۆ کەرکوک بە عەلی مەردان و خانەقین بە خوداداد عەلی و هەولێر بە مشکۆ و سلێمانی  بێجگە لە رەشەباکەی بە نالی شاعیر و دەروێش عەبدوڵڵا و ئەحمەد شەماڵ و بەهیجە ئیبراهیم ناسراو بە دایکی جەمال بەناوبانگە باوەڕدەکەن ئەم ژنە هەڵەبجەییە لە بیستەکاندا کۆمپانیای بەیزافۆن لەسەر قەوان گۆرانیی بۆ تۆمارکردووە، هەمان کۆمپانیایە کە گۆرانی لەسەر قەوان بۆ ئوم کەلسوم و ئەسمەهان تۆمارکردووە؟ هێزی داهێنان رەگەز و نەتەوە و سەردەستەیی و بن دەستەیی ناناسێت، ئەو لەپێناوی هەموواندایە، لەبەرئەوەشە هەمووان کەمەندکێشی ئەون.

وتارەکانی نوسەر