لەشكر حەمە ساڵح- بەیجینگ
نێردراوی کوردستانی نوێ
لەم چەند ساڵەی دواییدا كۆماری میللیی چین گەشەكردنێكی هەمەلایەنەی بەخۆیەوە بینیووە. هەر لە بواری سیاسییەوە تا دەگاتە ئابووری و سەربازی و ... هتد، كە ئەمەش ئەو وڵاتەی كردۆتە زلهێزێكی بێ ركابەر لەسەر ئاستی جیهان!
بیرمەندێکی چینی دەڵێت:
«گرنگ نییە پشیلەكە رەشە یان سپی، بەڵكو گرنگ ئەوەیە راوی مشك بكات!» لەسەر ئەو دیدگایە لە بەیجینگ پەیکەری دوو پشیلەی رەش و سپی دانراوە، وەک گوزارشتێک لەوەی کە چینیش راو دەكات! بەڵام راوی ئایندە
تائێستا هیچی نوێمان نەوتووە، لە دووریی هەزاران كیلۆمەتر و لە پشت مێزی کۆمپیوتەر و بە مۆبایلێکی زیرەکی چینیش، دەتوانیت ئەو وشە و رستانە ریز بكەیت... بگرە زیاتر قووڵ بیتەوە، بەڵام بە راستی كە دێیتە ئێرە، لانیكەم دێیتە بەیجینگ، بارودۆخەكە شتێكی ترە، گوزارشتكردن لەوەی دەیبینیت و هەستی پێدەكەیت، زۆر جیاوازترە لەوەی لە دوورەوە دەیبینیت یاخود هەستی پێدەكەیت!
وڵاتێكی گەورە و پان و بەرین، كۆمەڵگەیەكی سەقامگیر، ئابوورییەكی بەهێز و روو لە گەشەكردنی بەردەوام.
لە رووی تەكنۆلۆژییەوە لەسەر رێگەی هەنگاوی گەورە و یەكلاكەرەوەیە كە نەك ئەم سەردەمە، بەڵكو بناغەی قۆناغی داهاتووی مرۆڤایەتیش بنیاد دەنێت یان راستتر سەرلەنوێ دایدەڕێژێتەوە.
بە كورتی ئەوەی لە چین دەگوزەرێت، ئەزموونێكی جیاوازە لە هەموو ناوچەكە و تەنانەت جیهانیشدا. ناتوانرێت و ناكرێت بە كورتی و پوختی وەسفی بكەیت!
لە هەموو شتێكی چین جیاوازتر، ئەزموونی شاری یەنچوانە لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی نینگشیا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە نەتەوەی هوی (خوی)ن و موسڵمانن.
ئەو شارە لە ناو جەرگەی بیاباندا دروستكراوە، بەڵام شارێكی سەوز و ئاوەدانە، پڕە لە دەریاچە و رووبار و گۆم و دارستان، كارگەی گەورەی پیشەسازیی جۆراوجۆر، مەڵبەندی پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی .
هەر لەم شارەدا، ناوەندێكی كەلتوری هەیە بەناوی (بیت الحكمة) كە سەدان كتێب و بەرهەمی تەلەفزیۆنی و دراما و پلاتفۆڕمی جیاجیای هەیە لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی كەلتوری و رۆشنبیری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا.
بە راست، ئێستا چین لە كوێدایە و دەیەوێت بەرەو كوێ بڕوات؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، هەروا ئاسان نییە، بەڵكو لە وەسفكردن و تێگەیشتن لە وڵاتێكی ئاسایی لە ژینگە و ئاستێكی ئاساییدا پێویستمان بە توێژینەوە و بەدواداچوونی ورد و هەمەلایەنەیە، بۆیە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە زۆر جیاوازترە.
یەكێك لە وانەبێژانی خولی راهێنانی میدیایی لە شاری بەیجینگ بۆی گێڕاینەوە كە لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، ئەو كاتەی سەردەمی بوژانەوە و گەشەكردنی چین دەستیپێكرد، لە بیرمەندێكی چینی دەپرسن ئەو وڵاتە بۆ كوێ دەڕوات؟ چۆن دەكرێت تایبەتمەندییەكانی سۆشیالیزم و سەرمایەداری تێكەڵاو بكەیت و بەنیاز بیت نموونەیەكی سەركەوتووی لێ دەربچێت؟
وەڵامی بیرمەندەكە زۆر سادە و سەرنجڕاكێش بوو و وتی: «گرنگ نییە پشیلەكە رەشە یان سپی، بەڵكو گرنگ ئەوەیە راوی مشك بكات!» سەرنج لەو تێگەیشتن و قووڵبوونەوەیە بدەن كە لە پشتی ئەو چەند وشە سادەیەوە خۆی حەشار داوە.. بۆیە ئێستا و بۆئەوەی وەڵامە سادە و بەهێزەكەی ئەو بیرمەندە لە یادەوەریدا بمێنێتەوە و گوزارشتیش لە سەركەوتنی ئەزموونی هەستانەوە و بوژانەوەی چین-یش بكات، لە یەكێك لە گۆڕەپانەكانی بەیجینگ، پەیکەری دوو پشیلە، یەكێكیان سپی و ئەوی دی رەش بەرامبەر یەكتری وەستاون. چینیش ئەو وڵاتەیە كە راو دەكات! بێگومان راوی بوونەوەر و زیندەوەرێكی دیاریكراو نا، بەڵكو خەریكی راوكردنی ئایندەیە.