نەریتی بڵاوکردنەوە لە سۆشیاڵ میدیادا

09:51 - 2024-06-27
رۆزا دڵشاد مەریوانی
193 خوێندراوەتەوە

دنیای سۆشیاڵ میدیا لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا پەیدابوو، هەروەها گۆڕانکارییەکان بە تایبەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی رۆژهەڵاتیی وەک ئێمە کە بە دواکەوتوو هەژمار دەکرێت زۆر بەخێرایی روویاندا، ئەوەش وایکرد بە تەواوەتی لە تایبەتمەندیی و رێساکانی ئەو دنیا گریمانەکراوەدا زۆربەمان لێی تێنەگەین و نەیزانین، ئەنجامەکەشی ئەوەیە بابەت و پۆستی سەیر و سەمەرەی خۆمان و خەڵکی لەو پێگە کۆمەڵایەتییانەدا دەبینین و بڵاودەکرێتەوە کە هەندێکجار کاریگەریی نێگەتیڤی هەیە لەسەر ژیانی تایبەتی و خێزانیی کەسەکان بە رادەی ئەوەی زۆر حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە روویانداوە.

ناکرێت هیچ جۆرە وێنەیەک بڵاوبکەیتەوە چێژی گشتی تێکبدات و کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر دەروونی ئەوانەی پۆستەکە دەبینن دروست بکات

بێگومان رەنگە ئەو هەڵە بچووکانە لە زۆربەمان روویدابێت لە سەرەتای بەکارهێنان و ئاشنابوون بەو تەکنۆلۆژیا تا رادەیەک نوێیە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ تا ئێستاش هەندێ پۆست و وێنە لە سۆشیاڵ میدیادا دەبینین باوەڕ بەچاوی خۆمان ناکەین ئەمە چۆن روویداوە و خاوەنی پۆستەکە چۆن پۆستێکی لەو جۆرەی کردووە؟ یەکێک لەوانەی بەڕای من زۆر ناجۆرە و ناکرێت بابەت و وێنەی لەوجۆرە دابنرێت ئەویش بڵاوکردنەوەی وێنەی ئازیزانمانە لە دۆخی خراپ و سەرەمەرگدا، تەنانەت پۆستی وا دەبینین کەسەکە لەو ساتەدا گیانی سپاردووە کوڕەکەی سێڵفییەکی لەگەڵدا گرتووە و لە سۆشیال میدیا بڵاویکردۆتەوە، کە ئەگەر کەسێک کەمێک لە نەریت و رێسا کۆمەڵایەتییەکان نەک تەکنۆلۆژییەکان بزانێت نابێت کاری وابکات، لەبەر هیچ هۆکارێک نەبێت لەبەرئەوەی ناکرێت هیچ جۆرە وێنەیەک بڵاوبکەیتەوە چێژی گشتی تێکبدات و کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر دەروونی ئەوانەی پۆستەکە دەبینن دروست بکات، جگەلەوەی ئەو کەسە ئازیزەت شایەنی ئەوەیە بەشێوەیەکی جوانتر لە هزری خەڵکدا بمێنێتەوە و ئەگەر وێنەیەکی لە باشترین و جوانترین دۆخدا دابنێیت لەگەڵ هەندێک وشەی جوان و ماڵئاواییدا ئەوە بۆ کەسەکە و بینەرانی پۆستەکە و کەسوکاریش جوانتر دەبێت، هاوکات کاتێک دوای چەند ساڵێک سۆشیاڵ میدیا زۆر دڵڕەقانە وەک بیرەوەری دووبارە ئەو پۆستەت پیشان دەداتەوە ئەوە وادەکات تەنیا دۆخی خراپ و ئازاری ماڵئاوایی ئەو کەسە ئازیزەت بیرنەکەوێتەوە، بگرە هەموو ژیان و یادگارییە خۆشەکانیت بەبیر بێتەوە، واتا لەوێدا تۆ ژیانی بەنرخی ئەو مرۆڤەت تەنیا لەو ماوە کەمەی تەمەنیدا کە تێیدا نەخۆش یان پەککەوتە بووە کورت ناکەیتەوە، بەڵکو کۆی ژیانی بە زیندویی دەهێڵیتەوە کە وەک هەر مرۆڤێکی دیکە ژیانی تێپەڕاندووە بە خۆشی و ناخۆشییەکان و لەش ساغی و نەخۆشییەوە، هەوڵتداوە وەک یادگاریی و وێنەیەکی جوان لە بیری خۆت و کەسە نزیکەکانیدا بمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر