نەریتی نوێی خوێندنەوە!

11:44 - 2024-06-30
مەریوان مەسعود
154 خوێندراوەتەوە

 لەم رۆژانە، لە یەكێك لە تەلەفزیۆنە عەرەبییەكان، راپۆرتێكم بینی لەسەر نەریتی گوێگرتن لە (كتێبی دەنگی)، كە ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا بۆتە باو، بۆ نموونە لە ناو میترۆكان و شوێنە گشتییەكان، زۆربەی خەڵكەكە لە جیاتی ئەوەی وەكو جاران كتێبێكی گیرفان یان رۆژنامەیەكی تابلۆیدی بە دەستەوە بێت، هێدفۆنێكی لە گوێیە و گوێی گرتووە لە خوێندنەوەی كتێب، واتە لە جیاتی ئەوەی خۆی بە چاو بیخوێنێتەوە، بە دەنگ بۆی دەخوێننەوە و ئەویش گوێی لێدەگرێت و چێژی لێدەبینێت.

بۆ یەكەمجارە لە كوردستان كۆمپانیایەكی ئەهلی دەستیكردووە بە تۆماركردنی 100 كتێبی نووسەرە جیاجیاكانی كورد بە شێوەی دەنگی و بە كوالێتییەكی بەرز

ئەوەی بووە هەوێنی ئەم ستوونە، بوونی پڕۆژەی خوێندنەوەی كتێبی دەنگییە لە كوردستان، كە بە راستی جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشییە كە كۆمپانیایەكی ئەهلی بەناوی (ئاگۆرا ڤیژن)، دەستی كردووە بە تۆماركردنی زیاتر لە 100 كتێبی نووسەرە جیاجیاكانی كورد بە شێوەی دەنگی و بە كوالێتییەكی بەرز، لەوانەش دڵخۆشكەرتر ئەم كتێبانە لە وێبسایتێكی پڕۆفیشناڵ دانراوە و هەموو كتێبێكیش نرخێكی رەمزی لەسەرە، واتە خوێنەر دەبێت لە رێگەی كارتی ئەلیكترۆنییەوە پارە بدات و ئەویش كتێبەكەی بۆ دەستەبەر دەكات، كە نرخی زۆربەیان لە نێوان 3 بۆ 5 دۆلار دایە، ئەمەش بە بەراورد بە كڕینی كتێبێك زۆر كەمە، جگە لەمەش خوێندنەوەی كتێبەكان تەكنیكی باشی تێدا بەكارهاتووە و وا لە (خوێنەری گوێگر) دەكات بە تامەزرۆییەوە گوێ‌ لە كتێبەكە بگرێت.
ئەم نەریت و كارە گرنگەی هاوڕێیانی ئاگۆرا ڤیژن، مایەی ئەوەیە كە دامودەزگا رەسمییەكان بە تایبەت پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی رۆشنبیری و تەنانەت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش پشتگیرییەكی باشی ماددی و مەعنەوی پڕۆژەكە بكەن، چونكە ئەوەندەی من زانیارییم هەبێت، ئامانجی پڕۆژەكە زیاتر بۆ هاندانی نەریتی خوێندنەوە و هۆشیاری كۆمەڵگایە و بەشێكی كەمی دەستكەوتی ماددییە، بۆیە بەهیوام ئەم پڕۆژە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و ئێمەی نووسەران و رۆژنامەنووسانیش پاڵپشتی پڕۆژەكە بین، بەو مەرجەی ئاگۆرا-ش كتێبی باش و بەپێز هەڵبژێرێت كە كاریگەری ئیجابی لەسەر خوێنەر جێبهێڵێت نەك تەنیا بۆ فرۆش كارەكان بكات، هەرچەندە لەو 100 كتێبەكەی كە بڵاویان كردۆتەوە دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرە زۆریان كتێبی نایاب و باشن، ئەمەش سەرەتایەكی باشە، بۆ پڕۆژەیەكی وا گرنگ.

وتارەکانی نوسەر