خولی هاوینەی خوێندكاران و قسەیەكی جیاواز!

12:06 - 2024-07-02
مەریوان مەسعود
122 خوێندراوەتەوە

ساڵانە، لە 1/7 تا 1/9، خوێندكارانی دوا قۆناغی پەیمانگە و كۆلێژەكان، وانەیەكیان هەیە بە ناوی (وانەی پراكتیكی- راهێنان و فێركاری)، ئەم وانەیە وەكو خولێكی فێركارییە لە یەكێك لە دامودەزگا پەیوەندارەكانی بوارە جیاجیاكانی زانست و ئەكادیمیادا دەبێت، بە پێی پسپۆڕی خوێندكارەكە، هەر خوێندكارێكیش ئەم خولی راهێنانە پراكتیكییە نەكات، نابێتە خاوەن بڕوانامە.


دەبێت ئەم شێوازی بە ناو راهێنانی هاوینەیە بگۆڕێت و مامۆستاكانی كە سەرپەرشتیار و چاودێرن بەسەر خوێندكارەكانیانەوە جیدیتر بن و داوای بەرهەمی ئەو دوو مانگەیان لێبكەن

تا ئێرە ئاساییە و هەموو خوێندكارەكان لەلایەن دامودەزگایەكەوە بەسەرپەرشتی مامۆستایەك وەردەگیرێن و ئەو دوو مانگە خۆبەخشانە بۆ دەزگاكە كار دەكەن، بەڵام ئەوەی مایەی پرسیاری هەم دامودەزگاكە و هەم لایەنی ئەكادیمییە ئەوەیە ئایا ئەو خوێندكارانە چی فێر دەبن و چۆن و چەند سوود وەردەگرن لەو خولانە؟ ئەی خوێندكارەكان لەو ساڵانەی خوێندوویانە بوونەتە خاوەن ئەزموونێك و سوود بە دامودەزگاكە بگەیەنن؟! 
بێگومان، بە پێی ئەزموون و بەدواداچوونەكانی خۆم بێت وەكو رۆژنامەنووسێك، زۆربەی هەرە زۆری ئەم راهێنانانە سوودێكی ئەوتۆ بە خوێندكارەكە ناگەیەنن و بە پێچەوانەشەوە دامودەزگاكەش هیچ سوودێك لە خوێندكارەكە نابینێت، بەڵكو هەر وەكو شتێكی رۆتین رۆژانە ئیمزای هاتن و رۆیشتن دەكەن و بە دەگمەن هەڵدەكەوێت كەسێك بەهرەمەند بێت و سوود بگەیەنێت بە خۆی و بە دەزگاكەش، چونكە بەداخەوە ئەو پەروەردەیەی كە وادەكات خوێندكارەكان بە خۆشەویستیی و دڵسۆزییەوە خزمەت بكەن و لە بایەخی ئەم دوو مانگ راهێنانە بزانن لاوازە و وەكو پێویست نەتوانراوە تێیان بگەیەنرێت كە ئەم خولە بۆچییە و بۆ گرنگە بۆ خوێندكارەكە، كە دەبێتە هۆی كۆنتاكتێكی باش و شارەزایی و ئەزموونێكی پراكتیكی بۆ خوێندكارەكە لەو بوارەی كە بڕوانامەكەی تێدا بەدەستدێنێت.
بۆیە من پێموایە، دەبێت ئەم شێوازی بە ناو راهێنانی هاوینەیە بگۆڕێت و مامۆستاكانی كە سەرپەرشتیار و چاودێرن بەسەر خوێندكارەكانیانەوە جیدیتر بن و داوای بەرهەمی ئەو دوو مانگەیان لێبكەن، بەو مەرجەی ئەو دەزگایەشی كە لێوەی راهێنانەكە دەكەن پشتگیریی كارەكانیان بكات، چونكە بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێم كە زۆربەی خوێندكارەكان، وەكو شتێكی رۆتین و ئاسایی سەیری ئەم راهێنانە دەكەن، چونكە پێیان وایە ئەنجامەكەی هەرچییەك بێت لە كۆتایی خولەكەدا دەزگاكە و مامۆستای سەرپەرشتیاریان ئیمزای رەزامەندیان بۆ دەكەن و نەجاتیان دەبێت.

وتارەکانی نوسەر