ستونی کراوە

دۆستی بەساڵاچووان بین

11:40 - 2024-07-03
رۆزا دڵشاد مەریوانی
151 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

 

لەم رۆژانەدا بابەتێکم خوێندەوە لەسەر باشترین ئەو وڵاتانەی دۆستی بەساڵاچوانن واتا باشترین سیستەمیان هەیە بۆ خزمەتکردنی بەساڵاچووان، بێگومان بە خوێندنەوەی ئەوە هەموو ئەو دیمەنانەم هاتەوە بەرچاو کە بەداخەوە بەرامبەر بەساڵاچووانی ئەم وڵاتەی ئێمە دەکرێت، هەر لە مەسەلەی خانەنشینی و وەرگرتن و دواکەوتنی مووچەکانیانەوە تا ئەو دۆخە خراپانەی تێیدا مووچە وەردەگرن کە نەک بەتەمەنێک بگرە گەنجێکیش بە زەحمەت بەرگەی دەگرێت، وەک گەرما و سەرما و قەرەباڵغی..هتد، لە راپۆرتەکەدا ناوی ئیمارەتی شاریقە هاتووە کە بەیەکێک لەو شوێنانە دادەنرێت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە بەساڵاچووان دەکەن و یەکێکە لەوانەی دۆستی بەساڵاچووانە.
جێگەی سەرنجە لە 13ی ئەیلولی 2016- ەوە ئیمارەتی شاریقە بە رەسمیی پەیوەندی بە تۆڕی جیهانی ئەو شارانەوە کردووە کە دۆستی بە تەمەنەکانە و سەر بە رێکخراوی تەندروستی جیهانییە، بەمشێوەیە نەک هەر بووە بە یەکەم شاری عەرەبی ئەو ئەندامێتییەی بەدەستهێناوە، بەڵکو لەڕووی خزمەتکردنی هەموو تەمەنەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە پێشەنگە، شایەنی باسە بەپێی رۆژمێری رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت 15 تەمووز هەموو ساڵێک بۆ هۆشیارکردنەوە دانراوە لەبارەی مەسەلەی توندوتیژی و خراپ مامەڵەکردنی بەساڵاچووانەوە لە جیهاندا، ئەوەش واتای وایە ئەو بابەتە بووە بە دیاردەیەکی ترسناکی زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی دنیا و واپێویستی کردووە رۆژێکی بۆ دابنرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە.
بە داخەوە دوور لە مەسەلە سیاسییەکە، بەپێی کەلتوری کۆمەڵگەی ئێمە بێت کاتێک کەسێک دەچێتە تەمەنەوە چەندین ناو و ناتۆرەی لێدەدرێت وەک «سەری لە گوێ قەبر دەلەرزێ..هتد» وا دەزانرێت خانەنشین بوون  و پیربوون عەیبەیە و تەواو ئیتر دەبێت کەسەکە بمرێت، بەڵام لە زۆر وڵاتانی دنیا دوای گەورەبوونی منداڵ و نەمانی بەرپرسیارێتی و خانەنشینبوون، ئینجا بیر لە ژیان دەکەنەوە و دەڵێن ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەین و وەک قۆناغێکی نوێی تەمەنیان تەماشای دەکەن بۆ گەشت و گەڕان و بینینی دنیا و تەنانەت بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا.
دواجار ئەگەر سەرەیەکی قەرەباڵغی مووچەی خانەنشینی ئەم وڵاتە لەم گەرمای هاوینەدا بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانیی زووم بکەین دەبێت کاردانەوەیان چۆن بێت؟  


وتارەکانی نوسەر