پەیڕەوکردنی یاساکان توندوتیژی ناو خێزان ناهێڵێت

06:36 - 2022-05-22
هیوا محەمەد
515 خوێندراوەتەوە

ئێمە لەم سەردەمەدا هەموو شت دەبەستینەوە بە یاساوە، هەروەک ئەوەی پێش دانانی یاسای گشتگیر و دەوڵەتداریی شتێک بەناوی باو و نەریت یان مەرج و پەیڕەوکردن لەناو خێزان و دواتر تیرەدا نەبووبێت.
هەڵکەوتووە بۆ دەیان ساڵ تەنها چەند خێزانێک لە گوندێکی دووردەستدا پێکەوە ژیاون و لەناو خۆیاندا هەندێک شتیان داناوە و پەیڕەویان کردووە، بۆ نموونە کچ بەشوودان، ئەگەرچی بە گشتی مافەکانی کچیان تیادا رەچاو نەکردووە و قسەی یەکەم لای پیاو بووە، بەڵام ئەو شتانەی لەسەری رێککەوتوون بۆ هەموان وەک یەک بووە.
لە پێشکەوتنی جیهان و کرانەوەی مرۆڤ بە رووی زانست و تەکنۆلۆژیادا، هاتنە پێشی ئاسانکاریی بۆ پەیوەندیکردن و لێکنزیک بوونەوەکان وایان کردووە باو و نەریتە کۆنەکان ئێستا خۆیان لە یاسادا ببیننەوە.
لە بەرازیل کەسێک لە بەر ئەوەی باجی گشتی نەدات، دەڕوات بۆ دارستانێک و لەوێ کوخێک بۆ خۆی دروست دەکات تێیدا بژی، بەڵام کە پۆلیس بە مەدەزانێت دەچێت دەیگرێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ژیانی شار و پێی دەڵێن: مادام تۆ لەم وڵاتەدا دەژیت دەبێت ملکەچی هەموو یاساکان بیت و باجیش بدەیت.


لایەنی جێبەجێکاری یاسا کێیە؟
یاسا لە هەموو بوارەکاندا رێکخراوە، پێش دانانی شیکاریی بۆ کراوە و هەڵسەنگێندراوە، ئەگەر بە دادپەروەریی لەلایەن لایەنی جێبەجێکارەوە پەیڕەو بکرێت، ئەوا لە خزمەتی ئەو کۆمەڵگەیەدا دەبێت و دەبێتە مایەی سەقامگیریی و رێز لە یەکگرتن و پێكەوە ژیان.
لایەنی جێبەجێکار دوو بەشن، یەکەمیان خەڵكە بە گشتی کە دەبێت پابەندی یاساکان بن، دووەمیان بەشی داد و پۆلیسە کە دەبێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانە بکەن کە سەرپێچی یاسایی دەکەن.
ئەم دوو بەشە دەبێت بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆی خۆیان، شکاندنی یاسا لەلایەن تاکێكەوە زیانی تەنها بۆ خۆی نییە، بەڵكو بۆ گشتە، ئەگەر کەسێک کەسێکی تر بکوژێت، ئەوا رێزی لە یاسا نەگرتووە و رۆڵ و هێزی خۆی سەپاندووە، خۆی بڕیاری داوە کە خۆی لەسەر هەقە و پەنای بۆ یاسا نەبردووە، کەسێک لە شوێنی چاوەڕوانیدا نۆبەبڕی دەکات، خۆی دەخاتە پێش و لە کاتی ئەوانی دیکە دەبات، سەرپێچییەکی سەرشێتانە بە ئۆتۆمبیل ئەگەر زیانی گیانی و مادی بە کەسەکە بگەیەنێت، ئەوا زیان بەوانەش دەگەێەنێت کە لە دەوریدان.

لەناو خێزاندا یاسای تایبەت هەیە
هەر خێزانێک یاسایەکی تایبەت بە خۆی هەیە و پەیڕەوی دەکەن، یاساکان ئەو مەرجانەن کە دایک و باوک و گەورەکانی خێزان دایدەنێن بۆ خۆیان و ئەوانەی خوار خۆیان، هەر بۆیەش کاتێک تووشی کێشەیەک دەبن، پشتی پێدەبەستن بە بیری ئەوەی دەهێننەوە کە لێی لاداوە.
یاساکانی ناو خێزان جۆراوجۆرن، لە توندڕەوییەوە تێیدایە تا مامناوەندی و لیبڕاڵی و یاخی بوون.
ئەگەر خێزانێک توانیبێتیان لەناو خۆیاندا لەسەر چەند شتێک رێکبکەون، سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ژیانیان و پێیەوە پابەند بن، ئەوا کەمترین کێشە دێتە رێیان و ئەگەر هەشبێت بە یاساکانی خۆیان چارەسەری دەکەن ، بەڵام ئەو خێزانانەی پەیڕەوی هیچ یاسایەک لەناو خۆیاندا ناکەن و شێوازی پەروەردەیان کەمووکووڕیی هەیە، ئەوا تووشی زۆرترین کێشە دەبن، بۆ چارەسەریش پەنا بۆ بەکارهێنانی زۆر دەبەن، هەر بۆیە کوشتن و ئەشکەنجەدان دەکەوێتە ناویان یان کەسێک و دوان لە خێزانەکە یاخی دەبن و بەدوایدا لادان لە رەوشت دێنێت.

لانەوازان تووشی کێشە دەبن
هەمیشە ئەوانە تووشی گرفتی زیاتر دەبن کە بە هۆی کێشەوە ماڵ بەجێدێڵن، نێر بن یان مێ، چونکە دوورکەوتنەوە لە خێزانێک کە چەند ساڵێک تیایدا ژیاوە و خزمەتکراوە و ژەمە خواردنەکانی دراوەتێ، ئێستا بە گیرفانی خاڵییەوە لێی بێتە دەر و بێ لانە بێت، ئەوا بەدەم فیکەی هەرکەسێکەوە دەچێت ئەگەر پەنای بداتێ، خۆ ئەگەر بۆ ئەمە لەشیشی ببەخشێتە بەرامبەر یان ببێتە جێبەجێکاری فەرمانێک بۆی.
ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرترین حاڵەتی مامەڵەی خراپ دەیان گرێتەوە، چونکە رێگرییەکی گەورە لەبەردەمیاندا هەیە کە ناهێڵێت ببنە خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوە، ئەویش مێینە بوونیانە، ئەگەر کوڕێک کەشی ماڵی باوکی بە دڵ نەبێت، دەچێتە لای هاوڕێیەکی و دەمێنێتەوە، یان پەنا بۆ ئیشێک دەبات لە دووریی شوێنی نیشتەجێبوونی تا لە خێزانەکەی دوور بکەوێتەوە، بەڵام کچەکە ناتوانێت ئەمە بکات و دەبێت ملکەچی مانەوە بێت لە ناو ئەو خێزانەدا کە رەنگە دەمێک بێت لێی بێزار بووبێت بەهۆی هەڵسوکەوتی نادروستی گەورەکانییەوە، مانەوەش بەم حاڵە و سووربوونی کچەکەش لەسەر بە دیهێنانی خواستەکانی یان زاڵ بوونی (عەقڵی هەق بەمنە)ی هەرزەکاریی و بەردەوام بوونی لەسەر هەوڵدان بۆی، وادەکات تووشی پەرچەکرداری دژ ببن و لە دوا قۆناغدا گرژی و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە یان خۆ سووتاندن و کوشتن.

 تاکەکانی خێزان چی بکەن؟
زۆرینەی کێشەکان کۆمەڵایەتین لە ناو خێزاندا، ئابووریش یەک لەوانە. لە مامەڵەی کچ لەگەڵ کوڕان و چوونە ناو پڕۆسەی بەستنی پەیوەندییەکاندا، هەموو کچێک مافی خۆیەتی لە تەمەنی پێگەیشتندا لە بیری دۆزینەوەی کەسێکدا بێت کە شایانی ئەوە بێت بیکاتە هاوبەشی ژیانی، ئەم پڕۆسەیە کاتی دەوێت، زۆرێکیان بە چەند ساڵێک ئەوجار دەگەنە بڕیاری هاوسەربوون.
هەر خێزانێک دانی نا بەم مافەدا و کچان و کوڕانیش لە چوارچێوەی رەوشتی خێزاندا پەیڕەویان کرد، ئەوا کێشەیەک روونادات و هەموان پەیڕەوی یاسای خێزانی خۆیان کردووە.
ئەرکەکان لە خێزاندا دابەش بوون، باوک یان دایک یان هەردووکیان ئیش دەکەن، منداڵەکان قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکەن، باوک و دایک خەرجیان بۆ دابین دەکەن، کە گەورەش دەبن پێش دروستکردنی خێزان بۆ خۆیان دەچنە سەر ئیش، ئەم خێزانە کە لە سەرەتاوە بە باشی هێناویانە و ئەرکی خۆیان بە جێهێناوە لە مەڕ بەخێوکردن و پاراستنی مافەکانیان، ئیتر بە دەگمەن لادانی خراپ لە منداڵەکاندا روودەدەن، پێچەوانەی ئەمە لادان و بێڕێزی و پابەند نەبوون بە خێزانەوە دێتە کایەوە، کە ئەمەش دروست بوو ئەوا لادانەکان زۆر سەخت دەبن و پەیوەندییەکانییان بەریەک کەوتنی تێدا دەبێت، خوشک و برا قینیان لەیەکتر دەبێت، هەوڵی ئاشکراکردنی تاوانی یەکتر دەدەن، کەسی سێیەمی بیانی تێکەڵ بە پەیوەندییەکانیان دەکەن، چاڵ بۆ یەکتر هەڵدەکەنن، باوک مردنی منداڵەکەی دەخوازێت، چونکە هەست دەکات رووی نایەت لەبەر تانەی خەڵک سەرهەڵبڕێت، بۆیە توندوتیژی روودەدات.
پاراستنی مافی تاکەکانی خێزان ئەرکی باوک و دایک و گەورەکانی خێزانە، رێزگرتن لەیەکتر و کارئاسانی بۆ یەک لە بنەما باشەکانی خێزانە، هاوکاریکردنی یەکتری وادەکات پەیوەندییەکانی خێزان بە هێز بێت، متمانەی راستەقینەی هاوسەنگ لە نێوانیان گرنگە، بەرنەدانی پشتی یەکتر و بەهاناوە چوونی یەکتر، بوونی ئازادیی بۆ رادەربڕین و خستنە رووی کێشەکان ئەگەر سەختیش بن، ئەگەر ئەمانە لە خێزاندا پتەو بوون ئەوا دەتوانن باری ئابووریشیان بەهێز بکەن و بەسەر کێشەکاندا زاڵ ببن.

وتارەکانی نوسەر