پرسی هەڵبژاردن بەكوێ گەیشت؟

10:45 - 2024-07-07
عەتا تەها
431 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن یەكێكە لە پایە هەرەگرنگەكانی دیموكراسی، كەواتە  لەهەر ئەگەر و بارودۆخێكدا پرۆسەی هەڵبژاردن دوابكەوێت، ئەوا بێ سێ و دوو نیشانەی پرسیار لەسەر دیموكراسی و ئازادی تاك دادەنێت. جا لەڕاستیدا وروژاندنی بابەتێكی وەها لەم كاتەدا، رێك پەیوەستە بە نەکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لادان لەماوەی یاسایی خۆی. ئەمە سەرەڕای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان بۆ جارێك و دروینی بەرگێكی یاسایی بە باڵای پەرلەمان بەڵام دیسان ئەو ماوەیەش تێپەڕی و كەچی تاكو ئەم ساتەوەختە هەڵبژاردن هەر نەکراوە و زۆریش ڕوون نییە كەی دەکرێت. هەرچەندە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان مانگی 10ی ئەمساڵی دیاری كردووە بەڵام سەبارەت بەو پرسە تاكو ئێستا بە رەسمی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە وەڵام نەدراوەتەوە، لێرەدا قسەی جدی لەسەر ئەوەیە ئاخۆ هەڵبژاردن دەدرێت یاخود نا؟ خۆ ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش دوابكەوێت، ئەوا ماوەی كۆمسیۆن تەواو دەبێت و ڕاستەوخۆ بۆ جارێكی تر چارەنووسی هەڵبژاردن بە نادیاری دەمێنێتەوە، لەسەروبەندی ئەو باسەدا كۆمەڵێك پرسیاری تر دێنە ئاراوە؛ ئاخۆ دەكرێت قەدەری هەرێمێك كە بەخوێن گەیشتوەتە ئەم ئاستە، بە نادیاری بمێنێتەوە؟ یاخود دەكرێت كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندی حزبی لایەنێك، باجی ئەو بارودۆخە بدەن و هەرێمەكە زیاتر بكەوێتە مەترسیەوە؟ لە هەمووی گرنگتر ئاخۆ ئەو لایەنەی هۆكاری خولقاندنی ئەو بارودۆخەیە بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی هەڵدەگرێت؟ هەموو ئەمانە كۆمەڵێك پرسیاری جدین پێویستە بە زووترین كات وەڵام بدرێنەوە چونكە پرۆسەی دیموكراسی پەیوەندی بە تاك بەتاكی كۆمەڵگەوە هەیە، نەك تەنها لایەنێكی سیاسی دیاریكراو.

وتارەکانی نوسەر