دڵەڕاوكێی فەرمانبەران لە دابەشكردنی زەویدا!

09:53 - 2024-07-08
مەریوان مەسعود
140 خوێندراوەتەوە

مەریوان مەسعود

 

دەبێت فۆرمێكی سەرتاسەری هەبێت بۆ هەموو فەرمانبەران  بەشێوەیەكی شەفاف دابەشبكرێت و خاڵەكان و مەرجەكانی دیاری بكرێن

 

وا بۆ چەند مانگێك دەچێت بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و مامۆستایان دەرچووە و تەنانەت لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان-یش بڵاوكراوەتەوە و مەرجەكانیش بڵاوكرایەوە.
بێگومان ئەو بڕیار و هەواڵە هەموو فەرمانبەرانی حكومی دڵخۆشكرد، چونكە فەرمانبەری وا هەیە زیاتر لە 40 ساڵ خزمەتی هەیە، هێشتا سوودمەند نەبووە لە زەوی یان خانووی نیشتەجێبوون، بەڵام ئەوەی چەند رۆژێكە دڵەڕاوكێی لەلای فەرمانبەران و مامۆستایان دروستكردووە، نا روونییە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە، چونكە هەندێك فەرمانگە یان بەڕێوەبەرایەتی لای خۆیانەوە فۆرمیان دروستكردووە و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشیانكردووە یان داوایان لێكردون ئەوانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە ناوی خۆیان تۆماربكەن!، لەكاتێكدا چەندین فەرمانگە و وەزارەتی تر هەیە تائێستا هیچ شتێكی بە فەرمانبەرەكانی نەوتووە! ئەمەش وایكردووە جۆرێك لە دڵەڕاوكێ‌ دروستبێت لای فەرمانبەران، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار كە وەزارەتی شارەوانییە، لەدوای ئەویش شارەوانی پارێزگاكان، روونكردنەوەی پێویست لەمبارەیەوە بدەن و دڵنیایی بدەن بە فەرمانبەران، جگە لەمەش دەبێت فۆرمێكی سەرتاسەری هەبێت بۆ هەموو فەرمانبەران و بە شێوەیەكی شەفاف دابەشبكرێت و خاڵەكان و مەرجەكانی دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی كە سوودمەند نەبوون، بزانن كەی و چۆن زەوییان بەردەكەوێت؟ چونكە ئەم پرۆسە و بڕیارە بۆ هەموو فەرمانبەرانە بە یەكسانی، كەواتە دەبێت مەرج و فۆرم دابەشكردنەكەش یەكسان بێـت، نەك فەرمانگەیەك خۆی ئامادەكردبێت و فەرمانگەیەكی تر جارێ‌ هیچی بە فەرمانبەرەكانی نەوتبێت!.
كەواتە، بۆئەوەی دڵنیایی بدرێت بە فەرمانبەران، دەبێت لە یەك كات و بە یەك شێواز دابەشكردنەكە و فۆڕمەكە دابەش بكرێت، جا دەكرێتە قۆناغ بەندی یان بەیەكەوە وەریدەگرن ئەوە شارەوانییەكان خۆیان دەزانن، چونكە بۆ نموونە ئەوەی من زانیاریم هەبێت لە سنووری سەنتەری شاری سلێمانی زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری شایستە هەیە بۆ وەرگرتنی زەوی، ئایا ئەوەندە پارچە زەوی 200 مەتری هەیە بۆ فەرمانبەران لە سنووری شارەكە؟!، بۆیە دەبێت زوو ئەم بابەتە یەكلابكرێتەوە، چونكە ئەوەی فەرمانبەر یان مامۆستا بێت، دەزانێت ئێستا بابەتی سەرەكی لای ئەم دوو توێژە دوای مەسەلەی مووچە، مەسەلەی زەوی و دابەشكردنی زەوییە، بۆ ئەمەش پێویستە وەزارەتی شارەوانی بە پەلە كارەكان رایی بكات، یان هەر هیچ نەبێت گشتاندنێكی دڵنیایی بۆ فەرمانبەران دەربكات!.

وتارەکانی نوسەر