ئازادیی سیاسی و میدیایی بەر لە هەڵبژاردن!

10:05 - 2024-07-08
لەشکر حەمە ساڵح
432 خوێندراوەتەوە

لەشکر حەمە ساڵح

 

هاووڵاتییەكی توركمان لە شاری هەولێر لە لایەن ئاسایشەوە ئاگادار دەكرێتەوە و ئەویش گومانی هەیە ئاگاداركردنەوەی ئاسایش پەیوەندیی هەبێت بە خۆ تۆماركردنییەوە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەك كاندیدێكی سەربەخۆی توركمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
چیرۆكی ئەو هاووڵاتییە، نموونەی دەیان و سەدان هاووڵاتی دیكەیە كە لە شاری هەولێر و دهۆك و دەوروبەری... بە گشتی لە ناوچەكانی سنووری قەڵەمڕەویی پارتی رووبەڕووی هەراسانكردن و بێزاركردن و تەنانەت هەڕەشە و تیرۆری فیكری و جەستەیی و ... هتد دەبنەوە. 
ئەوەی چیرۆكی ئەم هاووڵاتییە لەوانی تر جودا دەكاتەوە دەنگهەڵبڕینیەتی لە ئاستی ئەو بانگهێشتەی ئاسایشی هەولێر كە خۆی بە بیانوویەكی دەبینێت و بەدووریشی نازانێت دەستگیر بكرێت! لە كاتێكدا دەیان حاڵەتی تری هاوشێوە، جا لە بواری سیاسیدا بێت یان كۆمەڵایەتی یان ئایینی، تەنانەت هەندێك حاڵەتی هاوشێوە هەیە لەسەر بواری بژێوی و ئابووریی خەڵك كە رێگە نادرێت كاربكەن و پارووی حەڵاڵ بۆ خۆیان و خێزانیان پەیدا بكەن.
ئەم نموونەیە، جگە زەقكردنەوەی باری تایبەتی هەولێر و تەنگهەڵچنین و بێزاركردنی خەڵك، هەروەك نموونەیەكی زیندووشە بۆ هێنانەوە بەرچاوی جیاوازیی سلێمانی و دەوروبەری و بەگشتی ناوچەكانی قەڵەمڕەویی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رووی ئازادیی كاری سیاسی و میدیاییەوە. 

لە چەند مانگی داهاتوودا، تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ماوەیەكی باشە بۆ دووبارە دەركەوتنەوەی جیاوازیی ژینگەی ئازاد و ساغڵەم لە رووی سیاسی و میدیاییەوە لە ناوچەكانی سنووری سلێمانی و دەوروبەری

رەنگە هەندێك لایەن بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی خۆیان باری ئازادیی سیاسی و میدیایی لەسەر ئاستی كوردستان پێكەوە پێوانە بكەن، بەڵام رێكخراو و ناوەند و چاودێرە بێلایەنەكان، تەنانەت بیانییەكانیش، زیاتر لە جارێك لە راپۆرت و هەڵسەنگاندنەكانیاندا بۆ بارودۆخی كوردستان ئاماژەیان بە پاشەكشەی ئازادیی سیاسی و میدیایی كردووە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی هەولێر و دەوروبەری.. هەروەك چۆن ئاماژەشیان بە جیاوازیی بارودۆخی سیاسی و میدیایی و تەنانەت ئایینی و .... هتد كردووە لە ناوچەكانی سلێمانی و دەوروبەری.
لە چەند مانگی داهاتوودا، تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ماوەیەكی باشە بۆ دووبارە دەركەوتنەوەی جیاوازیی ژینگەی ئازاد و ساغڵەم لە رووی سیاسی و میدیاییەوە لە ناوچەكانی سنووری سلێمانی و دەوروبەری و دەركەوتنەوەی پێچەوانەكەی لە هەولێر و ناوچەكانی تر، ئەمەش زیاتر ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە كە باوەڕبوون بە ئازادیی سیاسی و میدیایی لە سلێمانی، باوەڕبوونێكی مەبدەئییە نەك تاكتیك و هەڵوێستی كاتی. 
نموونەی هاووڵاتییە توركمانەكەی هەولێریش پەیوەندیی بە هەردوو لایەنی مەسەلەكەوە هەیە كە لەم دەرفەتەدا ئاماژەمان پێكرد، هەم پەیوەستە بە ئازادیی سیاسی و میدیایی لە كوردستان، هەمیش پەیوەستە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە. 
دیارە حاڵەتی جیاوازی ئەو هاووڵاتییە توركمانەی هەولێر ئەوەیە كە سوودمەند دەبێت لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، ئەو بڕیارەی كە بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 11 و هیچی كورسیی كۆتایی پێكهاتەكان و (جەمال لۆ ماری!) دەیناسنەوە.

وتارەکانی نوسەر