دەسەڵاتی پێنجەم لە جیهانی پێشکەوتوودا

خاڵی جیاکەرەوەی رێكخراوە پیشەییەکان

10:10 - 2024-07-08
نەوزادی موهەندیس
303 خوێندراوەتەوە

نەوزادی موهەندیس

هەموو گروپ و كۆمەڵە و رێكخراو و سەندیكایەك سیاسی بێت یان تایبەت بە چین و توێژ و پیشەیی، پلانی پێشوەختەی هەیە بۆ كاركردن کە لە رێگەیەوە ئامانجەکانی دەستنیشان دەکات تا بە خاڵی كۆتایی و سەركەوتن بگات. 
هەموو ئەو کۆمەڵە و سەندیکایانەش جگە لە مەیلە پیشەییەکە، مەیلێکی سیاسییان هەیە یان نزیکن لەو رێچکە سیاسییەوە کە زۆرترین خواستەکانیانی لەبەرنامەی خۆیدا جێکردۆتەوە، بەوەش ئەو سەندیکا و کۆمەڵانە گەرەکیانە بتوانن خواست و بەرنامە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، كەلتوری و پیشەییەكەی خۆیان لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بكەن.

گردبوونەوە لە ئامانجی نزیک
سەركەوتن و گەیشتن بە دەسەڵاتی ئەو رەوتە سیاسییە، دەکەوێتە سەر رێژەی رەزامەندی و قبوڵكردن و پشتیوانیی و پشتگیریی جەماوەری یان رای زۆرینە ئەوەش بەوە دێتەدی کە ئەو سەندیکا و گروپانە لە چواردەوری چ بەرنامە و بیرۆكە و ئایدیایەک کۆدەبنەوە کە لە خواست و ئامانجەکانی ئەو رێکخراوانەوە نزیکە و كار بۆ بەدیهێنانیان دەکات، چونكە هیچ سەركەوتنێک بەبێ‌ ماندووبوون و کاربۆکردن نایەتەدی. 
گەیشتن بە سەركەوتنیش هەروا ئاسان نییە و رێگاكەشی گوڵڕێژنەكراوە، بەڵكو بە درێژایی كاروانەكە چەندین وێستگەی پڕ هەوراز و نشێو هەن دەیان ئاستەنگ دێتەپێش کە زۆرجار ئەگەری هەیە دۆستە نزیكەكانیش لە قۆناغێكدا ببنە نەیار و رکابەر لەبەردەم كاروانی سەركەوتنەكاندا.
سووربوون و كۆڵنەدان و بەردەوامبوون لە كار و خەباتی سیاسی یان رێكخراوەیی و پیشەییدا، زامنی سەركەوتن و گەیشتنە بە دوا وێسگە.

گرنگە سەندیکا و رێکخراوەکان ئامانجە جیاواز و هاوبەشەکانیان لەگەڵ حزب و دەسەڵاتی سیاسیدا جیابکەنەوە تا بزانن لە کوێدا دەتوانن هاوکاربن و لە کوێشدا دەتوانن ببنە هێزی گوشار




جیاوازییەکانی سەندیکا و حزب
ئامانجی رێكخراوە پیشەیی و دیموكراتییەكان زۆرجار جیاوازە لە ئامانجی حزبێکی سیاسی، رەنگە لە هەندێك وێستگەدا هاوكار و پشتیوانی یەكتری بن، وەك قۆناغی رزگاریی نیشتمانی، بەڵام لە وردەكاریدا لە هەندێک قۆناغدا جیاوازن، ئەم جیاوازییانەش لەوەوە سەرچاوە دەگرن كە ئەركی هەریەكەیان جیاوازە، بۆیە رێگەکانی گەیشتن بە ئامانجەكانیش جیادەبنەوە.
   بۆ نموونە پارتی سیاسی، ئامانجی سەرەكیی بریتییە لە گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، تا بتوانێت دید و ئایدیا و بەرنامە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و كەلتورییەكانی خۆی بخاتە ناو بەرنامەی حکومیی و ئیدارییەوە، کە بتوانێت خزمەتی كۆمەڵگە بکات و دەسەڵاتێک بێت بۆ هەموو چین و توێژەكان. واتە ئامانجی حزبی سیاسی، لێرەوە جیادەبێتەوە، بەوپێیەی ئامانجی گروپ و یەکێتی و سەندیکاکان بۆ چین و توێژێكی دیاریكراوە.
حزبی سیاسی لەناوخۆیدا سیستمێكی كۆنكرێتی پابەندیی هەیە بۆ ئەندامەكانی و پێویستە هەموان پابەندبن پێیانەوە، بەڵام لە سەندیکا و رێکخراوەکاندا بەو جۆرە نییە و ئامانجە پیشەییەکە پلەی یەکەمی هەیە و ئایدیا و فیکری سیاسی لە پلەی دووەم و سێیەمدا دێت، هەربۆیە حزبە سیاسییەكان چوارچێوەیەكی كاری توندوتۆڵتریان هەیە و رەنگە لەناو حزبدا هێندەی پابەندی بە بیروباوەڕەكانەوە گرنگ بێت، پابەندیی بە بنەما دیموكراسییەکان و ئازادییەكانەوە رۆڵی سەرەکی نەبینن.
ئەگەرچی ئەندامانی حزبە سیاسییەكانیش ئاستی هۆشیارییان بەرز بێت و تێگەیشتن و دنیابینییان بۆ كێشەکان و گۆڕانكارییە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەكانیش فراوانتر بێت، ئەوا لە توانایدایە كە پێشڕەوایەتیی زۆرینەی كۆمەڵگە بكە.، بەڵام رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان ئاستی خزمەتکردن و پێشڕەوایەتییان لە چین و توێژێکی دیاریکراودا چڕ دەبێتەوە.

رێکخراوەکان و هاوکاریی دەسەڵاتی سیاسی 
زۆرجار دەشێت مەبەستی رێکخراوەکان رێكخراوی قازانج نەویست و خۆبەخشی بێت، بەڵام هیچ كات ئامانجیان گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی نییە، ئەگەرچی لەزۆر بواردا هاوكار و یارمەتیدەری دەسەڵات و حكومەت دەبن لە دۆخە نائاساییەکاندا كە حكومەت بەتەنها پێی راناگات، بەتایبەتی لە كاتی رووداوەکانی وەك بوومەلەرزە و لافاو و ئاگركەوتنەوەو...هتد کە یارمەتیی لێقەوماوان دەبێتە زەرورەتی هاتنە دەنگی سەندیکا و رێکخراوە خێرخوازییەکان.
ئامانجێكی تری ئەو رێكخراوانە هۆشیاركردنەوەی شەقام و رای گشتییە لەبارەی زۆرێك لە بابەتە گشییەكانی ناو كۆمەڵگە و گوشار خستنە سەر دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕی. 
زۆرێك لەو رێكخراوانە لە جیهانی دیموکرات و پێشكەوتوودا هێندە بەهێزن، كە بوونەتە لۆبی و کارتی گوشار لەسەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی حكومەتەكان، بۆیە لە هەندێک شوێن بە دەسەڵاتی پێنجەم ناوزەد دەكرێن.
   لە كوردستانیشدا  هەرچەندە رێكخراوە پیشەیی و دیموكراتەكان مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە ساڵەكانی 30و40 کانی سەدەی رابردووەوە لە دەوڵەتی عیراق و دواتریش لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێدا لە قۆناغی شاخدا هەبوون، بەڵام وەك دەستپێكێكی روونتر و هەڵسوڕاوانەتر لەدوای راپەڕینی 1991ەوە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی سەرهەڵدانێكی گەورەی بەخۆوە بینیووە و دواتریش دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی لە ساڵی 2003دا بەشێوەیەكی بەرفروانتر و بەرچاوتر كارەكانیان دەرکەوتووە و لەو رووەشەوە سەدان و بگرە هەزاران رێكخراوی جۆراوجۆر دامەزراون لە عیراق و هەرێمی كورستاندا و بوونەتە مایەی گەشانەوەی ژیانی دیموكراسی و هۆشیاركردنەوەی چین و توێژەكان و تەواوی كۆمەڵگە و بوونەتە هێزی گوشار لە جووڵاندنی شەقام و بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان، بەشێوەیەك ئێستا حكومەتی هەرێم حسابی زۆر بۆ ئەو رێكخراوانە دەكات، بەتایبەتیش لەم سەردەمی تەكنۆلۆژیا پێشكەوتوو و زیرەكانەی راگەیاندن و سۆشیال میدیا و ئامێرەكانی پەیوەندیی زیرەك و ...هتد.

چۆن سەندیکا و رێکخراوەکان دەبنە دەسەڵاتی پێنجەم؟
بۆیە گرنگە لە هەرێمی كوردستاندا ئەم رێكخراوانە باشتر رێكبخرێن بەپێی یاسا و ئەوانیش سەرەڕای كەموكوڕی و رەخنە لە شێوازی ئیشكردن و بەرنامە و سەرچاوەی داهاتەكانیان و مەرامە شاردراوەكانیان و پەیوەندییەكانیان بە لایەنە دەرەكی و باڵیۆزخانەکانی وڵاتان و...هتد، پێویستە ئەوانیش بە گیانێكی كوردستانییانە و پەرۆشانەوە كاربكەن و دوورنەكەونەوە لە ئەرك و ئامانجە راگەیەندراوەکانیان كە بریتیین لە رێكخستنی بوار و كەرتی پیشەیی خۆیان و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و بەڕێوەبردنێكی شەفافانە و هێنانەئارای هەڵبژاردنی ئازاد و سەربەستانە بەشێوەیەكی دەوری و كاری پێكەوەیی بەمەبەستی رەخساندنی هەلی یەكسان بۆ هەمووان و دادپەروەریش لە بەخشینەوە و دابەشكردنەوەی دەستكەوت و ئیمتیازات و داهاتەكان و شەفافبوونیش لە سەرچاوەی داهات و خەرجییەكانیاندا. 
بەو جۆرەش دەبنە دەسەڵاتی راستەقینە و بەهێزی پێنجەم لەپاڵ دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری و میدیادا.

 

وتارەکانی نوسەر