بۆ یەكلا ناكرێتەوە؟

09:39 - 2024-07-09
گۆران فەتحی
142 خوێندراوەتەوە

چەند ساڵێكە پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەلایەن كەسێكی عەرەبەوە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێت، ئەوەش بەهۆی لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە، ئەم پارێزگارە بە رێبازێکی شۆڤێنیستانە، هەموو هەوڵێكی خستۆتەگەڕ بۆ دژایەتیی كورد لەو پارێزگایەدا. 
ناكۆكیی كورد و لەگەڵیدا ئامانجی خراپی هەندێک لە لایەنە سیاسییە عیراقییەكان وایكردووە، دانانی پارێزگارێكی نوێی كورد و هەڵبژێردراو بۆ كەركوك سەرنەگرێت. ئەوەش زیانی بە كورد بەتایبەتی و هەموو هاووڵاتیانی پارێزگاکە بە گشتی گەیاندووە.

بارێكی نەخوازراو
لەدوای ساڵی 2017ەوە پارێزگارێک بەبێ ئەوەی لەلایەن كەركوكییەكانەوە هەڵبژێردرابێـت، وەک ئەمری واقیع سەپێنراوە بەسەر پارێزگاکەدا لەکاتێکدا پارێزگار لە 2005ەوە لە پشکی  كورد بووە بە گوێرەی سەنگ و دەنگی کورد لەو پارێزگایە، هەردوو پارێزگاری پێشوو خزمەتی باشی دانیشتوانی سنووری پارێزگاکەیان کردووە.
مانەوەی ئەو پارێزگارە بەوەکالەتە، ئەگەر دەستی لایەنە شۆڤێنییەكانیشی لەپشتەوە بێت، ناكۆكیی ناوماڵی كورد و بەتایبەتی عینادیی پ.د.ک هۆكارێكی دیکە بووە تا نەتوانرێت كەسایەتییەكی كورد لە پشکی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی هەڵبژێردرێت بە پارێزگار وەک لایەنی براوەی یەکەم لەناو هەموو لیست و فراکسیۆنە کوردستانی و عیراقییەکانیشدا،  هەر ئەو عینادییەش وایكردووە هەندێک لایەنی عەرەبی و توركمانی هەوڵ بدەن بارودۆخەكە بەو جۆرەی هەیە بمێنێتەوە و (ئەگەر بەدەستیشیان نەبێت، بەدڵیانە). 
پارێزگاری بەوەكالەت، لە ماوەی مانەوەیدا چەندین رێوشوێنی دژبە كورد گرتۆتەوەبەر، لەناو پارێزگاکەدا لە نموونەی كێشە دروستكردن بۆ جووتیارانی كورد لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عیراقەوە.

دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان
دیارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا  ی.ن.ک سەركەوتنی بەدەستهێنا و تەنها خۆی لەكۆی 16 كورسی پێنج كورسی بەدەستبهێنا و پارتیش دوو كورسی و کریستیانیش یەک كورسی، واتا كورد بەگشتی هەشت كورسی بەدەستهێناوە، عەرەبیش بەكۆی حزبەكانییەوە شەش كورسی و توركمانیش دوو كورسی،  ئەم هاوکێشە ماتماتیکییەش مافی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە یەکێتی دەبەخشێت، بەڵام دەستوەردانی دەرەكی و هەوڵی لایەنە شۆڤێنییەكان، وایكردووە دوای زیاتر لەحەوت مانگ لەهەڵبژاردن، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاكە نەكرێت، بۆ دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك، ئەگەر كێشەی حزبەكانیش وەلابنێین، ئەوا پێكهاتەكانیش سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بۆ خۆیان، بەتایبەتی كورد و عەرەب بەو پێیەی دەنگەكانیان لەیەكترییەوە نزیكە، توركمانیش هەرچەندە داوای پۆستەكە دەكات، بەڵام بە دوو كورسییەوە مافی ئەوەی پێ بەدەست نایەت.

پارێزگاری بەوەكالەتی کەرکوک، چەندین رێ و شوێنی دژ بە كورد گرتۆتەوەبەر، هەم لە ناو شێ‌رەکە و هەمیش لەدەوروبەری لە نموونەی كێشە دروستكردن بۆ جوتیارانی كورد

ئاخۆ مەبەستیانە چارەسەری دۆخەكە بكەن؟
لەگەڵ ئەوەی دوو كۆبوونەوەش كراوە لەنێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی كەركوك، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونی پێكهاتە و حزبە براوەکان، بەڵام هێشتا پێناچێت هیوایەك هەبێت کە کۆبوونەوەکان بڕیارێکی دروستی لێبکەوێتەوە.
وەک زانیارییەکانیش ئاماژەی پێدەدەن، هەنووکە كۆبوونەوە و سەردانی نێوان ئەو سێ پێكهاتەیە هەڵپەسێردراوە تا لەڕێگەیەوە گفتوگۆی جددی و پەرۆشانە لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە بکەن بۆ دۆزینەوەی دەریچەیەک رووەو دەستپێکردنی کوبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكە، بگرە هەوڵێك هەیە بۆئەوەی دۆخەكە بەو جۆرەی هەیە بمێنێتەوە، کە زەرەرمەندی یەکەمیش لەو دۆخە کەرکوکییەکانن، چونکە هەموو پارێزگاکان پارێزگاری خۆیان هەڵبژاردووە، جگە لەکەرکوک.


هەوڵێک لە ئارادایە بۆ هێشتنەوەی بارودۆخی کەرکوک وەکو خۆی

وتارەکانی نوسەر