بەربەستەکانی بەردەم دروستکردنی مۆنۆمێنتی گوندی تۆپزاوا

09:45 - 2024-07-09
حەسەن بارام
159 خوێندراوەتەوە

ئەو ناوەند و سەربازگەو بینایانە هێجگار زۆرن، کە ساڵی (1988) لەلایەن رژێمی بەعسەوە وەک ناوەندێک بەکاردەهێنران بۆ  کۆکردنەوەی هەزاران پیاو و ژن و منداڵی لادێکانی کوردستان و پاشان جیاکردنەوە و راپێچکردنیان بۆ دۆزخی مەرگێکی ناڕەوا.

گێچەڵکردنەکانی سوپا بەو شوێنە، زیاتر رەهەندێکی سیاسی و شۆڤێنی هەیە

گوندی تۆپزاوا  
گوندی تۆپزاوا  بەچەندین کیلۆمەتر دەکەوێتە خوارووی کەرکوک و ئەو دەمە سەربازگەیەکی گەورەی لێ بوو، هەر بۆیە رژێم وەکو ناوەندێکی کۆکردنەوەی هەزاران رۆڵەی کوردی گوندەکانی قادرکەرەم، قەرەحەسەن  و لەیلان و شوان و شێخ بزێنی و تەواوی دەوروبەری کەرکوک بەکاری دەهێنا، کە ئەو دەمە بەدەستی جاش و سوپا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێم دەستبەسەر دەکران، پاشان پرۆسەی جیاکردنەوەیان بۆ ئەنجام دەدرا و دواتر راپێچی بیابانەکانی خوارووی عیراق دەکران و لەوێش لەدەرەوەی یاساو ویژدان و بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەکان، زۆر بێباکانە لەگۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ دەکران، کەواتە سەربازگەی (تۆپزاوا) ئەو شوێنەیە، کە دوا چرکەساتەکانی دابـڕان و ماڵئاواییکردنی  هەزاران رۆڵەی کوردە،  لــــــە ئازیزان و خاک و نیشتیمان و راپێچکردنیان بۆ  مەرگێکی زۆرەملێ، لەوێ بیرەوەری و یادگەو ئازاری زۆر بەجێماوە .

دوای پرۆسەی ئازادی
دوای پرۆسەی ئازادی و هەڵهاتن و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عیراق، بەتایبەتیش لە دوای ساڵی (2017)وە ماوەی چەند ساڵێکە جارێکیتر کەسانێک لەنێو سوپای عیراقیدا و بەپاساوی ئەوەی ئەو شوێنە لەبنەڕەتدا موڵکی وەزارەتی بەرگری پێشوی عیراقە، ماوەی جارێک سوپا دەهێننە سەر ئەو جێگایەو دەیانەوێت بەکاری بهێنن و دەستی بەسەردا بگرن! ئەگەرچی ئەو سەربازگە کۆنە لەئێستادا بریتییە لەچەند هۆڵ و ژوری کۆن و نیمچە داڕۆخاو، هەروەها دەوروبەرەکەشی لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە بووە بەشوێنی نیشەجێبون و لەهەموو روویەکەوە بۆ سەربازگە دەست نادات، دواجار پرسیارەکە ئەوەیە، ئاخۆ  بۆچی سوپا عیراق گێچەڵ بەم شوێنە دەکات؟

رەهەندێکی سیاسی و شۆفینی
لەڕاستیدا و بەپێ هەموو زانیاری و پێوەر و هەڵسەنگاندنێک، گێچەڵکردنەکانی سوپا بەو شوێنە، زیاتر رەهەندێکی سیاسی و شۆفینی هەیە، بێگومان بەشێک لەکەسە شۆفینییەکانی نێو سوپا و ئیدارەی کەرکوکیش، دەیانەوێت ئەو جێگایە بسڕنەوە و کۆتایی پێ بهێنن، تاکو کورد وەکو سیمبولی مەزڵومێتی خۆی بەکاری نەهێنێت، بەتایبەتیش ئەو سەربازگەیە دەکەوێتە خوارووی پارێزگای کەرکوکەوە، چونکە بەپێ بیری شۆفینییەکان، رادەستکردنی ئەو سەربازگەیە بەکورد  و پاشــان دروستکردنی مۆنۆمینت و مۆزەخانەیەکی تایبەت بەئەنفالکراوان لەو جێگایەدا، بەهەڕەشەی دەزانن بۆ سەر ئامانج و بیرکردنەوە فراوانخوازییەکانیان.
بەپێ زانیارییەکانی بەڕێز وەزیری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، حکومەتی هەرێم بڕێ تێچوی دروستکردنی ئەو مۆنومینتەی داوە، بەڵام ئەمە کۆتایی پرسەکە نییە، بەڵکو ئەرکی هەنوکەیی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کوردە لەبەغدا، لەیەک کاتدا کاری رژد و هاوبەش ئەنجام بدەن بۆ دوورخستنەوە و بنەبڕکردنی هەڕەشەکانی بەشێک لەهێزەکانی سوپای عیراقی لەدەڤەری کەرکوک بۆ سەر ئەو سەربازگەیەو پاشان کارکردنی خێرا بۆ دروستکردنی مۆنۆمینت و مۆزەخانەیەکی شایستە بەشەهیدانی ئەنفال.

وتارەکانی نوسەر