کەرکوکییانە

کەرکوک گرتنگەی تۆپزاوا

09:48 - 2024-07-09
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
186 خوێندراوەتەوە

گرتنگەی تۆپزاوا، یەکێکە لەو شوێنانەی لە یادەوەریی ئەنفالزەدەکاندا ترس و بیم و ناخۆشییەکی فرە تاڵی هەیە، ئەو شوێنەیە کە بەعس وەک جێگەی دەستبەسەریی و جیاکردنەوەی قوربانییەکان بەکاری دەهێنا، چەند ساڵێکە سوپای عیراق بە بیانووی نابەجێ چاوی بڕیوەتە ئەو شوێنە و هەر جارناجارێ گێجەڵ بۆ داگیرکردنی گڕدەدات و هەوڵی داگیرکردنی دەدات، ئەوەش وەک هەوڵی سڕینەوە و شاردنەوەی تاوانی جینۆساید وایە و کوشتنی یادەوەریی و لەبیربردنەوەیە و خۆی لەخۆیدا درێژەدانە بەو ستەمکارییە.
 لەماوەی رابردوودا دیسان سەرباز سەریان لەو شوێنە داوەو وتویانە دەیکەینەوە بە سەربازگە، ئێمە تائێستا بۆ بەرگرتن لەو کارە چەند جارێک چووینەتە ئەو شوێنە و بانگەوازی بەهاناوەهاتنمان کردووە، بەڵێنیش دراوە، لێ تائێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەنراوە بۆئەوەی لانیکەم ئەو جێگەیە بکرێتە یادگەیەکی قوربانییەکان و لە گەف و هەڕەشەی سوپا بپارێزرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا وەزارەتێکی تایبەت بە شەهیدان و ئەنفال هەیە، ئەو وەزارەتە کە کاتی خۆی لە سلێمانی و هەولێریش بریتیبوو لە دوو وەزارەت، دواتر یەکخرا، زۆرجار سەبارەت بە پرسی جینۆساید و سڕینەوە، راوێژی بە کەسانی خەمخۆر و خۆبەخشی ئەو بوارە دەکرد و بەدواداچوونی بۆ بیروڕا و سەرنج و تێبینییەکان دەکرد، بەڵام زۆر دەمێکە لەو بابەتە گەڕاوە و لە هیچ دۆخێکدا نایەتە دەنگ، بۆ نموونە تائیستا بۆ پرسی ئەو شوێنانەی وەک تۆپزاوا، نوگرە سەلمان و شوێنگەلی دیکە نەمانبیستووە وەفدێکی ناردبێتە بەغدا و لەسەر ئەو شوێنانە راپۆرتی وردی ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار کردبێت، هەرنا بۆئەوەی حکومەت ئیدی رێگە نەدات بەهیچ بیانوویەک ئەو جێگایانە دەستکاریان بکرێت و بشێوێنرێن.
گرتنگەی تۆپزاوە، ئێستا لەچەند هۆڵێکی وێران و بێ دەرگاو پەنجەرە پێکدێت و کەس نییە لە حکومەتی عیراق و هەرێم سەردانی بکات و بزانێت چی بەسەرهاتووە و دەکرێت چی لێبکرێت؟! لەکاتێکدا ئەوێ یەکێکە لە دەرخەرە تاریک و پڕ ژانەکانی جینۆساید،  بە زمان و قسە تائێستا یەک دوو جار بەڵێندراوە کە رێگە نەدرێت ئەو شوێنە بکرێتەوە بە سەربازگە و کار بکرێت بۆئەوەی وەک یادگە و مۆنۆمێنت بپارێزرێت، بەڵام نەکراوە، سوپاش واز لە چاوتێبڕینەکەی خۆی ناهێنێت، بۆیە ئیدی کاتی جێبەجێکردنی وادە و بەڵێنە و ناکرێت هەموو جارێک لە سفرەوە دادو هاوار ببرێتەوە بەردەم عەرش و لەوێندەریش بڵێن چ خەمتان نەبێ و هیچ.
پاراستن و چاککردنەوەی ئەو شوێنانە و ناولێنانیان وەک ئەوەی پێشتر هەبووە و تۆمارکردنی یادەوەری ئەوانەی لەوێ بوون و لەوێ ستەمیان دەرهەق کراوە و نووسینەوە و دیکۆمێنتکردنی یادەوەرییەکان، ئەرکی هەموو دەسەڵاتدارانە، بەتایبەتی ئەوانەی ئەگەر قوربانیدانی ستەملێکراوانی دەستی بەعس نەبوایە، هەرگیز کورسیی دەسەڵاتیان نەدەبینی و نەدەگەیشتنە، ئەو پلە و پۆستەی هەیانە، بۆیە ئەوان لە هەر کەس و هەرلایەنێک زیاتر ئەرکیانە بێنە دەنگ و فریای ئەو شوێنە و شوێنگەلی دیکەش بکەون، من خاتوونێک دەناسم تائێستا لە ژیاندایە و یادەوەریی وردی لەبارەی تۆپزاواوە هەیە، خۆی خوێندەوار و بەئاگایە، دەکرێت لەبارەی ئەو شوێنەوە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال و لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عیراق سوودی لێ ببینن، من یەک کەسم وت، هەڵبەت زیاتر هەن، بۆیە ئیتر کاتی ئەوەیە ئەو خەمساردی و نەبانییە کۆتایی پێبێت و بە سوپاش بووترێت، ناکرێت بەڕێگەی جیاواز ئازاری ئەنفالزەدە و جینۆسایدکراوان بدرێت.

وتارەکانی نوسەر