ئیسرائیل ناوچەكە بەرەو تەقینەوە دەبات

09:53 - 2024-07-10
ئارام عه‌لی عه‌زیز
242 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

 

پەلاماردانی بەرفراوانی باشووری لوبنان لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە، جگە لەوەی  تاكە دەریچەی نەتانیاهو و حكومەتەكەیەتی بۆ رزگاربوون لە  لێكەوتە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی شكستی غەززە، هەوڵێكی دیكەی ئەمریكا و خۆرئاوایشە بۆ گەڕاندنەوەی سوریا و عیراق و تەواوی ناوچەكە بۆ ژێر هەژموونی خۆیان لە گەرمەی ململانێی نێوان بەرەی روسیا و ئەمریكادا، لەبەر ئەوەیش وەرچەرخانی مناوەشاتی رۆژانەی نێوان حزبوڵای لوبنانیی و ئیسرائیل بۆ جەنگێكی بەرفراوان ئەگەرێكی حەتمیە. ئێستایش زۆربەی دەوڵەتان خەریكی گواستنەوەی هاووڵاتیەكانیانن لە لوبنانەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان.

 

وەرچەرخانی تێکداهەڵپرژان رۆژانەی نێوان حزبوڵای لوبنانیی و ئیسرائیل بۆ جەنگێكی بەرفراوان ئەگەرێكی حەتمییە



جەنگی حزبوڵا و ئیسرائیل ناوچەكە، كە  بە خۆی بە حوكمی چەندین ململانێ و پڕۆژەی جۆراوجۆر لەسەر بەرمیلێك بارودە، بەرەو تەقینەوە دەبات. لەلایەك بەرەی جەنگەكە فراوانتر دەبێت، لە لایەكی دیكەیش چەندین دەوڵەتی دیكەی، وەكو روسیا و چین، كە ئامادەنین سوریا و ناوچەكە، كە كانگای وزەیە لە دەست خۆبدەن بەرەو جەنگەكە رادەكێشن، ئەمریكاش كەشتی فرۆكە هەڵگری  گەیشتۆتە كەنارە ئاوییەكانی غەززە و لوبنان و  ژمارەیەكی زۆر سەربازیشی گواستۆتەوە بۆ ئوردن. 
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان پەلاماری چاوەڕوانكراوی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان بە كارەساتێكی گەورە و مەترسیدار وەسف دەكات، چونكە هەنگاو دەهاوێت بەرەو بە ئیقلیمیی كردنی جەنگەكەو تەشەنەسەندنی لە تەواوی ناوچەكە و لە نێوان لایەنە جیاجیاو  دژبەرەكاندا.
 بەرەی شیعە و مومانەعە و حەشدی شەعبی و گروپە وەلائیەكانی عیراق لە ژێر دروشمی  یەكێتی گۆڕەپانەكان، بێ سێ و دوو بەشداری جەنگەكە دەكەن و لە گۆڕەپانی جیاجیا لە عیراقەوە هەتا هەر شوێنێك، كە دەستیان پێ بگات هێزەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج، بە تایبەت دوای كۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی بە سودانی درابوو بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و دوای گوتارە هەڕەشە ئامێزەكەی باڵێۆزی نوێی ئەمریكا لە عیراق لە بەردەم كۆنگرێسدا سەبارەت بەلەناوبردنی تەواوی گروپە وەلائیەكانی عیراق. بەمەش عیراق دەبێتە گۆڕەپانی جەنگێكی كراوە و ئاسایش و ئارامی لێ هەڵدەگیرێت، كە ئەمەش یەكێكە لە ئامانجەكانی ئەمریكا بە مەبەستی زیادكردنی مەودای ناتەبایی لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی عیراق و تەنانەت هەڵگیرساندنی شەڕو بەیەكدادانی پێكهاتەكان لە ناویەكتردا بە ئامانجی لاوازكردنی عیراق و دابەشكردنی بۆ سەر چەند كانتۆنێك. 
لە ئاستی سوریاش ، پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ، دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم چالاكبوونی بەرەی جۆلان دژ بە ئیسرائیل و  ئیرانیش لە رێگای گروپەكانی سەربەخۆی لە سوریا دێتە ناو جەنگەكەوە. بەڵام راستەوخۆ بەشداری جەنگەكە ناكات، تا ئەو كاتەی لە ناو ئیران نەدرێت. هەروەها توركیاش كە ژمارەیەكی زۆری سەرباز و بنكەی  لە سوریا و هەرێمی كوردستاندا هەیە، لە ژێر ناوی خۆئامادەكردن بۆ جەنگی سێیەمی جیهان هێز و جووڵەكانی زیاتر دەكات و  سوود لە ناسەقامگیری و شەڕ و ئاژاوەكە وەردەگرێت و هەوڵی بەدیهێنانی خەون و ئەجێنداكانی میساقی میللی دەدات. 

وتارەکانی نوسەر