لەكاتی ئاساییدا پێنج ساڵ جارێك هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا ئەنجام دەدرێت، وەكو نەریتیشی لێهاتووە لەهەفتەی یەكەمی مانگی پێنج، رۆژی پێنجشەممە دەكرێت، بەڵام ئەمساڵ هەڵبژاردن ساڵێك پێشخراو لە چواری تەموزدا ئەنجام درا، بەهۆی كۆمەڵێك کێشەو قەیرانی ناوخۆیی و هەروەها قەیرانی سەركردایەتی و سەرۆك وەزیرانی حزبی فەرمانڕەوا، واتە پارتی پارێزگاران كە ماوەی چواردە ساڵە لەسەر حوكمن، نەیانتوانی كێشەكان چارەسەر بكەن و قەیرانەكان تێپەڕێنن، لەبەر ئەوە بەناچاری پەنایان بردەبەر هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەماوەی دوو سێ ساڵی رابووردووشدا چوار تا پێنج سەرۆك وەزیرانیان گۆڕیوە، (دەیڤد كامیرۆن، بۆریس جۆنسن دووجار، تێریزا مەی، ریشی سوناك....هتد).
پارتی كرێكارانی براوە لە هەڵبژاردن لە ئێستاوە پڕۆژەی ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا هەڵوەشاندەوە، بڕیاریشی داوە چاو بەباج و رسوماتیشدا بخشێنێتەوە
هۆكاری شكستە گەورەکەی پارتی پارێزگاران
لە راستیدا كۆمەڵێك هۆكار بوونە هۆی ئەم دۆڕان و شكستە گەورەکەی پارتی پارێزگاران لەوانە: ریفراندۆمی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، ئێستا خەڵك پەشیمانە لەو ریفراندۆم و جیابوونەوەیە، بەندە لە بەریتانیا دەژیم و شایەتحاڵی خۆپیشاندانی گەورە بووم لەسەنتەری شاری لەندەن، كە داوای گەڕانەوەیان دەكرد بۆ سەر یەكێتی ئەوروپا و چەند جارێك راپرسی لەناو خەڵكدا كراوە بۆ گەڕانەوە بۆ یەكێتی ئەوروپا، چونكە هەر لەو كاتەوەی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا سێ ملیۆن كاریان لەدەستدا لە كەنارە ئاوییەكانی سەر سنوور لەگەڵ فەڕەنسا و بەلجیكا و هۆڵەندا، پێش دەرچوونیان لە یەكێتی ئەوروپا تەعریفەی گومرگی لەنێوانیاندا نەبوو، بەدەرچوونیان لە یەكێتی ئەوروپا، ئەوەش زیادی كرد لەسەر خەڵك و بووە هۆی دروستبوونی گرانی، هاتوچۆكردن سنوردار كرا لەنێوان بەریتانییەكان و ئەوروپییەكان، كە پێشتر سەردان و هاتوچۆكردن بێ قەید و شەرت و ئازاد بوون لە هاتوچۆكردن بەبێ ڤیزا. پارتی پارێزگاران شكستی گەورەی خوارد لەمەسەلەی كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی بەڕووی كۆچبەراندا، لە دوای دەرچوونیان لە یەكێتی ئەوروپا، شەپۆلی پەنابەران و كۆچبەران بۆ بەریتانیا نەك هەر كەمی نەكرد، بەڵكو بەپێچەوانەوە زیادی كرد، لەكاتێكدا یەكێك لە بیانووەكانیان بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا، ئەوەبوو كە گلەییان لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەكرد كەناتوانن كۆنترۆڵی سنورەكانیان بكەن.
ناردنی كۆچبەران بۆ رواندا شکستی هێنا
پلان و بەرنامەی ناردنی كۆچبەران بۆ وڵاتی رواندا لە ئەفریقا و پێشتریش بۆ وڵاتی ئەلبانیا لەلایەن حكومەتی پارتی پارێزگارانەوە هەر لە سەرەتاوە بەمردوویی لە دایك بوو، سەرەڕای ئەو هەموو پارە زۆرە و مەسرەفەی تیا سەرف كرا، نەیانتوانی یەك كەس بنێرن و خەڵكیش ئامادە نەبوون بچنە ئەو كەمپانەی رواندا و ئەلبانیا، بەم كارەشیان هەڵوێستێكی دژە بێگانەو دژە كۆچبەریان نا بەنێوچەوانی خۆیانەوە و چەندین ملیۆن كەسی پەناهەندە و سەرڕەش بوونە هەواداری پارتی كرێكاران و لیبراڵ دیموكراتەكان و چەپەكان و دەنگیان دا بەئەوان و تۆڵەیان لە پارتی پارێزگاران كردەوە.
رەوشی ئابووری
رەوشی ئابووری لەسایەی حوكمی چواردە ساڵەی پارتی پارێزگاراندا زۆر دژوار و ناجێگیر و خراپ بوو، گرانی بەربڵاوبوو، نرخی هەر كاڵایەك بووە دوو هێندە و سێ هێندەی جاران، سەرەڕای ئەوەش باج و رسوماتیان لەسەر خەڵك زیاد كرد و هەلی دەستكەوتنی كار كەم بۆوە و خەڵكی بێزار ببوون و داوای گۆڕانكاریان دەكرد، چەك و تەقەمەنی و پارەیەكی زۆر رەوانەی ئۆكرانیا کرا، پارەیەكی زۆر دەدرایە فەڕەنسا و بەلجیكا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورە ئاوییەكانی نێوان بەریتانیا و ئەو وڵاتانە، بۆ رێگریكردن لەهاتنی شەپۆلی پەنابەران، بەبێ ئەوەی هیچ سودێكی هەبێت. تا ئێستا (600-650) ملێون پاوەنیان سەرف كردووە بۆ كردنەوەی كەمپ بۆ ئاوارە و كۆچبەران لە رواندا، بەبێ ئەوەی یەك كەس ئامادەبێت بچێتە ئەو كەمپانە، لەنێو دەیان هەزار پەناهەندە و كۆچبەری نایاسایی لە بەریتانیا، تەنیا یەك كەس بەڕەزامەندی خۆی چۆتە وڵاتی رواندا، پێشتریش پارەیەكی زۆریان سەرف كرد، بۆ كردنەوەی كەمپی پەناهەندە لە وڵاتی ئەلبانیا ئەویش شكستی هێنا و بەنیاز بوون بۆ هەمان مەبەست كەمپی تر لە توركیا و تونس بكەنەوە، ئەو پلانەش دیسان شكستی خوارد.
سیاسەتی دەرەوە
لەبواری سیاسەتی دەرەوەشدا، پارتی پارێزگاران كوێرانە دوای سیاسەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەوت و سیاسەتی كلكایەتی بۆ ئەمریكا دەكات و ئەمەش هەر لەسەردەمی مارگرێت تاتچەر و رۆناڵد ریگنەوە كاری بۆ دەكەن، بەناوی لیبرالیزمی نوێوە كە بەریتانیا بكەنە پاشكۆی ئەمریكا، كە لە راستیدا بەئەمریكایی كردنی ئابووری بەریتانیایە و هەر بەهاندانی ئەمریكاش لە یەكێتی ئەوروپا چوونە دەرەوە، بۆ لاوازكردنی یەكێتی ئەوروپا، چونكە ئەمریكا ترسی ئەوەی هەیە لە داهاتوودا یەكێتی ئەوروپا ببێتە هێزێكی زەبەلاحی ئابووری و ململانێی ئەمریكا بكات، بەتایبەتی كە دەبینن یەكێتی ئەوروپا رۆژ بە رۆژ لەگەورەبووندایە و ئێستا ژمارەی ئەندامەكانی گەیشتۆتە (27) دەوڵەت، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشوی ئەمریكا بە یەكێتی ئەوروپای دەوت دەزگایەكی گەندەڵ.
هەموو ئەم هۆیانە بوونە هۆی ئەوەی كەخەڵكی هۆشیاری بەریتانیا لەم هەڵبژاردنەدا تۆڵە لە پارتی پارێزگاران بكەنەوە و تووشی دۆڕان و شكستێكی ئابڕوبەرانەی بکەن.
سیاسەتی پارتی کرێکاران
پارتی كرێكارانی براوە بەسەرۆكایەتی (كییە سارمەر)یش، هەر لە ئێستاوە پڕۆژەی ناردنی پەنابەرانی بۆ رواندا هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند کە جێبەجێی ناكات، بڕیاریشی داوە چاو بەباج و رسوماتدا بخشێنێتەوە و كەمی بكاتەوە، هەلی كار زیاتر بكات و ئازادییەكان بێ سانسۆر و قەیدو شەرت بێت، رەنگە لەداهاتوشدا كار بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی تر بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ ئەوروپای نیشتیمانی هەموو ئەوروپییەكان.
كيير ستارمەری سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا لەگەڵ شا چارلزي سێهەم