لەسەرەتای نەوەدەکانەوە بەهۆی خراپی باری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و دواتر شەڕی ناوخۆ و دەیان ئاستەنگی تری بەردەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هاوڵاتییەکی زۆری هەرێمی کوردستان روویان لە دەرەوە کردووە و لە وڵاتانی ئەوروپا گیرساونەتەوە، کۆچبەرانی کورد لە قۆناغی رابردوودا زۆرینەیان خەڵکی داماو و لێقەوماو و بێدەرەتان و بێلانە بوون و لەبەر وەزعی هەرێمی کوردستان ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون، کاتێک حکومەتەکانی ئەوروپا داڵدەی دەدان و لەسەر سیستەمی یارمەتی کۆمەڵایەتی «سۆسیال» تۆماری دەکردن و وەری دەگرتن، هەموو پێداویستییەکی ژیان و گوزەرانی بۆ دابین دەکردن، لە شوێنی نیشتەجێبوون، بژێوی ژیان، ئاو و کارەبا و گەمکەرەوە و بیمەی تەندروستی و پێداویستی منداڵە خوێندکارەکان وهتد، ئەمانە تا ئێستاش خراونەتە بەردەم ئەو کەس و خێزانە کۆچبەرانەی مافی پەنابەرێتی وەردەگرن و بەهۆکارێکی تایبەتی بێکارن و لەماڵەوە دانیشتوون، رەوەندی کوردی لە ئەوروپا ناویان لەو سیستەمە لە فەرمانگەی سۆسیال ناوە « ماڵی مامە» بەو مانایەی هەموو خزمەتێک بەخۆڕایی و بۆ هەموو کەسێکی دەستکورت پێشکەش دەکرێت، بە واتایەکی دی وەک ماڵێک بۆ یارمەتی کەسانی لێقەوماو ناو دەبرێت.
ئەو نازناوەی لێنراوە
ئەو نازناوە لەخۆڕا نەگوتراوە بەڵکو لە ئەنجامی پرۆسەیەکی مێژوویی و پراکتیکی لە سیستەمی « ماڵی رەوانشاد مام جەلال» ەوە هاتووە کە رەوەندی کوردی بەهەموو ئایدیا و بیرو بۆچوونەکانیانەوە کۆکن لەسەر ئەوەی بەدرێژایی تەمەنی مام جەلال ماڵەکەی چ رۆڵێکی مەزنی گێڕاوە بۆ وەک یەکی، هاوکاری و یارمەتی، یەکگرتوویی، سۆز و بەزەیی بۆ هاووڵاتیان، ئەوان درکیان بەوەکردووە ئەو ماڵە گەورەیە لە رووی داراییەوە بۆتە فاکتەری دەستگرتن و هاوکاری و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماو و وبێدەرەتان و بێ کەس و بێلانە، هەمیشە ئەوانەی لەژیانیان گرفتار و تووشی بارێکی سەختی دارایی بوونەتەوە و لەدەرگای ماڵی مامیان داوە بێ ئومێد نەبوون و دوای ئەوەی چوونەتە سەر خوان و سفرەی ئەو ماڵە سەرلەنوێ دەستیان بەژیان کردۆتەوە و ژیاونەتەوە.
سەرکردایەتی سیاسی کورد ئەو راستییە دەزانن ئەو ماڵە هەر لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بەرامبەر بە نەیارانی کورد و تەبایی لایەنەکان چ رۆڵیکی مەزنی گێڕاوە
رۆڵێکی مەزنی گێڕاوە
رەوەندی کوردی دەرەوە لەخۆڕاو بێ هۆکار ئەو ناوەی نەبەخشیوەتە فەرمانگەی سۆسیال، ئەوان باش تێگەیشتون لە رووی سیاسییەوە هەمیشە رەوانشاد مام جەلال لەسەر ئاستی ناوخۆ و عیراقیشدا چهتری كۆكهرهوهی ههموو لایەنەکان بووە، له پێناو یهكڕیزی و چارهسهركردنی كێشهكاندا قوربانی بە زۆر دەستکەوتی یەکێتی داوە، سەرکردایەتی سیاسی کورد ئەو راستییە دەزانن ئەو ماڵە هەر لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بەرامبەر بە نەیارانی کورد و تەبایی لایەنەکان چ رۆڵیکی مەزنی گێڕاوە، هەموو لایەنە عیراقیەکانیش بۆیان سەلماوە خولی سەرۆکایەتی مام جەلال و ئەجێندای کارەکانی هەمیشە بۆ لێک نزیکردنەوەی لایەنەکان بووە بە سونە و شیعە و کورد و هەموو پارت و قەوارەکانی تری ناو گۆرەپانی سیاسی، ئەوی رۆژێ دیوەخانەکەی مام جێی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و هۆکاری ئاشتی و تەبایی بووە، خۆشەویستی کوردانی دەرەوە بۆ ماڵی مام بۆتە نازناوێک کە مانا جوانەکانی ژیانی تێدابێت.
دوو دەیەیە
ئێستا ئەمە دوو دەیەیەو تا چەند عەیامێکی تریش رەوەندی کوردی هەر بە فەرمانگەی سۆسیال دەڵێن ماڵی مامە، ئەو ماڵەی هەموو پێداویستیان بۆ دابین دەکات، ماڵێک پڕیەتی لە سۆزو بەزەیی و دەستی یارمەتی و تیکۆشان و داڵدەدانی خەڵکی لێقەوماو، ئەو راستیە حاشاهەڵنەگرە لە فەرهەنگی سیاسی کوردستان و عیراقیش دانی پێدانراوە و هەموو لایەک بە مەزنیی ئەو ماڵە دەزانن، ئێستاش مادام کلیلی ئەو ماڵە گەورەیە رادەستی دەستێکی ئەمین کراوە ئەو ناوە هەر پڕشکۆ و بەزیندوویی دەمێنێتەوە، بەڵگەی ئەوەش سیاسەتی سەرۆک «بافڵ تاڵەبانی» یە لەئاشتەوایی ماڵی کوردی و یەکدەستیی لایەنەکان بەرامبەر بە بەغدا و هەمان کاتیش نزیککردنەوەی لایەنە سیاسیەکانی ناو کایەی سیاسی عێراقی و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسی و چەقبەستوییە کە هەرێم و ناوەند تێی کەوتووە، هەڤاڵ بافڵ بەو کارانەی رۆحی مام جەلال و شەهیدانی یەکێتی زیندوو دەکاتەوە و هەر ئەوەشی لێ ئەوەشێتەوە.
بافڵ لەوێ گەورەبووە و سەر مەجلیسی دیوەخانی ئەو ماڵەی گرتووە، ماڵ و حزبەکەی باوکی وەک بیلبیلەی چاوی دەپارێزێت، ماڵی مامەش ناوێکە پڕ بەپێستی خۆی، ناوێکی شایستە و جوان و پڕشکۆ، ناوێکی پڕ خێر و بەرەکەت، ئەو ناوە تا ئەبەد لە ویژدانی خەڵکی کوردستان وعیراق و رەوەندی کوردی لە ئەوروپا و رۆژئاوا دەمێنێتەوە.