(ئازادیی بۆ من چییە؟) لە رووی سیاسییەوە ئەم پرسیارە هەموو ژیانی منی سەرقاڵ کردووە، چونکە ئازادیی پێویستی بە هەلومەرجی دیموکراسییە. بەبێ دیموکراسی، نە ئازادیی، نە سەروەریی یاسا، نە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دێتەدی، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە ئەوەیە، کە بزانم سنووری ئازادییەکانم، لە کوێیە و تا کوێ بڕ دەکات. ئازادیی بۆ من واتە، نەوەستان لە فێربوون، هەنگاونان بۆ پێشەوە لەپێناو ئەوەی نەوەستیت، ئەگەر واز لە سیاسەتیش بێنیت، نابێت لە شوێنی خۆت بچەقیت.
کتێبی ساڵ لە ئەڵمانیا
ئەو پەرەگرافەی سەرەوە وتەیەکی کورتی (ئەنجێلا مێرکل)ی راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیایە کە لە پێشەکی کتێبەکەیدا بەناوی (ئازادیی) لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاویکردەوە. لە یەکەم مانگی دەرچوونیدا 600 هەزار دانەی لێفراشراوە و ئێستا گەیشتۆتە ملیۆنێک، کتێبەکە 736 لاپەڕەیە باسی ئەزموون و یادەوەرییەکانی خۆی دەکات لە سیاسەت و دەسەڵات، هەروەها باسی منداڵی و گەنجێتی و خوێندنی خۆی لە ساڵانی 1954 تا 2021 دەکات. بەهۆی گرنگی ناوەڕۆک و پڕفرۆشی و بایەخی ئەو کەسایەتییە سیاسییە جیهانییە، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە نازناوی (کتێبی ساڵ) یان پێ بەخشیوە.
ئەنجێلا مێرکل بۆ ماوەی 16 ساڵ بەرپرسیارێتی حکومەتی ئەڵمانیای لە ئەستۆ گرت، لە سەردەمی ئەودا، وڵاتەکەی بە چەندین قەیراندا تێپەڕی و بە کردار و هەڵوێستەکانی، سیاسەت و کۆمەڵگەی ئەڵمانیای گونجاند.
راوێژکاری سێبەر
مێرکل لە کتێبەکەیدا باسی کاراکتەرێکی نهێنی دەکات کە پێشتر کەس نەیناسیووە، ئەویش ژنە سکرتێرەکەیەتی و ناوی (بیت باومان)ە، ئەو ژنە لە ساڵی 1992ەوە لە لای مێرکل کاریکردووە و تائێستاش لەگەڵیدایە. نزیکترین و بەدەسەڵاترین کەسایەتی بووە، دەستڕاگەیشتن بە راوێژکار تەنیا لە رێگەی ئەو ژنەوە بووە، ئەو خاتوونە نۆ ساڵ لە خۆی بچووکترە، بەردی بناغەی مێرکلە و هەندێکجاریش کەمێک لە (راوێژکاری سێبەر) چووە. بۆ هەر دیدار و چاوپێکەوتنێک، مێرکل بانگی کردووە و ئەجێندای خۆی بۆ باسکردووە، بەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان لێدوانەکانی خۆی لە بەردەمیدا وتووە. لە شوێنێکدا نووسیویەتی: کاتێک قسەکانم بۆ بیت باومان کرد و تەواو بووم، پێی وتم، دەتوانیت لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا هەمان ئەو قسانە بڵێیتەوە کە ئێستا کردت.
ئەو ژنە راستەوخۆ لەبەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتووەو بە هەموو توانایەوە زیاتر لە 30 ساڵی ژیانی خۆی، خستۆتە خزمەتی (مێرکل)ەوە.
ترەمپ و پوتین و مێرکل
لە بەشێکی ئەو کتێبەدا، مێرکل باس لە هەڵوێست و کەسایەتی خۆی دەکات لە بەرامبەر دوو لە بەدەسەڵاترین پیاوی دونیا کە ئەوانیش: (فلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ)ە. باس لە ئێرەیی پوتین دەکات کاتێک لە سەردانێکیدا بۆ روسیا لە 2017 لە دانیشتنێکیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، پێشتر زانیاری ئەوەیان هەبووە کە مێرکل لە سەگ دەترسێت، بۆیە سەگێکی گەورەی رەشی گورگ ئاسای بۆ دەبەنە پێشەوە، تا لەکاتی قسەکردنیدا لێی تێکبچێ و بشڵەژێت، بەڵام هەرچەندە مێرکل لەناخەوە ناڕەحەت دەبێت، بەڵام زۆر بەڕێکوپێکی قسەکانی دەکات.
هەروەها لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کاتێک لەسەر کێشەکانی ناتۆ و هەڵوێستەکانی ئەڵمانیا دژ بە سیاسەتی ئەمریکا دەوەستێتەوە. لە بۆنەیەکدا لە ساڵی2015، ترەمپ دەبینێت و دەستی بۆ درێژ دەکات تا تەوقەی لەگەڵدا بکات، بەڵام ترەمپ بە مەبەست دەستی بۆ درێژ ناکات گوایە ئاگای لێ نییە، مێرکل بەڕەوشتێکی بەرزەوە مامەڵە دەکات و وانیشان دەدات کە هیچ نەبووە.
مێرکل و راوێژکاری ئێستا
زۆر لەمێژە ناکۆکی قووڵ لە نێوان مێرکل و راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا( فریدریش میرتس) هەیە، مێرکل کاتێک سەرۆکی پارتەکە بوو، میرتسی لە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان لابرد، ئەو پیاوە ملیۆنێرە، لە زۆربەی هەڵوێستەکانیدا دژی مێرکل بوو، لە مەسەلەی کۆچ و پەنابەراندا لە ساڵی 2015 دا، کاتێک مێرکل سنوورەکانی بۆ کۆچبەرانی لێقەوماو واڵاکرد، مێترس هەڵمەتێکی بێ ئەندازەی کردەسەر و زۆر پڕۆژەی لێ تێکدا.
لە کتێبەکەدا دەیان چیرۆک و حیکایەتی سیاسیی هەیە، کە ئەوانەی لەناو سیاسەتدا کار دەکەن، هەقە لە بەهێزترین ژنی دنیاوە فێربن، کە وەک گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی، بۆ ماوەی 10 ساڵ لەسەر یەک ئەو نازناوەی پێداوە.